ئازا پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە بەرەی مقاوەمەی عێراقی لە ئۆپەراسیۆنێکی جیادا، بۆردومانی سێ شوێنی
ئیسرائیلیان لە جۆلان ڕاگەیاند.
گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی، ئەمڕۆ ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە” بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە ئیسرائیل دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامیانداوە، لەنێویاندا منداڵان، ژنان و بەساڵاچوان، گروپی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق هێرشێکیان ئەنجامداوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سێ ئامانجی ئیسرائیلیان لە سێ ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە جۆلان پێکاوە.
تائێستا سوپا و دەوڵەتی ئیسرائیل ئەو هێرشەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە، بۆیە زیانەکانی نازانرێن.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو مقاوەمەی عێراقی لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشی کردە سەر بەرزاییەكانی جۆلان لە ئیسرائیل.
لای خۆشیەوە سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی هێرشەکەی هەینی رابردوو، دوو سەربازیان كوژران و ٢٣ی دیكەش برینداربوون.
جێگەی ئاماژەیە ئەوانەی ناویان لەخۆیان ناوە مقاوەمەی عێراقی، گرووپی شیعەی رادیکاڵن لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلن لە ناوچەکە.