تایبەت ئازا پرێس
بەشی یەکەم
هێرشی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بە پاڵپشتیی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شەنگال و راکردنی هێزەکانی پارتی لە شەنگال، کۆمەڵگەی شەنگالی رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و تاڵانی و ڕفاندنی هەزاران کچ و ژنی بووەوە کە بە فەرمانی ٧٣مین بەناو دەکرێ. لە دوای ئەم هێرشە خەڵکی شەنگال خۆیان بە رێکخستن کرد و هێزیان بۆ بەرگری لەخۆیان ساز کرد. ساڵی ٢٠١٦ شەنگالیان بە تەواوی لە دەستی داعش رزگار کرد. کەچی دەوڵەتی تورکیا و دۆستەکانی بەم رزگاریەی شەنگال دڵخۆش نەبوون.
هێرشی یەکەم لەدوای رزگاربوونی لە ٣ی ئازاری ٢٠١٧ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ کە لەبەدەستی پارتی و دەوڵەتی تورکیاوە دامەزراون، هێرشێکی لەناکاویان بۆ سەر شەنگال ئەنجامدا. ئەگەر هۆشیاری گەریلاکانی پەکەکە نەبووایە کە خۆیان کردە قەڵغان لە بەرانبەر هێرشەکە گومان دەکرا شەنگال لەدەستبچێ.
دەوڵەتی تورکیا و پارتی و بارزانی ئەو پیلانەی بۆ شەنگالیان ئامادەکردبوو، دەیانویست بە دەستی پێشمەرگەکانی رۆژ، دەسکەوتەکانی شەنگال لەناوبەرێت، بەڵام ئامادەسازی لەلایەن گەل و هێزی شەڕڤانانی شەنگال، پووچەڵ کرایەوە. ئەمەش بۆتە هۆکار بەردەوام تورکیا و پارتی بەهێرش و پیلانی نوێ لە رێگەی هێرشە ئاسمانی و سیخوڕەکانی پاراستن پێکەوە، پەلاماری خەڵکی شەنگال بدەن.
دیسان دەسپێکردنی هێرشەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١٧، بە فڕۆکە بۆ سەر شەنگال دەستی پێکردووە. ئەمەش قۆناخێکی نوێیە لەدژایەتی کردنی شەنگال و کۆمەڵگەی ئێزیدی، هەمانکات تۆڵەکردەنەوەیە لەو تێکشکانەی داعش کە لە شەنگال رووبەڕووی بوویەوە.
بۆ ئەوەی ئەو هێرش و پەلامارانەی دەوڵەتی تورکیا و پارتی وەبیر خوێنەران بێنینەوە کە تاڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامن، بەپێویستمان بینی بەزنجیرە دۆسیەکی تایبەت، ئەو کردەوە دژە مرۆڤیانە راخەینەوە بەرچاوتان. ئەوەش دەبێ بگوترێ کە هێرشەکان لەژێر ناوی پە.کەکە ئەنجامدەدرێن، بەڵام وەک دەزانرێ گەر.یلاکانی پەکە.کە لە ٢٠١٨ بەفەرمی لە شەنگال کشاونەتەوە. هەموو ئەو هێرشانەی ئەنجامدراون لە دژی بەڕێوەبەر و فەرماندار و بەرپرسانی ئاسایش و دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەی شەنگالن.
ئێمە لە ئازا پرێس هەوڵمانداوە خۆمان بگەێنینە هەموو ئەو ئامارانەی کە لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا و پارتیدا دروست بوونە و زیانەکانیش بەناو و شوێن و بەروار و وێنە پیشانبدەین. ئەگەر لای تۆی خوێنەریش لەوبارەیەوە هەر زانیاری و بەڵگەیەکیتر هەبێ، تکایە بۆمان بنێرە.
ریزبەندی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا بەگوێرەی ساڵەکان:
هێرشی یەکەم:
لە ٢٤ی ئازاری ٢٠١٧، بۆ یەکەمجار چیای شەنگال لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆردومان کرا. لە ئەنجامدا شەرڤانێکی شەنگال بەناوی گەنجۆ شەهید بوو. لەم هێرشەدا دۆڵی کێرس، هەرێمی عامود بۆمباران کران.
هێرشی دووەم:
لە ١٣ی ١ی ٢٠١٨، دەوڵەتی تورکیا گوندی سکێنی ڕۆژئاوای شەنگالی بۆردومان کرد. بەهۆی بۆردومانەکەوە زیانی ماددی کەوتەوە. هەروەها لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨، لە کاتی گەڕانەوەی لە مەراسیمی یادکردنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ لە ناوچەی دۆڵی شیلۆ، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلی ئەندامی هەماهەنگیی کۆمەڵگەی ئێزدی بە ناوی مام زەکی شەنگالی کردە ئامانج. لەو هێرشەدا مام زەکی شەنگالی شەهید بوو و شەڕڤانی یەبەشە ماهیر سەرحەد بە سەختی بریندار بوو، لە ٢٩ی هەمان مانگدا شەهید بوو.
هێرش سێیەم:
لە بەردەوامی هێرشەکانیدا دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان، ناحیەی خانەسۆری بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا ٦ شەرڤانی یەبەشە بریندار بوون. هەمانکات ناوچەی بارێی شەنگال سێ جار لەسەر یەک بۆردوومان کرد.
لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ جارێکیتر دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشی کردە سەر ناوچەی خانەسۆر، لە ئەنجامدا ٦ شەرڤانی یەبەشە برینداربوون، دوای هەفتەیەک شەڕڤانی یەبەشە عەگید شەنگالی لە نەخۆشخانە شەهید بوو.
لە١٣ی کانونی دووەمی ٢٠١٩ دا ٣ هاوڵاتی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، بەناوەکانی خەلیل خالید جدۆ، مستەفا حەجی و مەحمودخان تەمۆ، کە بەمەبەستی کاری بیر کۆڵین لە شەنگال بوون، کەوتنە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا و شەهیدبوون.