ئازا پرێس
ئەمڕۆ ٩-١٠-٢٠٢٤ پاشنیوەڕۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی حیزبەکەی لە دەڤەری سۆران قسەی بۆ لایەنگرانی کرد.
وەک چاوەڕێ دەکرا مەسرور وەڵامی هێرشەکانی سەر حیزبەکەی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە.
ناچار بووە کە هەژماری خۆی بسەپێنێ، چونکە وەک دیارە زۆربەی خەڵک هەژماری مەسروریان پەسند نەکردووە. بۆیە بەشێک لە وتارەکەی جارێکیتر بۆ هەژمارەکەی تەرخان کرد.
مەسرور وەک دەسەڵاتدارێکی تەقلیدی گوتی ئەوەی ئێمەی پەسند نییە با بڕوا، ئەمە زهنیەتێکی زۆر دواکەوتووەو مەترسیدارە، چونکە یان ئەوان یان نابێ کەسیتر هەبێ.
دیسان گوتی ئەوانەی خۆیان فرۆشتوە بابگەڕێنەوە ریزی خەڵک، بەڵام باسی ئەوەی نەکرد کە هەموو لایەک بەوان دەڵێن خاکفرۆش…
مەسرور خۆشی لەوە نەدا کە سوپای دەوڵەتی تورکیا چی دەکات لە هەرێمەکانی، وەک باوکی گوتبووی من دەرگام لەبەردەم سوپای تورکیا کردۆتەوە. ئەی ئەوە خۆسپاردن نییە بە داگیرکەر؟؟
مەسروری لایەنەکانیتر رەخنە دەکا و دەڵێ، دەسەڵاتی خۆسەپێن، لەبیری چووبوو کە لایەنەکانیتر بەو دەڵێن دەسەڵاتی خۆسەپێن و باڵی خۆسەپێنی ناو پارتی!
مەسرور دەڵێ ئێمە بەیەک چاو سەیری هەموو کوردستان دەکەین، بەڵام لەماوەی دەسەڵاتی پێنج ساڵیدا، یەکجار چوو بۆ شاری شەهیدان هەڵەبجە، نەچوو بۆ گەرمیان و بەشداری هیچ یادێکی ئەنفالی نەکردووە و هیچ پرۆژەیەکیشی لە سنوری شاری هەڵەبجە و سلێمانی نەکردۆتەوە.
ئەوەی وەک سەرنجیش دیاردەبێ، یان مەسرور و مەسعود کودەتایان بەسەر نێچیرواندا کردووەو ناهێڵن بێتە دەرەوە بەبێ مۆڵەتی ئەوان، بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی جەماوەری نەبێ بۆ بانگێشەی هەڵبژاردن، یان مەسرور کودەتای بەسەر پارتیدا کردووەو ناهێڵێ کەسیتر لەدەرەوەی خۆی کۆبوونەوەی جەماوەری بکات، هەتا باوکیشی.