شیکاری ئازا پرێس
بەشی یەکەم
بەگوێرەی قسەی سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەگوێرەی وتەبێژی یەکێتیش، پێویستە ٢٥-٩-٢٠٢٤ دەست بە بانگەشەی لیست و کاندیدەکان بکرێ، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە ٩ رۆژ لە مافی لیست و کاندیدەکانیش دەخورێت، بەڵام هێشتا ٢٤ رۆژیان دەمێنێ تاکو ٢٠-١٠، بەو واتایەیی ئەگەر ٢٤ کاتژمێر بەر لە دەستپێکردنی هەڵبژاردن پڕوپاگەندە راوەستێنرێ.
ئەوەی لەئێستاوە گرنگە، لیستەکان هەریەک دروشمێکی بۆ خۆی دیاری کردووە. ئەمەش لەگەڵ ئەوەی مافێکە بۆ هەموو لیست و کاندیدێک، هەمانکات دەکاتە ناوەڕۆکی خەبات و تەکۆشانی پەرلەمانی ئەو لیستە یان ئەو کاندیدە. لەهەرێمی کوردستان واتا لە هەر چوار پارێزگاکەی، کۆمەڵگە ئەو پارت و لایەنانەی ٣٢ ساڵی رابردوو کە بەشداری یەکەم هەڵبژاردن بوون لە ١٩-٥-١٩٩٢ باش دەیانناسێ، ئەوانەی نوێش دەرکەوتوون، ئەوانیش دەناسرێن، چونکە لە هەناوی کۆنەکە دەرکەوتوون و ئاست و هێزی متمانەیان دەزانرێ.
بەر لەوەی باسی یەکە بەیەکەی دروشمی قەوارە سیاسیەکان بکەین، دەمەوێ سەرنجتان بۆسەر خاڵێک رابکێشم، ئەویش لە دروشمی هیچ قەوارەیەک دژایەتی داگیرکەری و گەڕانەوەی هەرێمە جێناکۆکەکان نییە بە کەرکوکیشەوە. ئەوانەی تر زیاتر لە پرسی ئیداری ناوخۆی هەرێم دەچن!!
بەگوێرەی ریزبەندی قەوارەکان، سەرەتا لەسەر لایەنەکانی دەسەڵات قسە دەکەین:
١-پارتی دەڵێت: خۆڕاگری و ئاوەدانی؛
ئەمە پرسێکی گشتیە، پارتی لە چی خۆی راگرتووەو چ ئاوەدانییەکی کردووە؟ تەنها ئەو شەش ساڵەی رابردوو، بکەینە پێوان، پەرلەمان لەکارخرا، رێگە کراوەتەوە بۆ داگیرکەر و سەدا ٢٥ی هەرێمی بادینان رادەستی داگیرکەری تورکیا کراوە، لەم شەش ساڵە بەهاوبەشی لە گەڵ دەزگای میتی تورکیا پێکەوە هێرشی شەنگال و مەخمور و سلێمانی و گەرمیان و شارباژێڕ و قەندیلتان کردووە. لە کەرکوک و موسڵیش دەرکراون، واتا لە کوێ خۆڕاگربوون!! بۆ ئاوەدانیش، جیاوازیتان خستۆتە نێوان هەرێمەکان، تائێستاش دەیان مووچەی خەڵک قەرزارن، دەریشکەوت دەبێ ملیارێک و ١٧٠ هەزاری کۆڕەکیش دۆڕاندویەتی دەبێ ئێوە بیدەنەوە. زیاتر لە سەد رۆژنامەنووس و چالاکوانتان دەسگیرکردووە، بە زانیاری و پێداگری ئێوە سەرجەم کادیر و ئەندامانی تەڤگەری ئازادیتان راپێچی زیندان کرد و دواتریش سێ پارتی کوردستانیتان بەهاوبەشی لەگەڵ عێراق و بەڕێنمای تورکیا داخست.
ئەوکات لە شەش ساڵی رابردوودا بەوشێوەیە جموجۆڵتان کرد!! ئەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو چۆن خۆڕاگر دەبن؟ بڕیارتان نییە دژی داگیرکەرانبن بەهیچ شێوەیەک، بەتایبەتیش داگیرکەری تورکیا، چونکە بەهاوبەش و هاوپەیمان و دراوسێی باشی خۆتان بەناوی دەکەن. لەگەڵ ئێرانیش رێککەوتنی نوێتان واژۆ کردووە، نەک تەنها رووبەڕووی نابنەوە، بەڵکو پارتە کەمپ نشینەکانیش کەس نازانێ چارەنووسیان چی بەسەردێ.
ناتوانن رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە، چونکە رەگەکەی لای سەرۆکی حکومەتی ماوە بەسەرچووە، ئەگەر ئەو بۆ منداڵە هەرزەکارەکەی تیڤی بە ملیۆنانی داناوە، ئەسپی بەسەد هەزارانیشی بۆ دەکڕێ و لە زانکۆی شاهانەی سەربازی خوێندنی پێ تەواو دەکا، ئەمە نمونەی ناو ماڵی خانەدانە، ئەوەیتر دەکرێ لە پەرلەمانی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر بکەن، دڵنیام ناهێڵن کەس لەسەر گەندەڵی بنەماڵەی سەرۆک قسە بکات، چونکە بەتێکدەر و مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەیخەنە کونجی زیندان. باشترین دروشم و کردار کە لەچوار ساڵی داهاتوو بتانکردبوایە ئەویش، کۆتای هێنان بە داگیرکەری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ناوخۆی خۆتان بوو. وەکوتر کەس بە دروشمەکانیتر باوەڕ ناکات.
٢-یەکێتی دەڵێت:کۆتایی پێدەهێنین؛
یەکێتی ٣٢ ساڵە لەو حکومەت و پەرلەمانە بەشدار و هاوبەشە، واتا لە پرسە سیاسی و ئیداریەکان وەک یەک هاوبەشن. چونکە بەدرێژای ئەم ٣٢ ساڵە لە هەرێمی سەوز بڕیاردەری کۆتایی خۆیەتی. ئەگەر هەندێک جیاوازی هەبێ لە شێوازی سیاسی و بەڕێوەبردندا، بەڵام نەتوانراوە لایەنەکانیتری لەگەڵ یەکسان بکرێت، تاکو جیاوازیەکی فرەوان دەرکەوێ، خراپترین دۆخی یەکێتی ئەوەیە کاتێک خۆی بە پارتی دەپێوێ. بۆیە دەبێ پرسیار بکەین کۆتایی بەچی دەهێنێ و چۆن کۆتای پێ دەهێنێ؟؟
خاڵی سەرەکی کە یەکێتی وەک پارتی نەبوو، سەرەڕای هەموو فشارەکانی تورکیا و پارتیش نەچووە ژێر رەوایەتیدان بە داگیرکەری و هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان. لەکەرکوک و موسڵ نەکەوتە هەمان داوی پارتی، هەروەها نەبووە بەشێک لەو هێرش و پەلامارانەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بەتایبەت بۆسەر زیندانیانی بادینان. لەناو خۆشیدا لەگەڵ ئەوەی کۆتایی بە فرە کوێخایی هێناوە، بەڵام تاکڕەوی سەرۆکێکیش کە لایەنی هزری و ئایدیۆلۆژی قوڵ نەبێ، ئەوەشیان مەترسیەکی زۆری هەیە بۆ دوارۆژ، بەتایبەت پێداگری لەسەر بنەماڵەگەریەتی کە لەکۆتایدا دەبێتە نمونە خراپەکەی بنەماڵەی بارزانی. ئەگەر ئەو هەڵوێستانەی لەچوار ساڵی رابردوو لەبەرانبەر پارتی وەریگرتن لەسەریان بەردەوامبێ، هەمانکات پێداگری بکات تاکو سەرجەم لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش لەخۆی کۆبکاتەوە، ئەوکات دەتوانێ، کۆتایی بەگەندەڵی و داگیرکەری و زوڵمەکانی پارتی لەسەر کۆمەڵگەدا بەهێنێ، چونکە پارتی و تورکیا بڕیاریان داوە یان تەسلیمگرتن یان کۆتای پێهێنانی یەکێتییان داوە.
٣-بزووتنەوەی گۆڕان: لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان هێشتا چارەنووسی دیار نییە بۆ بەشداربوون یان بەشدار نەبوونی هەڵبژاردن، هەمانکات چونکە لە شەش ساڵی رابردوو نەیانتوانی خۆیان لە پارتی دوور بخەنەوە، بۆیە لەئێستا چاوەڕێی داهاتوویان لێ ناکرێ، ئەگەر بەشداریش بن دەتوانن کورسی پەرلەمان بێنەوە یان نا؟
بەردەوامە…