ئازا پرێس
بەگوێرەی سەرچاوە عەرەبییەکان بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانیان لە شاری دهۆک، هەروەها لێدوانی تیمی سی پی تی، رای دەگەێنن کە تورکیا بەقوڵای ٣٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی کوردستان خەریکی لێدانی رێگەی زەمینی سەربازیە.
وەک سەرچاوەیەک ئاشکرای کردوە، ڕۆژی سێشەممە٨-١٠-٢٠٢٤، تیمە ئەندازیارییەکانی سوپای تورکیا دەستیان کردووە بە دروستکردنی ڕێگای سەربازی بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە سنووری عێراق و تورکیاوە.
ئەو سەرچاوەیە بەئاژانسی مەعلومە ڕاگەیاندووە، تیمە ئەندازیارییەکانی سەر بە سوپای تورکیا دەستیان بە دروستکردنی ڕێگەی سەربازی لە پێنج لاوە کە کەوتوونەتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی نزیک ئامێدی و چیای مەتین، کە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە سنووری عێراق و تورکیاوە دوورن، دەستیان بە دروستکردنی ڕێگای سەربازی کردوە. ڕوونیش دەکەنەوە، ئەو ڕێگاوبانانە بۆ پاڵپشتی لۆجستی و بۆ بەستنەوەی ئەو خاڵە جێگیرانە بەکاردەهێنرێن کە بەم دواییە دوای لەشکرکێشیەکە دروستبوون، بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستی و گواستنەوە لە نێوان بنکە و بارەگاکانیان لەسەر بەرزای شاخەکان”.
سەرچاوەکەیان ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی هێزەکانی تورکیا دەیکەن، دانانی ژێرخانێکی پتەوە بۆ مانەوەی هەمیشەیی لە ڕێگەی ئەو بنکە و بارەگایانەی کە دامەزراون، کە دەگاتە قووڵایی ١٥٠ کیلۆمەتر لە ناوخۆی عێراقدا.
سەرچاوەی ناوبراو ڕایگەیاندوە کە ئەوەی ڕوودەدات ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بوونی هێزەکانی تورکیا هەڵگری ئەجێندای مانەوە و بەردەوامی و سەپاندنی کۆنترۆڵی سەربازییە.
جێگای سەرنجە لە مانگی حوزەیرانەوە، هێزەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانیان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، و پشت بە بۆردومانی ئاسمانی و تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبەستن، بۆ ئاوارەبوونی گوندەکان و کۆنترۆڵکردنیان.
هەر لەوبارەیەوە پێنج رۆژ پێش ئێستا لە ٣-١٠-٢٠٢٤ کامەران عوسمان بەناوی تیمی سی پی تی لێدوانێکی داو گوتی؛ سوپای تورکیا ڕێگای سەربازی لە دەڤەری نهێلێ لە قەزای ئامێدی دروستدەکات.
کامەران.عوسمان دەڵێت لە ٢٠ی ئەیلوولەوە، سوپای تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی ڕێگای سەربازی لە گرێ بەهارەوە و ڕێگاکە بە پشتی گوندی گوهەرزێدا تێپەڕدەبێت و بە تۆڕێکی ڕێگاوبان بە بارەگاکانی سوپای تورکیا لە گوندەکانی سەرگەلێ و سگیرێ دەبەسترێتەوە.
لەبەردەوامیدا دەڵێت؛ لە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولیشدا، حەفارەیەکی سوپای تورکیا تێکشکێندراوە و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش لە گوندەکانی بەرچێ و کانێ خراونەتە خوارەوە.