ئازا پرێس
بەگوێرەی راگەیاندنەکان هەریەکە لە یەکێتی و پارتی شاندی دانوستاندنی خۆیان بەجیا پێک هێناوە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم.
بەگوێرەی زانیاریەکان مەکتەبی سیاسی پارتی لێژنەیەکی بۆ دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی
دەیەمی حکوومەت پێکهێناوە.
لێژنەکەی پارتی لەلایەن هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرۆکایەتی دەکرێت، هەروەها ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بەشدارن لە لێژنەکە.
بڕیاروایە دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە، لێژنەکە بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات.
لەگەڵ ئەوەی پارتی کاندیدی بۆ سەرۆک وەزیران دیاری کردووەو بە مافی خۆشی دەزانێت، لەئێستا شەڕ بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکات کە یەکێتی چاوی لەسەریەتی.
هەربۆ هەمان مەبەست بۆ دانوستاندن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، میدیای یەکێتی ئەندامانی لیژنەی تایبەتی یەکێتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی راگەیاند کە هەریەک لە قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتیی دەکات و ئەندامەکانی پێکهاتوون لە: دەرباز کۆسرەت رەسول، نزار ئامێدی، رێواس فایەق و رزگار حاجی حەمە.
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی لایەنەکانیتر بەئەنجامەکان ناڕازین، یان بڕیاریانداوە بەشداری لەگەڵ پارتی لەحکومەتدا نەکەن، بۆیە لەبنەما دانوستانی پارتی و یەکێتی پێکەوەیە، کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی هەرێمن.