شیکاری ئازا پرێس
لەگەڵ گەرم بوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، دۆسیەیی جیاجیا دەکرێنەو. ئەو دوو دۆسیەیی کە ماوەی سێ ساڵە جێی قسە و باسی خەڵکن ئەوانیش، دۆسیە تیرۆری هاوکار جاف و نیاز دەرگەڵەییە، لەم هەڵبژاردنە بوونەوە کەرستەی بانگەشەی پارتی و یەکێتی.
دوێنێ ٧-١٠-٢٠٢٤ دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڤیدیۆی چۆنیەتی تیرۆری کەسایەتی و فەرمانداری خانەنشینی یەکێتی نیاز دەرگەڵەی ئاشکرا کرد، سەرەڕای ئەوەی ئەو کردە تیرۆری سیاسیە و هەمانکات خاڵی سەرەکیش ئەوەیە کە بکەرانی رووداوەکە لە سەرەتای هاتنەوە تاکو گەڕانەوەیان لەژێر کۆنتڕۆڵی کامیرای چاودێریدان. لەهەمووی گرنگتر هاتنی تاوانباران لە سنوری هەولێرە و گەڕانەوەشیان هەر بۆ ئەو سنورەیە. لەو دۆسیەیە دەزگای ئاسایش ناوی کەسێک وەک بکەری رووداوەکە دەهێنێ بەناوی (فەرهاد خانۆ خانۆ عەلی شێروانی) دانیشتووی شارۆچکەی سۆرانی هەولێر، بەواتایەکیتر کەسێکی بارزانی گڵاوەتە ئەم تیرۆرە. لەئێستا لەبەر ئەوەی دەزگای ئاسایش دوو بەرەیە، هێشتا نازانین دەزگای ئاسایشی پارتی لەوبارەیەوە چی دەڵێت، ئەوەش نەزانراوە ئایا دەزگای ئاسایشی یەکێتی لە داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر فەرهاد خانۆ تۆمار کردووە یان نا؟ ئەگەر تۆمار نەکات ئەوکات تەنها دەبێتە کەرستەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.
هاوکار جاف دوای رووداوەکانی ٨ی تەممووزی ٢٠٢١ ی کودەتای ناوخۆی یەکێتی روویدا، هاوکار وەک فەرماندەیەکی دژە تیرۆر کوشتنی دەکەوێتە چوارچێوەی تیرۆری سەربازی، چونکە بە پلەی فەرماندە (عەقید) لەسەر ئەرک بووە. ئەنجومەنی ئاسایش و دژە تیرۆری پارتی ئەوکات دوای ماوەیەکی کەم بە بەڵگە ڤیدیۆیەک کە چەند کەسێکی دەستگیرکراو دانیان بە تاوانەکەیان نابوو، وەک ئەوەی لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری یەکێتیەوە، بەتایبەتیش لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیەوە نێردراون بۆ ئەو کردەیە، دۆسیەکەیان بەسەری یەکێتی و لایەنی کودەتاکاریان پێ ساغکردەوە.
یەکێتی لە ئاستی باڵا ئەو تاوانەی بۆ خۆی وەک حیزب و بۆ وەهاب هەڵەبجەیش وەک بەرپرسیاری دژە تیرۆری یەکێتی قەبوڵ نەکرد و پێچەوانە لە دواین کۆنگرە پلەی حیزبی وەهابیان بەرزتر کردەوە.
پارتی ماوەی پێنج رۆژە دۆسیەی هاوکار جافیان جارێکیتر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن جوڵاندۆتەوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لە بنەماڵەی هاوکار واتا براکانی، هەندێکیان لەبەری پارتین وەک مەحمەد جاف پەنجەی تاوان بۆ سلێمانی درێژ دەکات، سیروان جاف برایەکەیتری پەنجەی تاوان بۆ ئەژی ئەمین و هەولێر درێژ دەکات!!!
لێرە شتێک زۆر روون و ئاشکرایە، ئەگەر دەزگای ئاسایش و دژە تیرۆری یەکێتی و پارتی بیانەوێ دەتوانن بە رێگەی کامیرای چاودێری هەرتاوانبارێک ئاشکرا بکەن کە هەر کردەیەکی تیرۆریستی لە هەرێمەکە ئاشکرا ئەنجامبدات. بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە، تا ئێستا چەندین تیرۆری سیاسی لە ژێر دەسەڵاتی هەردوو لا ئەنجامدراون، بەڵام بکەرانیان ئاشکرا نەکراون و وەک بەرزێکی بانن بۆی دەرچوونە. نمونەی تیرۆری شوکری سەرحەد، زەکی چەلەبی، سوهیل خورشید، ناگیهان ئاکارسەل، دەنیز جەودەت و حسێن تورەلی، هیچ یەک لەوانە کامیرای چاودێریەکانیان هەڵنەگیراونەتەوەو دەزگای ئاسایش هیچ قسەیەکی لەبارەوە نەکردوون و تائێستا بکەرانیان ئاشکرا نەکراون!!
خوێندنەوەی ئەو رووداوانە بۆ ئەوە گرنگە دەزگای ئاسایش وەک دەزگای نیشتمانی بە ئەرکەکانیان هەڵدەستن یان وەک حیزبی؟؟ بێگومان تائێستا وەک حیزبی کار دەکەن، بۆیە ئەوەی پارتی، کار لەسەر تیرۆرەکانی خۆی دەکات، ئەوەی یەکێتیش لەسەر ئەوانەی دەڤەری خۆی، ئەوانەیتریش بەگورگان خواردن دەدرێن. لەم ناوە دەزگای ئاسایش و دژە تیرۆر و دامودەزگای ئەمنی متمانەو باوەڕی لای هاوڵاتی لەدەست دەدات، چونکە نیشتمانی نیین و بەیەک چاو سەیری هاوڵاتیانی ناکات. بۆیە هاوکار جاف و نیاز دەرگەڵەیی دووجار قوربانین، جارێک قوربانی تیرۆری ناوخۆیی و جارێکیش قوربانی حیزبین، کەوەک کەرستەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار دەهێنرێن.