نیاز حامد برایم
دوێنێ ئیسرائیل لە هێرشێکی فرۆکەکانی، حەسەن نەسروڵا وهاوڕێکانی کوشت کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ کۆبوونەوەیەکی نهێنی.
حزبوڵا پێشتر چەندین سەرکردە و فەرماندەی سیاسی وسەربازیی لێکوژراوە، لێ کوشتنی نەسروڵا کاریگەرییەکی هێجگار گەورەی دەبێت لەسەر هەژموونی ئێران لە ناوچەکە.
راستە کوشتنی یەکەم ئەمینداری گشتی حزبوڵا ، عەباس موسەوی، لە ساڵی ١٩٩٢ دیسان لەلایەن ئیسرائیلەوە بوو، لێ دوای دەستبەکاربوونی نەسروڵا، خودی حزبوڵا بەهێزتر بوو، تا وای لێهات ئیسرائیل لە باشوری لوبنان لە ٢٠٠٠ دا دەربکات.
کاریگەری غیابی نەسروڵا وەک هی پێشوویی خۆی نییە، بەڵکو هێجگار زۆرترە. ٣٢ ساڵ سەرۆکایەتی ئەو حزبەی کرد، تا وای لێهات ئەو حزبە بووە بەشێک لە سیستەمی سیاسی لوبنان و دەستی بەهێزی ئێران لە ناو لوبنان.
کوژرانی نەسروڵا هەر بەتەنیا بە زیرەکی دەستکرد نەبووە، بەڵکو بە هۆی خیانەتی ناوخۆی حزب بووە، چونکە جوڵەکانی نەسروڵا زۆر بە نهێنیی ئەنجامدەدرا و کەمترین کەس ئاگایی لێ دەبوو، کوشتنی بەو هاسانییە لە رێگای رۆکێتی زیرەک بە هەماهەنگی GPS سەر زەوی بووە یا خەبەرلێدانی جاسوسێکی ئیسرائیلی بووە کە لەناو حزبدا بووە و نزیکیش بووە لە نەسروڵا.
کوژرانی نەسروڵا وەک هەنییە ی حەماس نییە، بەڵکو دەتوانین وەک کوژرانی قاسم سلێمانی ببینین.
دوای کوژرانی قاسم سلێمانی ئیدی ئێران نەیتوانی و ناتوانێت وەک جاری جاران لە ناوچەکە تەراتێن بکات.
سەیری ئەو هەموو گرفتە بکەن کە ئێران دوای قاسم سلێمانی تووشی بووە، کە پێشتر زۆر بە هاسانی چارەسەر دەکران، قاسم سلێمانی بۆ بەرژەوەندی ئێران پەیوەندی لەگەڵ شەیتانیش دەکرد، زۆرینەی رایەدرانی ناوچەکە پەیوەندییان لەگەڵ قاسم سلێمانی هەبوو، تەنانەت پەیوەندیی لەگەڵ ئەمەریکییەکانیش هەبوو بۆ شەڕ دژی داعش و ئیدارەی عێراق.
لەگەڵ جیاوازی قاسم سلێمانی لەگەڵ نەسروڵا لەواری دیپلۆماسی، لێ نەسروڵا بۆ هەژموونی ئێران لە لوبنان و رۆژهەڵاتی ناوەراست گرنگ بوو، بە لەدەستدانی فاکتەرێکی سەرەکی دیکە لە فاکتەرەکانی ئێران بۆ دەستوەردان لە ناوچەکە لەدەستدەدا، کە تەعویز نابێتەوە.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی