جوتیار ئاسۆس
ڕوخاندنی ماڵی خەڵک لە مێژوودا یەکێکە لە کۆنترین جۆرەکانی زوڵم و ستەم. لەوساتەی کۆمەڵگای نیشتەجێوون بوونی هەیە، جەنگ و ململانێش لەنێوان کۆمەڵگاکاندا دروست بووە و ڕوخانی ماڵ و نشینگەش وەک سزادانی بەرخۆدان ئەنجامدراوە کە تا ئەمرۆش بەردەوامی هەیە. نەک هەرلای ئێمەومانان بەڵکە تەنانەت لە وڵاتانی بەناو پێشکەوتووی جیهانیش تا ئەمڕۆ ڕوودەدات کە جاروبار خانووی هاوڵاتیان دەڕوخێنرێن و زوڵم و ستەم وەک یاسا ناودەبرێت.
بۆ مرۆڤی کورد ڕوخاندنی ماڵ و گوند لە مێژووی کۆن و هاوچەرخیش بووە بەشێکی دانەبڕاو لە بیرەوەریەکان و هەمیشە سیمای داگیرکاری لەوڕێیەوە بە قێزەونترین فۆرمی خۆی خۆی نواندووە. لەباشوری کوردستانیش کە بە هەزاران گوند لە هەموو سەردەمە جیاوازەکان بەسەر هاوڵاتیاندا ڕوخێنراون و لەسەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و سەردەمی سەدام حوسەین ئەو تاوانە گەیشتە کەشکەلانی فەلەک و ڕوخاندنی دەیان هەزار ماڵی هاوڵاتیان و خاپورکردنی هەزاران گوندی لێکەوتەوە، کە سەرجەمیان بەناوی “لەیاسادەرچوو” ناوزەد دەکران. هەمان ئەو یاسایەش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینە سەرەخۆرەکەی مەسرور مەسعود بارزانی بەچڕی پیادەی دەکات.
لەڕاستیدا سیستمی حوکمڕانی هەموو دەوڵەت و کیانێک دەتوانێت زۆرترین سود لە پرۆسەی نشینگەی نایاسایی وەربگرێت، بەجۆرێک کە لەلایەک دەتوانێت ئاوەدانی بباتە ناوچەیەک و بەوەش بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرفراوان بکات، لەلاکەی تر بەجێنشینبوونی ئەو خانەوادانەش دەتوانێت لەڕێگەی وابەستەکردنیان بە یاسای دانەوەی قەرزی کڕینی ئەو زەویانە و گەیاندنی خزمەتگوزاری ڕێگاوبان و ئاووئاوەڕۆ وزە و هتد. هەلی کار دروست بکات و ئاوەدانی پێشبخات. بێگومان ئەگەر دەزگا دەوڵەتیەکان مڵکی گەل بێت و سیستمی حوکمڕانی میراتێکی بەرەبابی خانەوادەیەک نەبێت! بەڵام ئەوەی کە لەسەردەمی دواهەمین کابینەی حکومەتی هەرێم ڕوودەدات نەک هەر لەناو چەکمەجەی هیچ یاسایەکدا جێی نابێتەوە ، بەڵکو هەڵمەتی دەربەدەرکردنی خەڵکانێکی دەربەدەرکراوە و بە مەبەستی داگیرکردنی ئەو زەویانەی نزیک شاری هەولێرە بۆ پرۆژەکانی کەرتی تایبەتە کە لەبازنەی نزیکی خێزانی خۆیان دەرناچێت. بەڵتەجیەت و زۆرداری دەستەودایەری مەسرور بارزانی بۆ بەرفراوانکردنی ناوچەی بازرگانی و توریستی- ڤی-ئای-پی شەوانی سور و هاوشێوەی گوندی لوبنانی بۆ بازاڕی کۆنسێرت و بزسنی مافیایی لەپشتی تەواوی زوڵم و ستەم و هەڵکوتانە سەربازیەکانی ناحیەی ڕزگاری و خەبات و گەڕەک و ناوچەی چینە هەرە هەژارەکانی کۆمەڵگان و تائێستا چەندین قوربانی لێکەوتۆتەوە.
ڕوخاندنی ماڵی هاوڵاتیان ئەگەر لەبن هەر پاساو و بە هەر هۆکارێک بێت، بەجۆرێک قێزەونە کە ئەگەر مرۆڤ لەوە دڵنیاش بیت کە ئەو ماڵانە بە نایاسایی دروستبوون، ئێشتا بەزمانیدا نایەت کە ئەرێی بکات. لە هەموو کابینەکانی حکومەتی هەرێم و لە هەموو شارەوانیەکانیشدا ئەو بێڕەوشتیە دەرهەق بە چینە هەرە هەژارەکەی کۆمەڵگاش کراوە و چەند پیاوێکی فشەکەر لەبەرگی قایممەقام و پارێزگار و لەگەڵ پۆلیس و بەسواری شۆفڵ و بلدۆزەر هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکان، زۆرجار تەنیا بۆ پیشاندانی هەیمەنەی دەسەڵات و دروستکردنی دڵەڕاوکێ شۆفڵەکان دەبەنە بەردەرگاکانیان و چەندین کاتژمێر ڕایدەگرن، بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی ئاخۆ لەوماڵەدا بەساڵاچوویەک هەیە کە پێنج فەرزە لەسەرنوێژ شوکرانەی ئاسمان دەکات کە چواردیوارێکی هەیە، یاخود منداڵێک لە حەوشی ماڵەکە خەریکی نوسینەوەی ئەرکی قوتابخانەکەیەتی یان هەر چیرۆکێکی تری ژیانی هەر تاکێک، کە لەڕاستیدا لە ناوچەکانی خۆیان دەربەدەرکراون و لەبەر کرێی گران و گوزەرانی زەحمەت لە ناوەندی شارەکان، ماڵیان دەبەنە ناوچە چۆڵەکانی چواردەوری شار.
دواجار یەکە سەربازیەکانی پارتی کە بەتانکەکانی فیرقەی قودسی حەرەس-جمهوری سەدام حوسەین ساڵی ۱۹۹٦هاتنەوە ناوهەولێر و بەرامبەر بە داعش و سوپای ئێراقی و حەشدی شەعبی هەڵهاتن، وەک پاڵەوانی زەمانە دوێنێ گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی دانا حاجی محێدین کەوا ٨ مانگە ژیانی هاوسەرگیری کردووە، لە گوندی کۆڕەک لە کۆمەڵگای مەلائۆمەر شەهید کرد کە تاوانە گەورەکەی ئەوەبوو دەیویست بژی.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی