ئازا پرێس
دوای لێدوانە توندەکانی رەوتی هەلوێست و قسەکەی عەلی حەمە ساڵح کاتێک گوتی ئەگەر نەسەلماند ساختەکاری لە هەڵبژاردن کراوە لەسێدارەم بدەن، لەگەڵ کۆمەلی دادگەری کەوتنە دیدار و گفتوگۆ، دوێنێ دوای کۆبوونەوەیەک سەرۆکی کۆمەلی دادگەری عەلی باپیر رایگەیاند ئێمە ناچینە پەرلەمانێک پێشوەختە دیزاین کرابێ. هەرچەندە رەوتی هەڵوێست پێشوەختە گوتبووی ئامادەنین بچینە پەرلەمانەوە، بەڵام بەدەل بەرواری کاندیدی سەرکەوتوی هەڵوێست گوتی، هەڵوێست بەیەک کورسیشبێ دەچێتە پەرلەمان!!
گۆڕانی گردەکە بەناوی جڤاتی گشتی رایگەیاند کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ١٠ رەتدەکەنەوە، بەڵام گۆڕانی کوردسات وەڵامیان دانەوەو گوتیان؛ ڕای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان تەنها لە کەناڵ و سایتی KNN و سایتی gorran.net و ڕادیۆی گۆڕانەوە بڵاودەکرێتەوە و بە پێچەوانەوە بزوتنەوەی گۆڕان بەرپرس نیە لە ڕای هیچ گروپێک.
بەرەی گەل بەدوو کورسی هێشتا خۆی یەکلانەکردۆتەوە لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، هەروەها لەنێوان چوون و نەچوون بۆ پەرلەمان.
هەرچی یەکگرتووی ئیسلامیە خۆی یەکلاکردۆتەوە کە دەچێتە پەرلەمان، بەڵام وەک ئۆپۆزسیۆن بەشداری دەکات.
نەوەی نوێ وەک لیستی قازانج کراوی ناو دیزاینەکە بەناو دەکرێ، هەرچەندە خاوەن ١٥ کورسیە و خۆی بە ئۆپۆزسیۆن بەناو دەکات، بەڵام سەبارەت بەساختەکاریەکانی هەڵبژاردن خاوەن هیچ هەڵوێستێکی شایەنی باس نییە.
لەئێستادا چاودێران قسە لەسەر حەوت کورسیەکەی هەڵوێست و کۆمەڵ دەکەن و دەڵێن؛
لە بارێکدا ئەگەر کۆمەڵی دادگەریی و رەوتی هەڵوێست وەک لیست بکشێنەوە، ئەنجامەکان بەم شێوەیەی لێدێت:
یەکێتی چوار کورسییەکەی کۆمەڵ و هەڵوێستی لە بازنەی سلێمانی بەردەکەوێت و بەوەش ژمارەی کورسییەکانی لە (٢٣) کورسییەوە دەبێتە (٢٧) کورسی، پارتی هەر دوو کورسییەکەی کۆمەڵ و هەڵوێستی لە بازنەی هەولێر بەردەکەوێت و بەوەش ژمارەی کورسییەکانی لە (٣٩) کورسییەوە دەبێتە (٤١) کورسی..