ئازاپرێس
بەگوێرەی راگەیاندنێک کامەران عوسمان بڵاوی کردۆتەوە، رایدەگەێنێ کە تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، بەچڕی بۆردوومانی زنجیرە چیای گارا دەکەن.
بەگوێرەی راگەیاندنەکەی کامەران عوسمان سوپای تورکیا لە کاتژمێر ٤:٥٥ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تاوەکو کاتژمێر ٥:٣٠ خولەک، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، لە هەردوو بارەگای سەربازی “مام ڕەشا لەسەر چیای کوڕەژار” و “گەلی ڕەشاڤا”وە ١٦ جار بۆردوومانی “بەری نزارێ”یان لە زنجیرە چیای گارا کرد.
ئامارەکانی کامەران عوسمان لە رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ئاشکرای دەکەن کە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و تۆپبارانەوە، ٢٧ هێرشی بۆسەر چیای گارا ئەنجامداوە، بەڵام وەک ئەوان دەڵێن، هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی ئەو هێرشانە.
هەر ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٦:٤٠ خولەکی ئێوارە، گوللە تۆپێکی سوپای تورکیا کە لە بارەگای سەربازی “گرێ بەهار”وە هاوێژرابوو، لە ناو گوندی گوهەرزێی سەر بە قەزای ئامێدی کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا، زیان بەر ماڵی دوو هاووڵاتی مەدەنی کەوت.
کامەران ع دەڵێت، لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی گوللە تۆپەکەی تورکیادا، زیاتر لە نیوەی کەلووپەلی ناو ماڵی هاوونیشتیمانی گوهەرزێ ( فاروق سەفەر محەمەد) شکان و زیانیان بەرکەوت. لە هەمانکاتدا، سێ منداڵی ئەو هاونیشتیمانییە بەهۆی ڕووداوەکەوە تووشی تۆقین هاتوون و لە ئێستادا، لە نەخۆشخانەی ئامێدی چارەسەر وەردەگرن.
هەر لەم ڕووداوەدا، زیان بەر ماڵی هاوونیشتیمانییەکی تری گوهەرزێ بە ناوی (دڵبرین سەفەر محەمەد) کەوتووە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، ١٢ گوللە تۆپ بەر ناو گوندی گوهەرزێ کەوتوون و زیانییان بە خانوو و ماڵی هاووڵاتییان گەیاندووە.