ئازاپرێس:ئاژانسەکان
لە راپۆرتیکدا کە ئاژانسی ئاکسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردوەتەوە بەرپرسانی ئەمریکی لەڕادەبەدەر نیگەرانن لە ئەگەری پێشێلکارییەکی گەورەی ئەمنی، دوای بڵاوبوونەوەی دوو بەڵگەنامەی هەواڵگریی ئەمریکی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی هێرشکردنە سەر ئێران لەڕێگەی ئەکاونتێکی لایەنگری ئێرانەوە لە ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام.
ئەم دزەپێکردنە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل چەند هەفتەیەک ئامادەکارییەکانی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئێران تەواو دەکات، کە لە یەکەمی تشرینی یەکەمدا بە هێرشێکی زۆر مووشەکی بالیستیک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، لەوانەیە دزەپێکردنی ئەو کارە هەوڵێک بێت بۆ پەکخستنی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) و نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانە بدەن، بەڵام نە راستی ئەو بەڵگەنامانەیان پشتراستنەکردەوە.
بەپێی ئەوەی هەژمارێکی تێلێگرام بە ناوی میدل ئیست سپێکتەتەر ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندووە، بەڵگەنامەی لە سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئەمریکاوە وەرگرتووە سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران.
ئەو ئەکاونتە بە شێوەیەکی ڕۆتینی بابەتی لایەنگری ئێران بڵاودەکاتەوە و دەڵێت بنکەکەی لە ئێرانە.
بەڵگەنامەکان ڕاپۆرتێکی هەواڵگری لەخۆدەگرن کە لەلایەن دەزگایەکی وەزارەتی بەرگرییەوە دەرچووە، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە لەناو کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمریکادا دابەشکرابوو.
راستی بەڵگەنامەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن ئاژانسی ئاکسیۆسەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ڕاپۆرتە گوماناوییەکە باس لەو ڕێوشوێنانە دەکات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەند بنکەیەکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل جێبەجێ کراون، لەوانە گواستنەوەی ئەو تەقەمەنیانەی پێویستە بۆ هێرشکردنە سەر ئێرانە.
هەروەها جێگای سەرنجە کە بەپێی سیگناڵە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا مانۆڕێکی گەورەی مەشق و ڕاهێنانی ئەنجامدا کە بریتی بوو لە فڕۆکەی هەواڵگری و فڕۆکە جەنگییەکانی مەشقپێکراوی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.
هەروەها لە ڕاپۆرتی هەواڵگریی گومانلێکراودا باس لە ئامادەکارییەکانی یەکینەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل کراوە بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران.
ئەگەر ڕاپۆرتەکه ڕاست بێت، ئاماژەی بەچاودێرییەکی زۆر ورد لەلایەن هەواڵگری ئەمڕیکایەوه بۆ ئاماده کارییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنه سەڕ ئێران له نێویشیاندا به کارهێنانی مانگی دەستکرد بۆ سیخوڕیکردن لەسەڕ ئەو ئۆپەڕاسیۆنانەی که له بنکەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن.
ڕەنگە ئەو دزەپێکردنە ئەگەرییە نیشانەی پێشێلکارییەکی ئەمنی زۆر جددی بێت لەناو کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکادا کە بووە هۆی ئەوەی زانیارییە زۆر نهێنییەکان بگاتە کەناڵێکی تێلێگرامی ئێرانی.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە، ئەو دزەکردنە گوماناوییە زۆر ناڕەحەتکەر و نائارامکەرە، بەڵام باوەڕی بەوە نییە کە کاریگەری لەسەر پلانە ئۆپەراسیۆنییەکانی ئیسرائیل لە دژی ئێران هەبێت.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دامەزراوەی بەرگری ئیسرائیل ئاگاداری ئەو دزەکردنە گوماناوییە و بە جددی وەریدەگرێت.