تایبەت ئازا پرێس
بەشی دووەم
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئازا پرێس د.سیروان و هاوڕێیانی لە (یەنەدەکە) نایانەوێت ببن بە بەشێک لە رووداوەکانی شەڕەکانی ٣١ی ئاب-١٩٩٦ بۆیە لەگەڵ سەرکۆنەکردنی خیانەت و بەکرێگیراوی پارتی و هێنانەوەی بەعس، بەڵام ئەوان بنک و بارەگاکانیان بەرنادەن و خەباتی جەماوەری ئاسایی خۆیان بەردەوام دەکەن.
شەهید دیار غەریب یەکێکە لەو کەسانەی لەژێرکاریگەری د.سیروان بەشداری خەباتی خوێندکاران دەبێ، لەیاداشتەکانی سەبارەت د.سیروان دەڵێت؛ سەرکردایەتی یەنەدەکە هەست دەکەن کە پارتی دەیەوێت د.سیروان تیرۆر بکەن، بۆیە دووری دەخەنە بۆ کامپی گەریلا نوێ بەشداربووەکان لە چەمی رێزان لە دەڤەری قەڵا سێوکە، لە ئاخجەلەر. لەبەر ئەوەی د.سیروان زۆر حەزی بەتێکەڵبوونی جەماوەر بووە، هەواڵی پێدەگات کە لە گوندی قەڵاجوغەی شێخ کەریم پرسەی یەکێک لە خەڵکی گوندەکە هەیە، ئەویش لەگەڵ دەستەیەک لە هاوڕێیانی دەچێ بۆ سەرەخۆشی ماڵەکە. چەکدارانی پارتی کە دوای ٣١ی ئاب لە تەکیەیی کاکەمەند و ئاخجەلەریش بارەگایان هەیە، هەواڵیان پێدەگات کە د.سیروان لە گەڵ مەفرەزێک هاتۆتە گوندی قەڵاجوغەی شێخ کەریم. رۆژی ٤-١٠-١٩٩٦ چەکدارانی پارتی بە چەند مێکزەمینێەکی پڕ چەکدارەوە، دەچن گوندەکە دەخەنە چەمبەرەوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، لە هەموو لایەکەوە دەسڕێژی گولە لە د.سیروان و هاوڕێیانی دەکەن و د.سیروان و چوار لە هاوڕێیانی بەناوی بابان سلێمانی، عەگید گەرمیان، حاجی قامیشلو و دیلان مێردین تیرۆر دەکەن، دوو کەسیشیان رزگار دەبن. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاوایەکە، د.سیروان بەبێ چەک دەچێتە دەرەوەو بانگی چەکدارەکانی پارتی دەکات و پێیان دەڵێت، ئێمە یەکێتی نین، منیش فڵان کەسم فەرموون وەرن دانیشن!! بەڵام چەکدارەکان بەبێ گوێدان بەهیچ پرەنسیبێکی نەتەوەی و مرۆڤایەتی و یاسایەکی شەڕ، تەقە لە د.سیروان و هاوڕێیان دەکەن و هەر پێنجیان لەوێ گیان لەدەستدەدەن.
ج.بایک کاتێک باسی تیرۆری د.سیروان دەکات لە یاداشتەکانی دەڵێت؛ پارتی کاتێک تایبەتمەندی سەرکردەو پێشەنگ لەهەر کوردێک ببینێ، ئەوا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ تیرۆرکردنی، ئەوەی د.سیروانیش یەکێکە لەو تیرۆرانەی پارتی، لەبەرانبەر کەسایەتیەکی شۆڕشگێڕ کراوە کە دەیتوانی پێشەنگێکی راستەقینەبێ بۆ باشووری کوردستان.
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئازا پرێس، ئەو چەکدارانەی پارتی کە هێرشیان کردۆتە سەر د.سیروان و هاوڕێکانی و تیرۆریان کردوون، هێزی شێخ زرار قادر و براکەیی شێخ بەکر قادرن، خەڵکی تەکیەیی کاکەمەندن و بەگوێرەی زانیاریە بەدەستخراوەکان، خودی خۆشیان لە هێرشەکە بەشداریان کردووە.
ناوبراوان لە ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ یەکەم خولی شەڕی ناوخۆ، چوونەتە هەولێر، لەکاتی هێنانەوەی بەعس لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ پێشەنگایەتیان بۆ بەعس کردووە تا گەیشتوونەتەوە سلێمانی و لە ناحیەیی تەکیەیی کاکەمەند گیرساونەتەوە. دەگوترێ ئێستا نیشتەجێیی هەولێرن، تائێستا پارتی و حکومەتی هەرێم، هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەسەر ئەو تاوانە لەگەڵ نەکردوون.
کاوە عەلی ساڵح (د.سیروان) لەچەند دێڕێکدا:
لەدایکبووی ١٩٦١ گوندی چەمی یاڵەی شارباژێڕە.
خوێندنی کۆلیژی ئەندازیاری میکانیکی لە زانکۆی موستەنسەریەیی لە بەغدا تەواوکردووە،
لە ١٩٨٣ پەیوەندی بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کردووە.
لەبەر ناکۆکیەکانی ناو کۆمەڵە بەتایبەت دوای کۆنفرانسی مێرگەپان و جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش، واز لە کۆمەڵە دێنێ و دەچێتە ئێران.
لە ١٩٨٧ روو دەکاتە ئەوروپا و لە دانیمارک دەگیرسێتەوە، لە ١٩٨٨ دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال، بەهۆی چالاکیەکانیانەوە هەڤاڵانی پەکەکە دەناسێ.
لە ساڵای ١٩٨٩ لە رێگەی موراد کارایلان بەشداری پەکەکە دەبێ و دەگەڕێتەوە کوردستان.
ئەندامی دامەزرێنەرو ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئازادی کوردستان بووە.
ئەندامی دامەزرێنەر و سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (یەنەدەکە) بووە.
لە ٤-١٠-١٩٩٦ لە دەڤەری قەڵا سێوکە، لە گوندی قەڵاجوغەی شێخ کەریم، بەدەستی چەکدارانی پارتی تیرۆر کراوە.
دوای تیرۆری د.سیروان، پارتی غەفور مەخموری کردە سکرتێری یەنەدەکە و تائێستاش وەک باڵێکی دەزگای پاراستن، کار بۆ پارتی دەکات.
کۆتایی