جوتیار ئاسۆس
چیرۆکی دامەزراندنی دەزگای پاراستنی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٤ کە ئەودەم مەسعود بارزانی وەک یەکەمین بەرپرسی ئەو دەزگایە دەسبەکار بوو. تەنانەت ئەو دەزگایەی هێندە بۆگرنگ بوو، کە بەڕێوبردنی ڕاستەقینەی نەدایە دەست کەس، هەتا مەسروری کوری گەورە بوو و ەزگاکەی گرتە دەست. مێژووی ئەو دەزگایە تا ئێستا تەمومژاویە و مرۆڤ لە ئێستادا ناتوانێ لێکۆڵینەوەی زانسی لەسەر بکات، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە مرۆڤ هەست بەوە دەکات کە دەزگای پاراستن یەکسانە بە دەزگای بەناو بارەگای بارزانی و بریتیە لە بچوکترین بازنەی بڕیاردان لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان، بەجۆرێک کە هەندێ جار دەزگای پاراستن لە خودی دەزگا کانی تری پارتی وەک لەشێکی بێگانە دەڕوانی و سڵ لەوە ناکاتەوە کە تاوان و کوشتوکوشتار ئەنجام بدات، نمونەی ئەوەش لە مێژووی ئەو پارتەدا زۆرە.
بەهۆی ئەوەی ئەودەزگایە هەر لەسەرەتاوە کاری لەپێشینەی پاراستنی هەیمەنە و بەرژەوەندیەکانی بنەماڵەی بارزانی و بەدیاریکراوی بەرەبابی ماڵی مەسعود بارزانی بووە و چاودێری نەیارەکانی ئەوانی کردووە لەناوخۆ و دەرەوەی پارتی. ئەوەش وایکرد دەزگای هەواڵگری وڵاتانی نەیار و دوژمن بەزووی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دروست بکەن و سود لەو دەرفەتە وەربگرن و بیکەن بە بەشێکی وابەستە بە دەزگا هەواڵگریەکانی خۆیان.
سەرەتای کارکردنی دەزگای پاراستن ، کە مرۆڤ دەتوانێ وەک بەهێزترین چەکی دەستی مەسعود بارزانی لێی بڕوانێت ، بەتایبەتی بەرامبەر بە براکەی خۆی ( ئیدریس بارزانی) کە وەک پیاوێکی سەربازیی مەیدانی زۆربەی پەیوەندیە سەربازیەکانی لەگەڵ سەرۆک عەشرەت و دەرەبەگە چەکدارەکان بۆخۆی قۆرخکردبوو. بۆیە ڕەنگە مرۆڤ بە هەڵەدا نەچووبێت، ئەگەر بڵێت پەڕینەوەی دەسەڵات لە ئیدریس بارزانیەوە بۆ مەسعود بارزانی و پشتگوێخستنێکی هێواش و سیستماتیکی نێچیروان ئیدریس بارزانی لەو سەردەمەوە دەستی پێکردووە. لە جیهان و خۆرهەڵاتی ناوینیش نمونەی هاوشێوەی ئەوە زۆرە و تەنانەت لەناو خودی حیزبی بەعس لە ئێراق، هاوشێوەی ئەوە سەدام حوسەین لە ساڵی ۱۹۷۹ وەک کەسایەتی یەکەمی هەواڵگری ئێراقی بە کودەتایەکی سپی ئەحمەد حەسەن بەکر کە سەرۆکی ئێراق بوو و پیاوێکی سەربازی بوو، وەلا دەنرێت و دەستەو دایەرەکەی لەناو دەبرین. بۆیە پەیوەندیەکانی مەسعود بارزانی لەگەڵ سەدام حوسەین لەدوای ڕاپەڕین و ساڵی ۱۹۹۲ زۆر سەرنجڕاکێشە، کە لە ۳۱ی ئابی ۱۹۹٦ دەبێ بە هاوپەیمانی سەربازی و داگیرکردنی شاری هەولێر.
یەکەمین وێستگای دەزگای پاراستن لەسەردەمی سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی هاوشانی باڵە سەربازیەکەی لەگەڵ شای ئێراندابووە و پەروەردە و مۆدێلی کارکردنی ئەوان هەر لەسەردەستی ئەفسەرانی ساواک بووە. کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵات و تیرۆرکردنی سلێمان موعینی و مەلا ئاوارە و سەرکردەکانی تری شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی بەدوای خۆیدا هێنا. تەنانەت لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئاخوەندەکانیش ئەو پەیوەندیە سەربازی – هەواڵگریە هەر بەتۆکمەیی مایەوە و دەرئەنجامی ئەوەش دامەزراندنی (قیادە مووەقەتە) بوو کە هەم حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ناوچەی موکریان و سابڵاخ وەدەرناو ناچاری نزیکبوونەوەیکردن لەگەڵ حیزبی بەعسی ئێراقی. دواتر لە ڕێگای عەشرەتە قروجیەکانی باکوری کوردستان و بە کۆردینەی ( سامی عەبدوڕەحمان) بۆ لێدابی یەکێتی نیشتمانی لە ناوچەی هەکاری یەکەمین هێڵی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای میتی تورکیشدا دروست دەکەن.
لێرەدا مرۆڤ دەبێت هەڵوەستە لەسەر بۆچوونێکی هەڵە بکات، کە پێیوایە پەیوەندیە نهێنیەکانی دەوڵەتی تورک لەگەل دەزگای پاراستن دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕینی ۱۹۹۱، بەپێچەوانەوە هەماهەنگی نهێنی لەنێوان دەزگای پاراستن و دەزگای میتی تورکی زۆر لەوە کۆنترە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی هەکاری. لە ساڵی ۱۹۸۲ مەسعود بارزانی سەردانی ئۆجالان دەکات لە بیقاع و لەسەر راسپاردەی میتی تورکیا داوای لێدەکات کە پرۆسەی سەربازی لەدژی دەوڵەتی تورک ڕانەگەیەنن، کە ئەو دەم لەدوای کودەتاخوێناویەکەی ۱۹۸۰ لەڕووی سەربازیەوە تەواو لاواز ببوون و ئاگاداری ئەوەش بوون کە پارتی کرێکاران ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی ئارگەکە دەکات.
ئەوەی کە حاشاهەڵنەگرە ئەو پەیوەندیە توندوتۆڵەی دەوڵەتی تورک و بنەماڵەی بارزانیە کە لە ۱۹۹۱ ەوە دەبێت بە دیاردەیەکی ئاشکرا و لەساڵی ١٩٩٧ فرۆکەی شەڕکەری سوپای تورک ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەکەن و سەنگەرەکانی یەکێتی نیشتمانی لە سەفین و شەقڵاوە و زۆر دەڤەری تر بۆمباران دەکەن. لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حوسەین ئیدی دەوڵەتی تورک بەتەواوی دەست دەخاتە بینەقاقای حکومەتی هەرێم، هەرچەندە لە ناوبڕی سەرهەڵدانی داعش پارتی و زۆنی زەردیشی بە داعش فرۆشتەوە، بەڵام ئەوە نەبووە هۆکار دابڕانی مەسعود بارزانی ودەزگای پاراستن، بەپێچەوانەوە پەیوەندیەکانیان هێندە توندوتۆڵ کرد، کە ئەمڕۆ هەر ئەوەی ماوە بە ئاشکرا هاوپەیمانی سەربازی لەدژی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ڕابگەیەنن.
ئەمڕۆ دەزگای پاراستن جگە لەوەی لە هەموو ئاستەکاندا دەستی خستۆتە ناو دەستی میتی تورکیا، لە هەموو پرۆسە سەربازیەکان هەماهەنگی بەهێزیان دەکات و تەنانەت لەسەردەمی حوکمڕانی مەسرور بارزانی ئیدی دەزگای پاراستن لەبن ناوی بەناو “دەزگای ئاسایشی هەرێم” تەواو وەک زمانحاڵی دەوڵەتی تورک وتار دەدەن و چەندین میدیا و دەزگای راگەیاندنی زەبەلاح و سێبەریان لە سۆسیال میدیا وەگەڕخستووە. بەڵام کاری لەپێشینەی ئەو دەزگایە بووە بە لەخشتەبردنی کۆمەڵگا و وابەستەکردنی خەڵکی باشور بەتایبەتی گەنجان ، بۆ ئاڵودەکردنیان بە مۆدێلە ژیانێکی خودسەنتەری – بێ مۆراڵ و دروستکردنی ئارەزووی دیسکۆ و ئاهەنگی سەماکەران و کۆنسێرت و بوونیادنانی مۆدێلێکی بێئیرادەیی ڕەها لەلای گەنجان وبازاڕی لەشفرۆشی و بوونیادنانی کۆمەڵگایەکی بێ ئینتیما لەبن ناوی بوونیادنانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن، کە دەوڵەتی تورک زیاتر لە ۱٥ ساڵە بە میدیا و هەڵقەی تایبەتی و پرۆگرامی پەروەردەیی چەواشە پیلانی بۆ دادەنێت، بەجۆرێک کە لەهەوڵی ئەوەدان کە گەنجانی باشوری کوردستان هەرگیز بیر لە بەرخۆدان و بەرهەڵستی هەیمەنەی دەوڵەتی تورک نەکەنەوە.
ڕەنگە کارێکی تری لەپێشینەی دەزگای پاراستن ئەمڕۆ بریتی بێت لە فریودان و نانەوەی تەڵەی هەنگوینی بۆ هەرکەس کە بکەوێتە داویان و بەرزترین ئەفسەرانی ئەو دەزگایەش ، ئەوانەن کە لەهەمووان شارەزاترن لە بوونیادنانی تۆڕی لەشفرۆسی و گرتەی ڤیدیۆیی و دەسبردن بۆ دوائاستی بێڕەوشتی ، وەک دەسدرێژی بۆئەو کەسانەی داوی دەکەوێتە داویان بۆ ناچارکردنیان بە کاری سیخوڕی، کە ئەمە لەسەردەمی حوکمڕانی مەسرور بارزانی تەواو هەڵکشاوە و هێندە بەربڵاو بووە ، کە زۆر جار کەسانێک کە لەدەستیان دەرباز بووە ، بێمنەت بۆمان دەگێڕێتەوە کە دەزگای پاراستن چیان بەرامبەر کردوون. ئەوەی لە هەمووی سەیرترە؛ ئەندامانی ئۆرگانەکانی تری پارتی دیموکرات نەک هەر وەک دۆستی دەزگای پاراستن و بارەگای بارزانی تەمەشانا کرێن، بەڵکو زۆرترین فشار لەسەر ئەوان هەیە و ئەو ترسودڵەڕاوکێیەی ئەندامانی ناو ڕیزەکانی پارتی لە دەزگای پاراستن، زۆر مەزنترە لەوەی نەیار و دوژمنەکانی ئەوپارتە.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی