عادل عوسمان
هەر کۆمەڵگەیەک ژمارەی گەنجی زۆرتر بێت، پێی دەڵێن، کۆمەڵگەیەکی گەنجە. بۆچی وای پێدەڵێن؟ لەبەر ئەوەی گەنج توانای هەیە و هێزێکی شاراوەشی تێدا پەنهانە چ لە بواری جەستەیی یان مەعنەوی بێت. بۆیە کۆمەڵگەکان بە زیندویی دەهێڵنەوە. بەڵام ئەفسونێکیش لە کۆمەڵگەدا هەیە، کە کەڵەکەی ئەزمونی ژیانیش لای بەتەمەنەکانە. من ناڵێم پیرەکان بە تێگەیشتنی ئەم سەردەمە! بەڵکو بەتێگەیشتنی کۆن، کە پیر واتای کۆبونەوەی ئەزمونی ژیانی بەدەستهاتوی ڕابردو، ئێستا و داهاتووە. بەداخەوە لە کۆمەڵگە پیاو و باوکسالاریەکاندا پیر بوەتە بەڵای سەری کۆمەڵگە و لەلای ئێمەش بونەتە نەک پیر بەڵکو بەساڵاچوویەکی ئاخر شەڕ. ئەم بەساڵاچووانە بەهۆی قۆرخکردنی بوارەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبەریەوە خۆیان کردوەتە باڵادەست و بڕیار دەر! تەنانەت لە گفتوگۆکانیشدا ناهێڵن سنورە سور و دیاریکراوەکانی ئەوان ببەزێنرێت، هەمدیسان بەداخەوە گەنجانیش ناوێرن دەست بۆ بڕین و تێپەڕاندنی ئەو سنورانە ببەن، ئەگەر دەستیشیان بۆ بردبێت ئەوا خراپ بەسەریاندا شکێنراوەیەوە. هەربۆیە کۆمەڵگەکەمان تووشی پەتایی شوێنکەوتویی و نسکۆ و کەوتوویی بووە.
ئەو پێشەکیەم بۆ ئەوە وت؛ چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک فیگەری گرگن و خۆ حاشارداو لەژێر ناوی بیرکەرەوە و کۆڕگێڕ ناوەرۆکی خۆیان دەرخستوە و گەیشتونەتەوە شوێنە شیاوەکەی خۆیان (نەرێنی بێت یان ئەرێنی) و بەیانی ناسنامەی حەقیقی خۆیان کردوە، وەک میزەڵانەکە فشبووەتەوە، بەڵام کۆمەڵێک گەنج دەنوسن، بیهیوابووین! نا گەنجان بۆچی دەبێت بیهیوابن؟ ئەوە توانای کۆمەڵگەیە کە ڕێگەی نەدا پیرسالاران و گرنگەکان تاسەر بیانخەڵەتێنن و بەلاڕێیاندا بەرن، هەربۆیە ئەوانیش ناوەرۆکی بۆگەنیان بردەوە بۆ سەرەلوێنکە بۆگەنەکان و چونەوە خانەکانی خۆیان.
دەبێت لێرەوە ئەوە فێربین کۆمەڵگەیەکی چاوەڕوان و خۆدەرە دەستی قەدەری پاوانخوازان نەبیین و نیین. گرگنی ئەوەیە کە خۆت نەبیت، مەترسی ئەوەیە کە خۆت و مێژوویی گەل و نەتەوە و جوگرافیاکەت نەناسیت و شوێن هەڵڵا و هات و هاوار بکەویت و بەشەهادە و زانکۆ فەرمیەکان سەرسام بیت!
لەم سەردەمەدا ئێمە نەوەیەکمان لەدایکبووە شوێن هەڵڵای هەڵڵاچیەکان دەکەوێت، شوێن توندوتیژی، یەکترسڕینەوە و شەڕە ناوخۆییەکان کەوتوە. سەیری شەڕەکانی پەدەکە، یەنەکە بکە، سەیری تۆپخانەکەی گۆڕان بکە، سەیری هێرشە خراپکاریەکانی ئیسلامی سیاسی بکە، هەموو کۆمەڵگە تەکفیر دەکەن و لەناوخۆشییاندا یەک یەک تەکفیر دەکات!
ئاخر گەنجێکی تازە سەردەرهاتوو چۆن تووشی سەرەگێژە نابێت و بێهیوا نابێت. هەربۆیە با گەنجان ڕەخنەیەک لە خۆیان بکەن گوێ بە هەڵڵا مەدەن و شوێن هەڵڵاچیەکان مەکەون. هەرکامیان ووتی؛ ئەویتر خراپە و دەبێت بسڕدرێتەوە بڕوای پێمەکە، ئەوەی بەخۆی وت زانام و شەهادەم هەیە و ئەویتری خۆرئاوایی گەورەیە و ئێمە بچوکین بڕوای پێمەکە. ئێستە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژوو دروست بووە و دەڵێت: زاگرۆس لانکەی ژیار و یەکەمین کۆمەڵگەبوونە، دایک و خۆراکپێدەری شارستانیەتە. لە هاتنە خوارەوەیدا بۆ میزۆپۆتامیا بە هێزەوە کۆمەڵگەی بەڕێوەبردوە. بەڵام لەم پێدەشتە قوڕولیتەیەدا خیانەتی لێکراو لە قوڕولیتەی میزۆپۆتامیادا چەقێنراو شارستانیەتێکی چینایەتی جێگەی گرتەوە.
لە ئێستەدا لەم تێگەیشتنە دەترسن و هەزارەها گرگن و هەڵڵاچییان لەدژی دروستکردوە. ئەگەر ئەو تێگەیشتنە نوێیە نەبێت، لەوانەیە ئەو هەڵڵاچیانە بمرن لەبرسانا، چونکە سیستەمەکە کۆیلەی خزمەتکاری دەوێت. بۆیە خزمەتەکانی ئەوان؛ ئاوا بیهیواکردنی ئێوەیە. هەربۆیە گەڕانەوەیەک بۆ مێژووی خۆت و ناسینی خۆت لە گرێی ئەو گرگن و هەڵڵاچییانەت ڕزگار دەکات و بۆخۆشت وەک تواناکانی کۆمەڵگەیەکی گەنج و ئەزموونی پیرانی خزمەتکار دەبیتە هێزی دەرهاتووی شاراوەی کۆمەڵگە و بەهیواوە ئاواتەکان و ژیانێکی دادپەروەرانە دەژیەنیت! یەکیەتی گەنج و پیر کۆمەڵگەیەکی ئاشتەوا و پڕ هیوا دروست دەکات و دەژیەنێت.
ئەوەی گرنگە واتادانە بە؛ چۆن ژیانێک دەژیەنین!
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی