ئازا پرێس
سەرەڕای دانانی بەشێوەیەکی یاسایی، بەڵام دانانی دانا ئەحمەد مەجید بە وەكالەت، دوو باڵەكەی گۆڕانی دا بە یەكدا.
هێز جوڵێندراوە بۆ دروست نەبوونی پەشێوی
بەگوێرەی زانیاریەکان دوێنێ شەممە ژمارەیەك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان(نزیك لە چیا نەوشیروان مستەفا ) كۆبونەوە و دژایەتی خۆیان بۆ دانانی ڕێكخەر بە وەكالەت ڕاگەیاند.
ئەو ئەندامانەی سەر بەچیا دەڵێن, بڕیارەکەی عومەری سەید عەلی بۆ دانانی دانا ئەحمەد مەجید، بەرێکخەری گشتی. نا دەستوری و نایاساییە و دەبێت هەڵبژاردن بكرێت و ڕێكخەر و خانە هەڵبژێردرێن.
هەروەها دەڵێن، لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، لەدوای دیاریکردنی خانە و رێکخەر بڕیاری لەسەر دەدرێت.
لەلای خۆیانەوە باڵەكەی عومەر سەید عەلی دان بە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕاندا نانێن و دەڵێن، نیسابی یاسایی تەواو نەبوە و ئەوانەی كۆبونەتەوە چەند ئەندامێكی جڤات بوون كە لە چیا نەوشیروان مستەفا نزیكن، جگە لەوەش دانانی دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێكخەر بە وەكالەت بە یاسایی دەزانن.
هەفتەی پێشوو عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیاریدا دانا ئەحمەد مەجید بەوەکالەت وەکو رێکخەری گشتی کاروبارەکان بەڕێوەببات.
عومەری سەید عەلی لەلای لایەنگری گوتبوی، هەتا من هەبم ناهێڵم گۆڕان ببێتە حیزبی بنەماڵە.
لەگەڵ ئەوەی کات لەبەردەستی گۆڕان نەماوە بۆ سازدانی کۆنگرەو کۆنفرانس بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی، بۆیە دیارنییە ئاڵۆزیەکانی ناو گۆڕان بەکوێ دەگات.
لەئێستا هێزێکی ئاسایشی سلێمانی چوونەتە گردەکە بۆ ئەوەی پەشێوی و لێکدان لەنێوان باڵەکانی گۆڕان دروست نەبێ.