ئازپرێس
شايان علی نوری دوێنێ ٣٠-١٠-٢٠٢٤ لە زیندانێکی بەغدا گیانی لەدەست داوە، پێش ساڵێك لە کەرکوك دەستگیرکراوەو دواتر نێردراوە بۆ زیندانی بەغدا.
بەپێی سەرچاورکانی هەواڵ بە نەخۆشی درێژخایەن مردووە، بەڵام ئەم بابەتە پێشتر باس نەکراوە کە ئایا نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە یان نا!!
شایان عەلی بە گرتە ڤیدیۆ راستەوخۆکانی دەناسرا لە پێگەی دژیتاڵی خۆی بڵاوی دەکردنەوە، ئەمەش ناڕەزایەتیەکی زۆری لەگەڵ خۆی هێنابوو، چونکە زیاتر سوکایەتی بەهێزە ئەمنیەکان کردووە، هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری دەستگیر کردنی.
لەلای خۆیانەوە چالاکوانان و پارێزەران گومانیان لە مردنەکەی هەیە، بۆیە داوای روونکردنەوە لە وەزیر داد و دەزگای مافی مرۆڤ دەکەن.
لەوبارەیەوە پارێزەر هەژار کاکەیی دەڵێت؛
ئەوەی تاوانێکی کرد مانای ئەوە نیە لە مرۆڤ بوون بسڕیتەوە، شایان ئەنوەر تاوانی کرد و سزای خۆی وەرگرت و چووە زیندان . ئەوەی بەرپرسە لە مردن یان تیرۆر کردنی شایان ئەنوەر لە ناو زیندان وەزیری دادی عێراقە، چونکە چاکسازیەکانی عێراق سەر بە وەزارەتی دادن. ئەوەی وەزیری دادە خالید شوانیە کە یەکێتیەو کوردەو کەرکوکیە، هەمانکات سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤە بۆیە دەبێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەو تاوانە .
بە پێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان زیندانەکانی عێراق خراپترین مامەڵە لەگەڵ زیندانیەکان دەکەن و هەموو تاوانێک لە ناو زیندانەکانی عێراق دەرحەق بە زیندانیکراوان ئەنجام دەدەرێت .
ئەمەی خوارەوش دەگوترێ چیرۆکی ژیانی شایانە کە لایەن هاوڕێیەکیەوە نوسراوە بەڵام ناوی کەسی بەسەرەوە نییە، ئێمەش وەکو خۆی بڵاوی دەکەینەوە:
بەگریانەوە چیرۆکی تاڵی ژیانی بۆگێڕامەوە و پێی وتم “بەڵێنم پێ بدە ژیانم بنوسەرەوەو دوای مردنم بەهەمو دنیادا بڵاوی بکەرەوە،با هەمو دنیا بزانێ چەن ئازارم چەشتووە لەدنیادا”
لەسەر وەسێتی شایەن خۆی چیرۆکی ژیانی وەر ئەگێڕمە سەر چەند زمانێکیتر و بەگوێی هەمو دنیایدا ئەدەم.
(چیرۆکی ژنێکی کورد لەنێوان یاسای سێ وڵاتدا)
شايان على، ٣٥ ساڵ، ئاکاری شین و مۆری لێدان و ئەشکەنجە بە سیماو باسکییەوە دیارە. ئەو دایکێکە بۆ ماوەی ساڵێک زیاترە، نازانێت مناڵەکەی لە کوێیەو چۆن دەژیت، چونکە مێردی پێشووی لێی زەوتکردوەو نایەڵێت بیبینێت. لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر پارەو خانووەکەیدا بگرن، براکانی وەک شێت لە قەڵەمی ئەدەن و کار لەسەر ئەوە دەکەن لە تواناو کەسایەتی کەمبکەنەوە. جگە لەوەی ڕێگری لە وەرگرتنەوەی مناڵەکەیشی دەکەن، دەیانەوێت بەزۆر بەشووی بدەن.
ڕۆژێک بەفێڵ، براکانی شایان دەبەن بۆ لای شێخێک، هەردوو دەست و قاچی دەبەستنەوەو شێخەکەش بە دارێک دەست دەکات بەلێدانی. هەموو لەشی شین و مۆر دەکاتەوەو ئەویش تەنها هاوار دەکات و دەنگی نەدەگەیشتە هیچ کەسێک. «مەلاکە پێی ئەووتم، ئەوە تۆ نیت قسە دەکەیت، جنەکانی لەشتن قسە ئەکەن، بێدەنگبە ئەبێ بێنە دەرەوە. هەردوو دەستیان گرتم، سەرەتا کە لەدەستی چەپی دام ئازار گەیشتە دڵم، دواتر لە دەستی ڕاستی دام، براكەم هەردوو دەستى گرتبووم هەتا شێخەکە ئەشکەنجەم بدات». دووای ئەو ئەشکەنجەیە دەیبەنە ماڵەوەو دەست بەسەر ئۆتۆمبێڵ و مۆبایلەکەیدا دەگرن. بەقسەی خۆی بەردەوام حەپی خەویان دەدایێ.
شەوێک هەلی دەست دەکەوێت ئۆتۆمبێلەکەی لەژێر دەستیان دەربهێنێت، لە ماڵ هەڵدێت. لە ئاسایشی گەڕەکەکەیان سکاڵا لەسەر شێخەکەو هەمو ماڵەوەیان تۆمار دەکات، چەن شەوێکیش بەسەر جادەکاندا ئەسوڕێتەوەو لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دەخەوێت. شایان کە بۆ ماوەی سێ مانگە سکاڵای یاسایی دژی شێخەکەو کەسوکاری تۆمارکردووەو هیچ ڕێکارێکی یاسایی دژیان نەگیراوەتە بەر، دەڵێت، «هیچ شتێک لەژیاندا چۆکت پێ دانادات و زەلیلت ناکا تەنها مناڵ نەبێ، ئەو هەموو سوکایەتییەم قبوڵکردوە لەپێناو بەدەسهێنانەوەی مناڵەکەمدا».
مناڵەکەی شایان لە هاوسەرێکی بەڕەگەز مەغریبییە، کاتێک لە ئەمریکا بووە ناسیویەتی. وەک دەگێڕێتەوە، دوای سێ ساڵ لەپەیوەندیی هەردووکیان دێنەوە بۆ کوردستان و هاوسەرگیریی دەکەن. بەڵام لە مانگی هەنگوینیداو لە لوبنان گرفت دەکەوێتە نێوانیانەوە. کە دەگەڕێنەوە کوردستانیش گرفتەکە گەورەتر دەبێت، چونکە هاوسەرەکەی توندوتیژ دەبێت لەگەڵیداو لێی ئەدات، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی لەگەڵ هاوژینی پێشوویدا نابڕێت. ئەو بەتەنها لە لوبنانەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، نایەوێت بەردەوام بێت لەگەڵیدا، بەڵام دەکەوێتە ژێر پاڵەپەستۆی کەس و کارەکەیەوەو ناچاری دەکەن پێکەوە بگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا.
لەلایەکی ترەوە شایان دەکەوێتە ژێر پاڵەپستۆی کەسوکاری هاوسەرەکەیەوە، کە بەقسەی خۆی بەجۆرەها شێوە دەستیان لە ژیانیان وەرداوە. لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەشدا، دوای ساڵێک مناڵێکیان دەبێت و ناوی لێدەنێن شاد. ئەوەی لەبیری ناکات، ئامادە نەبوونی مێردەکەی بووە لەکاتی مناڵبووندا. «کە دکتۆرەکە پرسیاری باوکی کرد، پێم وت بەجێی هێشتوم و لێرە نیە، ئیتر خۆم ناوکی کوڕەکەم بڕی».
دوای لەدایکبوونی مناڵەکەیان، شایان پێی وادەبێت ژیانیان بەرەو باشیی ئەگۆڕێ، بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هاوسەرەکەی توندوتیژتر دەبێت. بەقسەی خۆی بەشێکی هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زۆر لەخۆی گەورەتر بووەو ئەمەش گرفتێکی زۆری دروستکردووە. هەروەها بۆیشی دەرکەوتووە کە ئەو پیاوە کاری نایاسایی لە ئەمریکا کردووە.
«وای لێهات هەمو هەفتەیەک لێی ئەدام و سوکایەتی پێ ئەکردم، لە کۆتاییدا، لێی جیابوومەوەو گەڕامەوە بۆ سلێمانی. لەگەڵ کوڕەکەم ساڵێک لەکوردستان ژیاین، لەو ماوەیەدا، نەمهێشت شاد لە باوکی داببڕێت و نەیناسێتەوە، خۆم داوام لێکرد سەردانی کوردستان بکات و شاد ببینێت تا لە هەستی باوکەیاتی بێبەش نەبێت. کە هاتە کوردستان، داوایکرد بەشێوەیەکی کاتیی شاد ببات بۆ مەغریب، چونکە ئەویش دوای جیابونەوەمان لە مەغریب ئەژیا».
بەگوێرەی ئەم گێڕانەوەی شایان، لەبەر ئەوەی مانگانەی کارەکەی تەنها٤۰۰ هەزار دینار بووەو نەیتوانیوە مەسرەفی هەموو شتێک بەو بڕە پارەیە دابین بکات، لەلایەکی ترەوە لەژێر پاڵەپەستۆی خێزانەکەیدا بەردەوامی دەبێت، بۆیە رازی دەبێت بەشێوەیەکی کاتیی مناڵەکەی لەگەڵ باوکیدا بنێرێت بۆ مەغریب. ئیتر لەو کاتەوە ئەو مناڵەکەی لێ زەوت ئەکات و جارێکی تر ماوەی ناداتێ بیگەڕێنێتەوە لای خۆی.
بەدوایدا دەڕوات بۆ مەغریب، بەڵام هاوسەرەکەی ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنی دەگۆڕێت و بەناچاریی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. پاش ماوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکاو لەرێگەی یاسای ئەو وڵاتەوە داوای شاد دەکات. لێرەدا تووشی کێشەی ئەوە دەبێتەوە کە مناڵەکەی لەعێراقەوە دەرچوەو ئەبێ هەر لەوێوە داوای بکات. بۆ ماوەی شەش مانگیشە لە هەرێمی کوردستانداو بەپێی یاسای عیراقی هەوڵ ئەدات بۆ بەدەسهێنانەوەی مناڵە ڕفێنراوەکەی، بەڵام بەبێ هیچ دەرەنجامێک.
ئەم دایکە کوردە، لە بەرواری ٢٤\٢\٢٠١٨ەوە مناڵەکەی لێ ڕفێندراوەو لەنێوان یاسای سێ وڵاتدا کار بۆ گەڕاندنەوەی دەکات. ئەو دوای ١٢ ساڵ ژیان لە ئەمریکا نایەوێت جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام بەو ئومێدەوە دەژی عێراق و مەغریب و ئەمریکا مناڵەکەی بۆ بگەڕێننەوە.
ئەزموونی شایان لەگەڵ توندوتیژی هەڵهاتندا، درێژترە لەوەی لە ئەمریکاوە دەست پێدەکات و لە کوردستان و مەغریب پەرەدەسێنێت. ئەو دەڵێت، «من لە لەتاو خراپیی براکانم لە کوردستان رامکردو ڕوومکردە ئەمریکا، کەچی لەگەڵ پیاوێکدا ڕووبەڕووی چیرۆکێکی توندوتیژیی بوومەوە، خراپتر لە چیرۆکی براکانم».
پێش ڕۆیشتنی بۆ ئەمریکا، شایان زۆر حەزی لە مۆسیقا بووە، دایک و براکانی ئەوە بە عەیبە دەزانن و لە خوێندن لە هونەرە جوانەکان بێبەشی دەکەن. چوار براکەی زۆر توندوتیژ دەبن لەگەڵ ئەو و خوشکانیدا. دواى مردنى باوكیشیان توندوتیژییەکە زیاتر دەبێت. کار دەگاتە ئەو رادەیەی شایان و خوشکەکانی بۆ ماوەی سێ مانگ لە ماڵ بکەنە دەرەوەو لە شێڵتەرێک لە شێڵتەرەکانی سلێمانی بمێننەوە.
دوای تەواوکردنی قۆناغی پێنجی ناوەندی، بەهۆی نەبونییەوە دەست لە خوێندن بەردەدات و لە دامەزراوەیەک کاردەکات، بەڵام لەلایەن خاوەنکارەوە تووشی گێچەڵی سێکسی دەبێتەوە. ئیتر لێرەوە شایان بڕیاردەدات بچێتە دەرەوەی وڵات و بۆ ئەم مەبەستەش قسە لەگەڵ دایک و براکانیدا دەکات. کەسیان بەم داوایە رازی نابن و کار دەگاتە ئەو ئاستەی یەکێک لە براکانی هەڕەشەی کوشتنی لێبکات.
ئەو دەمە، ٢٠٠٩، کە ئەو تەمەنی ۱۹ساڵ دەبێت، لە ژێر هەڕەشەو ترسدا کار بۆ ئەوە دەکات بەنهێنی سەفەر بکات. لەم بارەیەوە دەگێڕێتەوە، «تەسکەرەکەی باوکم بردو چووم بۆ کەرکوک بۆ دەرکردنی پاسەپۆرت، برایەکم کەسێکی ناردبو بۆ کەرکوک بۆ کوشتنم، من لە ماڵێکی خاوەن متمانەدا خۆمم حەشار دابوو. دوای گەڕانەوەم بۆ سلێمانی، براکانم ناوی منیان لە خاڵی پشکنینەکان وەک شێت دانابوو، بۆیە یەکسەر گیرام و یەک حەفتە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرونی کرام، بەڵام دوای حەفتەیەک ئازادیان کردم».
هەر ئەو ساڵە، شایان بەنهێنی ڤیزەی تورکیا وەردەگرێت و دوای ٤ مانگ لەوێ لەلایەن ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەردەگیرێت. دوای ٨ مانگ مانەوەش لەتورکیا لە رێگەی ڕێکخراوی پەنابەرانەوە دەچێتە ئەمریکا. پاش ماوەیەک لەگەڵ پیاوێکی کورددا زەواج دەکات، بەڵام بەقسەی خۆی، ئەو نەهامەتییەی بەدەست ئەو پیاوەی ئەمریکاوە بینیویەتی، هەمان ئەو نەهامەتییە بوو کە بەدەست براکانیەوە بینیبووی. لەژێر بارێکی دەروونی خراپدا کە ئەو هاوسەرگیرییەو توندوتیژیی دروستی کردووە، مناڵی یەکەمی لەباردەچێت، «بۆیە بڕیارمدا بەیەکجاری لەو ژیانە بێمە دەرەوەو لێی جیابومەوە»، ئەو وا دەڵێت.
دوای هەوڵێکی زۆر، شایان هێزو توانای خۆی بەکار دەهێنێت و لە ئاریشگایەکی ژناندا ڕۆژی ۱۱ سەعات ئیش دەکات، لەماوەی ساڵ و نیوێکدا پەرە بەکارەکەی دەدات و داهاتی باشتر دەبێت و دەتوانێت یارمەتی دایک و خوشکەکانیشی لە کوردستان بدات.
تا ئەو کاتەی دەچێتە ناو چیرۆکی زەواجەوە لەگەڵ پیاوی دووەمدا لە ژیانیدا، دۆخی لە ڕووی دەرامەت و نیشتەجێبوونەوە باش دەبێت، بەڵام دووای زەواجی دووەم لەگەڵ پیاوێکی مەغریبیدا، جارێکی تر دەکەوێتە ناو چیرۆکی توندوتیژییەوە. ئەمڕۆش کەیسەکەی لە دادگاکانی کوردستانەو بە هیوای گەڕانەوەی کوڕەکەیەوە دەژیت. کێشەکەش لەنێوان یاسای سێ وڵاتدایە، ئەو باش دەزانێت ئاڵۆزییەکان زۆرن، لەسەرووی ئەوەشەوە دەڵێت، «دەمەوێ بگەمە مافی خۆم و ئیتر ژیانم بۆ داکۆکیکردن لەژنانی وەک خۆم تەرخان بکەم».
شایان دواجار بەئاواتی بینینەوەی کوڕەکەی لەزیندان گیانی سپارد، لەسۆشیاڵ میدیا دەستیکرد بەڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و یاسای عێراق، بەو هۆکارە ساڵی ٢٠٢٣ دەستگیری دەکەن و دەیبەنە زیندانی بەغداد.
٣٠/١٠/٢٠٢٤ بەکەسوکاری شایانیان ووتوەکە بەجەڵتەی دڵ مردوە و وەرن تەرمەکەی ببەنەوە.