ئازاد رواندزی
دەرکەوتنی گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە ٢٠٠٩، بە سەرۆکایەتی نەوشێروان مستەفا، تاوێکی نوێیدایەوە سیاسەتی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان. زۆر کەس و لایەن هیوای زۆریان لەسەر هەڵچنیبوو، بۆیە زۆرێک خۆیان خزاندە ناوڕیزەکانی، بەو نیازەی بتوانن رۆڵێکی نوێ ببینن و رەخنەی توند لەدەسەڵات بکەن.
دامەزراندنی گۆڕان ئەگەر بەشێکی کێشەکانی بەڕێوەبردنی دەسەڵات بن لەهەرێم، بەشێکی گرنگی پەیوەست بوون بەو رێککەوتنە ستراتیژیەیی کە یەکێتی بە زۆر تەنازول بۆ پارتی ئەنجامی دابوو، واتا رەنگ و دەنگی یەکێتی نەمابوو، یەکێتی دەیویست ببێتە پارتیەکی دووبارە.
نەفەس کورتی گۆڕان لە ئۆپۆزسیۆن و رێککەوتنی لەگەڵ دەسەڵاتێک کە خۆی چوار ساڵ هەموو توانایەکی خستبووە گڕ بۆ رەخنە کردنی، بەڵام بەناوی چاکسازی چووە باوەشی. گۆڕان نەیتوانی ئەو بەڵێنانەی دابووی هیچیان جێبەجێ بکات، بۆیە لەیەکەم بەشداربوونی لە دەسەڵات لە ٢٠١٣ ئیتر کێرڤی گۆڕان داکەوت.
بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەیی بەڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دروست ببوو، نەوشێروان ویستی بە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی هاوسەنگی بکاتەوە، بەڵام یەکێتیەکانی ئەوکات چاوەڕێی رێککەوتنیان لە گۆڕان نەدەکرد، دەیانویست بەبێ مەرج خۆی رادەست بکاتەوە. نەخۆشە کوشندەکەی ج.تاڵەبانی رێگەی نەدا هیچ کۆمێنتێک لەسەر ئەو رێککەوتنەی کە بە دەباشان ناسراوە بڵێت. نەخۆش کەوتن و کۆچی دوای نەوشێروانیش زیاتر قوڕەکەی خەستر کردووە، کەس نەبوو شەڕی راستکردنەوەی گۆڕان بکات، بەڵکو دەیانویست لە کێکی دەسەڵات بخۆن.
هەڵبژاردنی ٢٠١٨ زەنگێکی توندی ئاگادار کردنەوە بوو بۆ گۆڕان، بەڵام دیسان خۆیان خزاندەوە باوەشی دەسەڵات زۆر بەکەمتر. دەرکەوتنی گەندەڵیەکانی نەوشێروان دوای مردنی و دەرکەوتنی کوڕەکانی وەک خاوەن موڵک و سەرمایەیی گۆڕان، دۆخەکە لەگەندەڵیەکانی پارتی و یەکێتی خراپتر بوو. ئەمەش سەرەڕای خستنی کاریزمای نەوشێروان وەک سەرکردەیەکی رۆحی بۆ گۆڕان، هەمانکات شەڕی ناوخۆ و ململانێ و ناکۆکی گەیشتنە ئاستی لێکترازان، ئیتر کەس خاوەنداریەتی لە گۆڕان نەکرد، بەڵکو هەرکەسە و خەمی لە داهاتووی خۆی دەخوارد، تاگەیشتە ئەوەی گردەکە چۆڵبکرێ، تەنها کوڕەکان بەدیار گۆڕی باوکیانەوە بمێنن.
هەڵبژاردنی بەغدا لە ٢٠٢٢ گۆڕانی تووشی شۆکی مردن کرد، بۆیە لەجیاتی کارکردن بۆ هەستانەوەی گۆڕان، سەرجەم بەرپرسە ژمارە یەکەکان واتە رێکخەر و خانەی راپەڕاندن دەستبەرداری ئەرکەکانیان بوون، ئەمەش بەواتای گۆڕان خستنە تابووتی مەرگ بوو. بەهاتنە پێشەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەرێم، گۆڕان کەوتە بەردەم بڕیارێکی چارەنووساز، یان دەبێ وەک حیزبێکی هەڵبژاردن بەشداری هەڵبژاردنبێ، یان دەبێ کۆتای بەگۆڕانبێ، یان ئەوەتا بگەڕێنەوە بۆ ناو یەکێتی!!
بڕیاردانێکی سەخت چاوەڕێی گۆڕان دەکات، عومەری سەید عەلی تۆپێکی ئاگرینی رادەستی دانا ئەحمەد مەجید کردووە، کوڕەکان (چ – ن) دەمیان لە دەسەڵات گیربووەو پاروویان چەورە و بڕیار بەدەستن، نایەنەوێ بچنە ژێر رکێفی رێکخەری نوێ!!
دانا ئەحمەد مەجید دەتوانێ ئیرادەی پاکسازی گۆڕان لە دەسەڵاتخوازان و میراتگران رزگار بکات؟ ئەوانەی دەیانەوێ بە گۆڕان بەردەوام بکەن، دەتوانن جارێکیتر دەسەڵات و بنەماڵەگەریەتی و داگیرکەری رەخنە بکەن و هەڵوێستی بۆ نیشانبدەن، یان تەنها وەک هەبوونی دوکانێکی سیاسی بەردەوام دەکەن و لە ناوخۆیان یەکتر دەخۆن و بێ خاوەن و سەرگەردان دەسوڕێنەوە؟
ئەو گوتارە توندەی سەرەتای گۆڕان ئێستا ئەو وتارە یەکێتی زۆر بە حەماستر دەیڵێت، ئەو ترسەی کە پارتی لە گۆڕانی هەبوو ئێستا ئەو ترسەی لە یەکێتیە!! ئەوەش پرسیارە گرنگەکەیە، گۆڕان بەکامە گوتارەوە دەگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە و دەیەوێ چی بەکێ بڵێت؟
ئەوەی هێشتا گۆڕانەکان دانیپیانانێن، ئەویش پارتی وەک مۆرانە بەربووە گیانیان و بەو رۆژەی گەیاندن کە دەبینین.
لە دەرەوەی گردەکە و بەئیرادەی گۆڕانخوازان، یان لەسەر میراتی نەشێروان و رەحمی کوڕەکان، ئەوەش دەبێ یەکلا بێتەوە واتا گۆڕان دەتوانێ کوڕەکان لە گردەکە بێنێتە خوارەوە، یان ئەوان بەبێ کورسی و پارە دەتوانن بەردەوامبکەن.
کورسی هێنانی گۆڕان لەم هەڵبژاردنە کەوتۆتە رەحمی خوا، چونکە لەم ١٠ رۆژەی داهاتوو، نە دانا و نە کاندیدەکان دار عەسایان پێنییە هەموو ئەوەی لە ١١ ساڵی رابردوو روویداوە راستیکەنەوە، ئەوکات گۆڕان وەک هێزێکی دەرەوەی پەرلەمان و بەبێ مووچە و بودجە ٢٥٠ هەزار دۆلاریەکە ئامادەن بەردەوامیکەن؟؟؟
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی