دەنگدانی تایبەت و ئەنجامە بەراییەکان
ئازا پرێس
ديسا میدیاکان ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی تایبەت ژمارەی جیاوازمان پێدەدەن و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقیش تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە.
میدیاکان کە زۆربەیان دەزگایی میدیایی سەر پارتەکانی هەرێمی کوردستانن یاخود نزیک لەوانن، ئەنجامی بەرایی دەنگدەرانی تایبەت بەیاندەکەن و ژمارەی جیاواز لە یەکتری بڵاو دەکەنەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دەنگدانی تایبەت دوێنێ ۱۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٤، کاتژمێر ٦ی ئێوارە بە کاتی بەغداد کۆتایی هات.
بەگوێرەی زۆربەی کەناڵەکان دەنگی دەنگدەرانی تایبەت کە پێکهاتووە لە هەموو کارمەندانی سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی ۹٦% ی جیاکراوەتەوە و وەک هەمیشە جیاوازیەکی گەورە هەیە لەنێوان دەنگەکانی هەردوو پارتە باڵادەستەکەی هەرێم ( یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات) لەگەڵ سەرجەم پارتەکانی تر ، بەجۆرێک کە تەواوی پارتەکانی تر پێکەوە نەگەشتوونەتە ۱۲%ی هەژماری دەنگەکان و ئەوەش بۆهەمووان ئەنجامێکی چاوەڕوانکراوبووە.
بەگویرەی ئەنجامە بەراییەکانی ڕۆژی شەممە ،کاتژمێر ۱۲ی نیوەڕۆ بەکاتی کوردستان و ۹۰%ی دەنگەجیاکراوەکان ئەنجامەکان بەم جۆرەبووە؛
پارتی: ۸۲۹۷۹ دەنگ ، یەکێتی: ٥۱۳٤٥ دەنگ، نەوەی نوێ: ۱۱۲۰۷ دەنگ، یەکگرتوو: ۲۸۸٥ دەنگ، هەڵوێست: ۲٤۹۲ دەنگ، کۆمەڵ: ۲۳۹۱ دەنگ، بەرەی گەل: ۲۱۱۰ دەنگ، گۆڕان: ۷۰٥ دەنگ.
دواتر کاتژمێر٤ی دوانیوەڕۆ بەڕێز کاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی۱۲۹ ی یەکێتی نیشتمانی ئەنجامی ٩٦٪ـی دەنگدانی تایبەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرا کرد، تێیدا یەنەکە ٧٠ هەزار و ١٠٣ دەنگی بەدەستهێناوە. هەروەها ناوبراو ڕاشیگەیاند، لیستی پەدەکە ٧٤ هەزار و ٥١٣ دەنگی بەدەستهێناوە و بەرامبەر بەوە یەکێتی زیاتر لە ۳۰ هەزار دەنگ زیادی کردووە و ئەنجامی زۆربەی ئەو ڕێژانەی تری ڕەتکردەوە کە بڵاوکراونەتەوە و بە ناڕاست لەقەڵەمی دان.
ئەوەی نزیکەی هەموو میدیاکانی نزیک لە پارتەکان و تەنانەت میدیاسەربەخۆکانیش لەسەری کۆکن، ئەوەیە کە زیاتر لە ۲۹ هەزار دەنگی دەنگدەرانی تایبەت پوچەڵ بوون و ۷٤۳۹ دەنگدەری تایبەتیش بەشداری دەنگدانیان نەکردووە لە تێکڕای دەنگدەران کە ژمارەیان بە سەروو ۲۱٥ هەزار دەنگدەر هەژماردەکرێت، ، واتە ۱٦،۸%ی تێکڕای دەنگە تایبەتەکان پوچەڵ بوون و شێمانەی بایکۆتکردنی کاندیدە هەڵبزێردراوەکانی لێدەکرێت.