ئازا پرێس
سوپای عێراق، ئەمڕۆ ٣٠-٩-٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، سوپاسالاری عێراق، شەوی رابردوو سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی ئەمنیی كردووە لەبارەی دۆخی ناوچەكە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، لە كۆبونەوەكەدا یاریدەدەری سوپاسالار بۆ كاروباری ئۆپەراسیۆنەكان و فەرماندەكانی (زەمینی و ئاسمانی و فرۆكەوانی سوپاو بەرگری ئاسمانی)و بەڕێوەبەری پلاندانان ئامادەبوون.
لە كۆبونەوەكدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەكە بە گشتی كراوە، هاوشانی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی هێزە ئەمنیەكان دەبێتەوە لە سایەی گۆڕانكارییە هەرێمییەكان.
هاوكات رۆشنایی خراوەتە سەر ئامادەیی هێزە ئەمنیەكانی عێراق بۆ زامنكردنی بەرزترین ئاستی ئاسایش و ئامادەكاری بۆ هەر پێشهاتێك، لە چوارچێوەی پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات.