ئازا پرێس تایبەت
دۆسیە سێ
دوای سێ مانگ لە تیرۆری مامۆستا جیهان تەها، کە خانەوادەکەی دانیشتووی ئەمریکان، بەیاننامەیەک بڵاو دەکەنەوە. وەک خۆیان دەڵێن، دەسەڵات دەیویست کەیسی جیهان بکا بەکێشەیەکی کۆمەڵایەتی، دەسەڵات هەوڵی دەدا تەواوی کامیراکان و بەڵگەکانی رووداوەکە و راپۆرتە پزیشکیەکە لە ئێمە بشارێتەوە، دەڵێن مافمان هەیە بەدواداچوون بۆ کچەکەمان بکەین چونکە، ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەهێزی بە سیاسەتەوە هەیە.
ئەمەش دەقی بەیاننامەکەی خانەوادەی مامۆستا جیهانی تیرۆر کراوە
بۆ
تەواوی خەڵکی کوردستان
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان
تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کوردستان
هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن لەبەرواری ٢٦-١٠-٢٠٢٣ هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستا جیهان تەهای دانیشتووی هەولێر، لە کوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە، بەڕووداوێکی هاتوچۆی گوماناوی. هاوکات لە فەیسبووکەکەی، چەندین پۆستی نامۆ کرابوو، کە ئاماژەی بەوە دەکرد کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت.
هەرلەسەرەتاوە ئەم ڕووداوە لەلایەن خەڵکی کوردستان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بەکاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە. ئەمەش لەبەرئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو ڕووداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان لە سنوری هەولێر و بادینان بەتایبەت بەردەوام هەبووە. بەجۆرێک کەئازادی ڕادەربڕین، ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و حکومەت و بەرپرسان، هەروەها چالاکی و خۆپێشاندان بۆ داواکردنی ماف، بەهەموو شێوەیەک سنوردار و قەدەغەکراو بووە. بۆ نمونە ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، تیرۆرکردنی وەدات حسێن، تیرۆرکردنی مامۆستا مەلا هۆشیار ئیسماعیل، زیندانی کردنی شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری و قارەمان شوکری و تەواوی زیندانیانی تری بادینان. لەم دواییانەش ڕێگریکردن لە چالاکی و خۆپێشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان لە سنوری هەولێر، دەستگیرکردنی عەلی ڕەئوف نوێنەرێکی تری وانەبێژان بەچەند هەفتەیەک دوای ڕووداوی تیرۆرکردنەکەی مامۆستا جیهان، بەبیانووی ئەوەی بانگەوازی خۆپێشاندانی کردبوو.
ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپێشاندانی وانەبێژان و مامۆستایان لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری کە لە ژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی هەیە و هیچ ڕێگریەک لە خەڵک نەکراوە.
شایەنی ئاماژەپێکردنە کە مامۆستا جیهان تەها کە لە هەولێر دەژی، لەماوەی ڕابردوو لە سێ چاوپێکەوتن دەرکەوتوە کە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە گرتووە، لە لەکەمتەرخەمی و بەدوادانەچوونی داواکاریەکانی وانەبێژان.
لەبەرئەم هۆکارانەیە کە لە تاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها، دەسەڵاتی کوردی لە سنوری هەولێر و بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە. لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان و خەڵکی کوردستان و تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرانسەری جیهان.
هەندێ لەو بەڵگانەی کەدەیسەلمێنن مامۆستا جیهان تیرۆرکراوە:
١. جیهان شۆفێرێکی باش نییە، لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چوون بۆ دەرەوەی شار. بەجۆرێک لەماوەی ژیانی بەهیچ شێوەیەک، بۆ جارێکیش نەچۆتە دەرەوەی شار. کۆتاجار لەگەڵ دایکی چوون بۆ کەرکوک بەتەکسی، چونکە نەیتوانیوە شۆفێری بکات بۆ دەرەوەی شار. ئەو ڕێگایەی کە جیهان پێیگەیەنراوە، ڕێگایەکی سەخت و دژوار و یەک سایدە، پێچانەوە و شاخ و داخێکی زۆری تێدایە. تەنانەت بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی کەپێشتر شوێنی ڕووداوەکە ئامادەکرابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.
بۆ بڕیاری خۆ کوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو ڕێگا سەخت و دژوارە بگرێتە بەر کە پێشووتر هەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت و بۆی نەڕۆیشتبێ، لەکاتێکدا دەیتوانی هەر لەماڵەکەی خۆی لە هەولێر ئەو کارە ئەنجام بدات یان چەندەها ڕێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.
٢. جیهان ئەو ڕۆژە کە تیایدا تیرۆرکراوە، زۆر بەئاسایی و بە ڕێکوپێکی بەرنامەی ڕۆژەکەی خۆی کردووە. بۆ نموونە دەوامی خوێندنگا، وەرگرتنی مووچە، بازاڕیکردن، پەیوندی لەگەڵ کەس و کار و دۆست و هاوڕێ. پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین و ئەنجامدانی هەندێ کاری گرنگ و پێویست لە ڕۆژەکانی دواتر دا. هەر لەهەمان ڕۆژ کاتژمێر ٢:٠٦ خولەک ی دوانیوەڕۆ پەیوەندی لەگەڵ برایەکەی هەبووە و بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتووە. بەڵام لە کاتژمێر ٤:١٠ خولەک ی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نوساوە و لەرزینێکی زۆری پێوە دیاربووە، بەجۆرێک کە وادەردەکەوێت لە ژێر هەڕەشەو فشار قسە دەکات.
٣. بۆ ئۆتۆمبێلێکی هێندە بچووکی مامۆستا جیهان، مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کە بەئەندازەی چوار مەتر بەرزدەبێتەوە، هەروەک لەوێنە و ڤیدیۆیەکان دا دەردەکەوێت. هەروەها وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنها یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە هەر بەدەست وەرگەڕابێت و پاشان سوتێنرابێت.
٤. لەهەمووی سەیرتر، شوێنی ڕووداوەکەیە کە دەکەوێتە بلەو بارزان، ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی بیانیش دەزانین کە ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنێکی دەسەڵات کە لە لوتکەکانی حوکمڕانی دان، تەواو کۆنتڕۆڵکراوە و کەس و کاریان لەو دەڤەرە ژیان دەکەن. نەخۆشخانە و دادگا و بنکەی پۆلیس و تەواوی کەل و پەلەکانی مامۆستا جیهان کەپەیوەندی بە ڕووداوەکەوە هەیە، هەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە.
٥. ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان هەیە، کە لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە، چەندین جار هاتونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبووکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیهان، لە ژێر دەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریان هێناوە. دەڵێن کە مۆبایلەکەی سووتاوە، بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە. بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان هەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبووک، لە ئەکاونتی مامۆستا جیهان، لەلایەن خۆیەوە بڵاوکرابێتەوە.
٦. تەنانەت بەخاکسپاردنی تەرمی مامۆستا جیهان، بەبێ ئامادەبوونی خانەوادەکەی، بەبەرنامە و پلان کراوە و پەلەکردنێکی زۆری تێدا کراوە. دەشوترێت کە مامۆستا جیهان، دەستێکی شکاوە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیش لەو بارەیەوە نیشانی خانەوادەکەی نەدراوە.
٧. بەرگری شارستانی سۆران(ئاگرکوژێنەوە)، سەرەتا ڕایانگەیاند کە ئەم ڕووداوە، لە دوو ژن و پیاوێک پێکهاتوون، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس، کە ئەویش مامۆستا جیهانە، هاوکات دەیان پەیجی تریش هەمان هەواڵیان بڵاوکردەوە، کە قوربانیانی ئەو ڕووداوە لەیەک کەس زیاترە.
٨. بەو پێیەی مامۆستا جیهان خاوەن کەسایەتیەکی زۆر بەهێزە و هیوابەخشە، خاوەن کۆمەڵێ هیوا و ئاواتی خۆی بووە، هەروەها هەمیشە هانی کچان و ژنان و قوتابیەکانی داوە کە بێهیوانەبن و کۆڵ نەدەن لەژیان. لەهەمان کات خاوەنی دوو منداڵی جوانە بەناوەکانی باران و بیرهات و گرنگیەکی زۆری پێدەدان و زۆر پەیوەست بوو پێیانەوە، لەبەرئەوە ئەگەری خۆکوشتن، زۆر دوورە لە کەسایەتی مامۆستا جیهان.
٩. مامۆستا جیهان زانیویەتی کە هەموو خانەوادەکەی تکتی تەیارەیان بڕیوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و برایەکیشی ژن دێنێت. خۆشی بە پێی خۆی چووە بۆ خوازبێنی ئەو برایەی و دڵی خۆش بووە بەم هەواڵە و ئامادەکاری کردووە بۆ ئەو ڕۆژانە و بە خوشکەکانی ووتوە کە هەموومان پێکەوە جلی کوردی لە ڕۆژی ئاهەنگەکە دەپۆشین.
١٠. کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات، گرنگی نەدان و بەدەمەونەچوونی پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان، لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا، هەروەها کۆنتڕۆڵکردن و بچووکردنەوە و بە ئاسایی کردنی ڕووداوەکە، لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیهان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەشێ ئەم تاوانە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجام درابێت.
لەکۆتایدا خانەوادەی مامۆستا جیهانی تیرۆر کراو دەڵێن:
ئێمە وەک خانەوادەی مامۆستا جیهان کە لە یانزە ئەندام پێکهاتووین، لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین. مافی ئەوەمان هەیە کە بەدواداچوون بکەین بۆ کەیسی تاکە کچەکەمان مامۆستا جیهان کە لە شاری هەولێر لە کوردستانی عێراق دەژیا، وە ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەهێزی بە سیاسەتەوە هەیە.
کۆمەلێک وێنەی مامۆستا جیهان: