جوتیار ئاسۆس
لە کۆنگرەی پزیشکی مێزۆپۆتامیا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەسترا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە وتارێکی دا و لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی خولی شەشەمی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی قسە بۆ خەڵکی هەسارەیەکی تر بکات، وتی: پێویستە لە سەر بنەمای یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگە بێت! ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو وتارە بۆ کەسێک کە ئاگاداری مێژوو و ڕەوشی هەرێمی کوردستان نەبێت، ڕەنگە بڵێ؛ ئەوە وتارێکی باش و پۆزەتیڤە! بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەو مەبەستی لە کام حکومەت .. کام پەرلەمان.. کام هەرێم و کام هێزی پێشمەرگەیەیە؟!
لەبیرەوەری هەموو مرۆڤێکدا هەیە کە بە منداڵی لەڕێگای هەندێ خورافات و وتەی نالۆژیکی لەلایەن گەورەکانەوە کاریگەری لەسەر سایکۆلۆژیا کراوەو فریودراوە، یان هەڕەشەی لێدەکرا و لە مەترسیەک ئاگادار دەکرایەوە. ساڵ بەساڵ مرۆڤ مەزنتر دەبێ و ڕەهەندەکانی بیرکردنەوەی فراواتر دەبێ و ئیدی یادەوەریەکانی منداڵی بۆ ئەو دەبن بە بیرهێنانەوەی خۆش و جێگای پێکەنین. بەڵام لەبارێکدا کەسێک دیسا هەوڵی فریواندنی بداتەوە ، بەهەمان لۆژیکی ئەو بەهانانەی کە بە منداڵی بۆی باس کردووە، ئیدی ئەوە توڕەی دەکات و قبوڵی ناکات. چیدی هێنانەوەی بەهانەی لەو ڕەنگە نابن بە جێگای پێکەنین و کۆمێدیا بەڵکو پەرچەکردار بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
پێویست ناکات باس لە مێژووی حوکمڕانی ئەو بنەماڵەیە و کەسایەتی مەسعود بارزانی بکرێت، چونکە لە هەرلایەکەوە مرۆڤ دەستی بۆ ببات کۆڵەوارە و ئەوە “هەزار و یەک شەوی لەیلا”ی پێویستە و هێشتا تەواویش نابێت. کام هەرێمی کوردستان کە خودی خۆی تەنیا هەتا دێگەڵە بە موڵکی خۆی دەزانێ و بستە زەویەک نەماوە لەدەرەوەی ئەو سنورە کە ئەوان دەیان پیلانگێڕیان لەدژی نەکردبێت؟ ئێمە باسی ۳۲ ساڵی سیخناخ لە خیانەت و خاکفرۆشی ناکەین، تەنیا باس لە دواهەمین پیلانی خۆی و بنەماڵەکەی دەکەین، کە لە کەرکوک لەگەڵ عەرەب و تورکمانی شۆڤێنیش هاوپەیمانیان بەست تەنیا لە پێناوی ئەوەی پارێزگاری کەرکوک کورد نەبێت.
پەرلەمانێک کە خودی خۆی وەک سەرۆکی باندێک دەرگاکەی داخست. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ماڵباتەکەی سەرباری ئەوەی دەوڵەتی تورک وەک چەتەکانی ئەدلەب لێیان دەڕوانێت و لەگەڵ ئەوان دەیانخاتە سەرمێز، ئێشتا قەومەکەی ئەم هێندەی وابەستەی ئەنکەرەن، هێندە وابەستەی پەرلەمانەکەی خۆشیان نین. تەنانەت خودی وشەی پێشمەرگە کە ئەم پیاوە کردوێتی بە وێردی سەر زمانی، بە وتەی شایەدحالان ئەم تاکە یەک ڕۆژ پێشمەرگەیەکی کارا نەبووە و ئەو داستانانەی ئەو باسیان دەکات کە گوایە تیایاندا ڕۆڵی گێڕاوە، لەڕاستیدا هەندێکیان ڕۆڵی براگەورەکەیەتی ( ئیدریس بارزانی) کە لە کەشێکی تەمومژاویدا کوژراوە، یاخود داستانی ئەو کەسایەتی و پێشمەرگانەی دەڤەری بادینانن کە دواتر بە پیلانگێڕی بنەماڵەکەی ئەمان یەک یەک لەناوبران و تیرۆر کراوەن، بەلکو هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەم پیاوە بەر لەوەی ببێ بە سەرۆکی هەرێم، تەنیا سەرپەرشتی دەزگای پاراستنی پارتی کردووە و بەرپرسی دارایی و مەلەفە نهێنیەکان و لەناوبردنی پێشمەرگەی لایەنەکانی تر و پێشمەرگەی ڕاستەقینەکان و ڕکابەرانی ناوخۆیی بنەماڵەی بارزانی بووە. ئیتر با باسی کێشانەوەی دە هەزار پێشمەرگەی پڕچەک بە تۆپخانە و چەکی قورس نەکەین لە ناوچەی شەنگال کە ۱۰ساڵ لەمەوبەر بە فەرمانی ئەم کاکی پێشمەرگەیە، بەرامبەر بە پێنجسەد چەتەی داعش هەڵاتن و زەمینەسازیان کرد بۆ ئەوەی ڕێکخراوە مەزهەبیەکان سۆسیالمیدیا و میدیای فەرمی خۆیان پڕ بکەنەوە بە داستانی سەرکەوتنی مێژوویی جیهادیەکان، کە توانیویانە چ هێزیکی هەزارانکەسی خاوەن ئەزموون و بەناودەنگی وەک “هێزی پێشمەرگە” بە چەند کاتژمێریک تێکبشکێنن و ڕاوەدوویان بنێن. هەتا لە یادیشمان نەچێت، ئەم پیاوە چەکدارەکانی “ڕۆژ”یش بە “پێشمەرگە” هەژمار دەکات کە لەسەر دەستی هەواڵگری سوپای تورک پەروەردەیان بینیوە و پێشڕەوی سوپای تورک دەکەن بۆ تونێلەکانی گەریلاکان و ئەوەی کە لێشیان زیادەیە ، دەیاننێرن بۆ عەفرین و لیبیا و قەرەباخ بۆ ئەوەی لەسەنگەری پاشماوەی چەتەکانی داعش و ئەلقاعیدەدا “جیهاد” بکەن. دواجار ئەوەی ئەم پیاوە باسی دەکات، بێگومان ئەو پەرلەمان و حکومەتەیە کە تانکەکانی فیرقەی ( قودسی حەرەس جمهوری – سەردەمی بەعس) بە جامانەی سور و ئاڵای زەردەوە لە ۳۱ی ئابی ۱۹۹٦ داگیریانکردووە و ئەمیش بە مەرسومێکی بارزانیانە کردوێتی بە ڕۆژی سەروەری بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.
پێداگری مەسعود بارزانی و پارتی دیموکرات لەسەر حکومەتی بنگەفراوان و یەکگرتووی هەرێمی کوردستان تەنیا و تەنیا بۆ یەک دەسکەوتە. ئەویش دەستبسەراگرتنی ئەو بەشەی دارایی خەڵکانی هەرێمی کوردستانە کە لە بۆشاییدا ماوەتەوە و ناکۆکی لەسەرە. تەنیا بۆ بەهێزکردن و بە شەرعیکردنی پرۆژە بانکیەکەی ( مەسروری کوڕی و ئارینی کوڕەزایەتی) بەناوی هەژماری من، بۆ ئەوەی ئەوان ببن بە بانکی بێ ڕکابەر بۆ دابەشکردنی موچەی موچەخۆران و سولفەی پرۆژەکان. ئەم پیاوە بەم وتە سەوزوسورانەی کە دەبوو لە سالی ۱۹۹۲ دا بیانکات، تەنیا بۆ ئەوەیە کە هاوبەشی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان هیچ بەرهەڵستیەکی پرۆژەی هەژماری من نەکات و قوتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دیسانەوە بکاتەوە بە ڕەهنی درێژەدان بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی خۆیان. چون ئەگەر پرۆژەی هەژماری من ڕەتبکرێتەوە، ئیدی هیچ واتایەک بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم نامێنێت، ئەگەر بەغداد ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دەروازە نێودەوڵەتیەکان و فڕۆکەخانەکان و سامانی ژێرزەوی بکات کە ئەمان لە ۳۲ ساڵی رابردوودا بەتاڵان بردوویانە و لەگەڵ دوژمنانی گەلی کورد وەک برا بەشیانکردووە، ئەوسا لەبری وەزارەتی دارایی ، حکومەتی داهاتووی نۆبەرەکەی ئەم تەنیا پێویستی بە چەند ژمێریارێک دەبێت بۆ کاروباری دارایی و هیچ پێویستیەک بۆ هەبوونی وەزارەتێک بەناوی دارایی نابێت.
دواجار مرۆڤ دەتوانێت بە یەک ڕستە بڵێت؛ ئەوەی بنەماڵەی بارزانی لە هەرێمی کوردستان تاڵانی کرد و بەفیڕۆی دا ، ئەوانەیان ئەمڕۆ لەدەستچووە! بەڵام وەزارەتی دارایی کابینە نوێکەی مەسرور لەهەوڵی ئەوەدایە ببێت بە وەزیری ماشینەوە و دزی لە گیرفانی موچەخۆران و واپێدەچێت “هەژماری من” مەرجی سەرەکی دانوسانەکانی پارتی بێت بۆ پێکهێنانی حکومەت . مەسعود بارزانیش بەوە دەڵێت یەک هەرێم و یەک حکومەت و هتد.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی