ئازا پرێس
لە سەردانێکی پێشوەخت رانەگەیەندراودا سودانی سەرۆک وەزیران دەگاتە تورکیا لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوەو باس لە گۆرانکارییەکانی ناوچەکە و رێگەی گەشەو ، پە-کەکەیان کردووە.
هەرچەندە راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر سەردانەکە هیچ ئاماژەیەکی بۆ پە- کەکە تیادا نییە، بەڵام راگەیاندنی سەرۆکی تورکیا ئاماژە بەو پرسە کراوە کە ئەمڕۆ لە ئیستانبول سازکرا، ئەمە بۆ دووەمین جارە راگەیاندنەکانی حکومەتی تورکیا راگەیاندنەکانی حکومەتی عێراق بەدرۆ دەخەنەوە لە دەرخستنی بەیاننامەی سەردانی کردن و دیدار و چاوپێکەوتنیان.
لە راگەیاندنەکەی سەرۆکی تورکیادا هاتووە” ڕۆژی هەینی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبوڵ پێشوازی لە محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد”.
پەیامنێری ئانادۆڵو ڕایگەیاند، سەرۆک ئەردۆغان لە دەروازەی کۆشکی واحید ئەلدین لە ئەستەنبوڵ پێشوازی لە ئەلسودانی کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند،” ئەردۆغان و ئەلسودانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کردووە”.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، “ئەردۆغان لەمیانی دیدارەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیە و عێراق وڵاتی دراوسێن و پەیوەندییەکی مێژوویی و کولتووری ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان هەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئیستغلالکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری، بەتایبەتی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، سوودی بێسنوور بۆ هەردوو وڵات دەڕەخسێنێت”.
هەروەها لە راگەیاندنەکەی سەرۆکایەتی تورکیاشدا هاتووە” ئەردۆغان جەختیشی کردەوە کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان مەترسی ئەمنی بۆ تورکیا و عێراق بەهەمان شێوە دروست دەکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرەنگاربوونەوەی هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەبێ جیاوازی لەنێوانیاندا خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری هەردوو وڵات دەکات.
هاتووشە” سوپاس و پێزانینی تورکیە بۆ هەنگاوە ئەرێنییەکانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی پە-کەکە دەربڕی”.
ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەستدرێژیی ئیسرائیل تادێت لە ناوچەکەدا تەشەنە دەکات و مەترسی لەسەر ئاشتی ناوچەکە و جیهانی دروست دەکات.
جەختیشی کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە لە کەشێکی هاوپشتیدا بجوڵێن بۆ ئەوەی ڕێگری لەم بکەن و ئاشتی و سەقامگیری مسۆگەر بکەن.