کەمال چۆمانی
چیڕۆکێکی بەناووبانگ هەیە لەنێوان ئەفسەرێکی ئەڵمانی و پیکاسۆ لە ستۆدیۆکەی پیکاسۆ لە پاریس دوای داگیرکردنی فەڕەنسا لەلایەن نازییەکانەوە لە جەنگی جیهانی دوەم. ئەفسەرە ئەڵمانییەکە لە ستۆدیۆکەی پیکاسۆ نیگارەکەی گوێرنیکا دەبینێت کە یەکێکە لە بەناووبانگترین نیگارەکانی پیکاسۆ و یەکێک لە هەرە ناسراوترین کارە هونەرییەکانی دونیا دژ بە شەڕ.
نیگارەکە ئەو وێرانکاریی و فەوزایە نیشاندەدات کە بۆمبابارانکردنی گوێرنیکای ئیسپانیا لە ١٩٣٧ لەلایەن نازییەکان و فاشیستەکانی ئیتاڵیا نیشاندەدات کە لەسەر داوای ناسیۆنالیستەکانی ئیسپانیا ئەنجامدرا، واتا فڕانکۆ. بۆمبارانەکە سەروی هەزار کەسی بێتاوانی کوشت کە دیارە زۆربەیان منداڵ و ژن بونە.
ئەفسەرە ئەڵمانییەکە توشی شۆک دەبێ و لە پیکاسۆ دەپرسێ: <<ئەوە تۆ ئەمەت [دروست] کردوە؟>>
پیکاسۆ بەهێمنی وەڵامدەداتەوە و دەڵێ: <<نا، تۆ کردت!>>
پیکاسۆ مەبەستی ئەوەیە کە ئەو وێرانکاری و فەوزایەی کە لە نیگارەکەدا دەردەکەوێ و چیڕۆکی کوشتن و وێرانکاری و فەوزای شەڕە، ئەنجامی کارەکانی نازییەکانە!
مەسعود بارزانی توشی شۆک بوە ئەو فەوزایە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دروستبوە بێئاگا لەوەی ئەوە هەموی دەرئەنجامی سیاسەتەکانی بەڕێزیان و ئەو نوخبەیە سیاسییەیە کە لەگەڵ ویدا لە ٣٣ ساڵی رابردو حاکمی بەڕ و بەحری کوردستان بونە.
هەر روداوێک رودەدا، شتێک نییە لە خۆوە دروستبوبێ. پێشینەی هەیە، مێژویەکی لەپشتە، بێ گەڕانەوە بۆ رەگی کێشەکان و هۆکارەکانی پشتی هەر روداوێک، زۆر کورت دەهێنین لە تێگەییشتن لێیان.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی