ئازاپرێس
دوێنی بەفەرمی لێژنەی باڵای پارتی دەنگێکی تەلەفۆنی بڵاوکردەوە، گوایە وتوێژی نێوان بافڵ و قوباد تاڵەبانییە. لە وتوێژەکە بافڵ باسی ئەوە دەکات کە دۆستەکانیان ١٠٠هەزار دەنگیان بۆ تەزویر دەکەن و ژمارەی کورسیەکانیان دەگەێنە ٣٠ کورسی، هەروەها دەڵێن باکامان بە بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفال و پێشمەرگە نییە…هتد. یەکێتی لەگەڵ بافڵ و قوباد، هەریەک لە ستران عەبدوڵا و بەهرۆز گەڵاڵی و کاروان گەزنەیی وەک وتەبێژ، راستی ئەو دەنگانەیان رەتکردەوە کە ئەمە دەنگی راستی هەر دوو براکەبێ، بەڵکو گوتیان لە رێگەی ئەنتەرنێت بە ژیری دەستکرد دروست کراوە.
راگەیاندنەکانی یەکێتی و ئەوانەی سەربەخۆ و دوورە یەکێتیش ئەو دەنگانەیان بە ساختە بەناوکرد، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، گوتی ئەمە بە ژیری دەستکرد دروستکراوە.
لە دەرەوەی ئەو بڵاوکراوەی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی، راگەیاندنەکانی پارتی هەموویان ئەو دەنگەیان بڵاو نەکردووە، هەروەها لە دەرەوەی راگەیاندنەکانی پاراستن و کوڕەکەی سەرۆک وەزیران، کەسیتر بەرنامەی لەسەر ساز نەکرد.
دەگوترێ ئەم دەنگە تەزویر کراوە لە رێگەی راگەیاندنی ئارین مەسرورەوە دروست کراوە، بە وردیش باسی ئاڤا تیڤی دەکرێ و وەک کەسیش باسی هێمن لەهۆنی لە دەزگاکانی راگەیاندنەکانی سەرۆکی حکومەت کە دەمێکە وەک هاکەر و پەلاماردەری پەڕەی دژیتاڵی رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان بەناو دەکرێت.
چۆن دەزانرێ ئەم دەنگە تەزویرە و بە ژیری دەستکرد دروست کراوە؟
پارتی کە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەکەپە و ئەردۆغان هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبن، ئەردۆغان لەکاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی تورکیا، دەنگی کەمال قلچدار ئۆغلو و موراد قەرەیلانی گۆڕیبوو، لە بەردەم دەنگدەرانی لە ئەستەمبۆڵ بڵاوی کردەوە، بەڵام ئەوکات جەهەپە نەیتوانی وەک دوێنێی یەکێتی هەڵمەتەکەی ئەردۆغان بەدرۆ بخاتەوە، چونکە ئەوکات ئەکەپە و ئەردۆغان شەقامیان ئاراستە دەکرد نەک جەهەپە و کەمال قلچدار ئۆغلو.
پارتی و ئارین و مستەفا بابۆ، لەبەر ئەوەی یەکەم کاری ژیری دەستکردیان بوو، بۆیە دەکرێ بگوترێ سەرکەوتوونەبوون، چونکە لەگەڵ ئەوەی مناڵێکیش دەزانێت کە ئەو کەسایەتیانە بابەتی وا گرنگ بە تەلەفۆن قسە ناکەن، دیسان تۆنی دەنگ و بەکارهێنانی وشەکان ئەوەش زۆر بەئاسانی هەستی پێدەکرا.
پارتی دەیەوێ چیتر بەدوای ئاراستە کردنی یەکێتی و بافڵەوە نەبێ، واتا هەر یەکێتی و بافڵ رۆژەڤ دروست بکەن و ئەوانیش وەڵامبدەنەوە، بەڵکو هەندێک رۆژەڤ ئەوان دروستیبکەن و یەکێتی و بافڵ وەڵام بدەنەوە.
پارتی دەیەوێ ئەو قسانەی سەرۆکی پارتی بسلمێنێ کە لەکۆبوونەوەی زانایانی ئاینی لە مەسیف ئەنجامی دابوون گوتبووی یەکێتی و ئێران و پەکەکە دەیانەوێ لە هەڵبژاردن ساختەکاری بکەن و پارت بنخەن!! لەئێستا راگەیاندنەکانی پارتی خەریکن سیناریۆ بۆ ئەو قسانەی مەسعود دادەڕێژن و یەکێتی و بافڵ وەک تاوانبار و ساختەکار پیشاندەدەن!!
دوای دۆسیەی تیرۆری هاوکار جاف، ئەمە دووەمین دۆسیەیە کە راگەیاندنی پارتی لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنە بەکاری دێنێت، چاوەڕێبین بزانین چیتر لەهەگبەی پارتیدایە لەم هەڵبژاردنە لە دژی یەکێتی و سەرۆکەکەی بەکاریبێنێ؟؟