ئازا پرێس – تایبەت
دەرکردنی دوێنێی ٨-١١-٢٠٢٤ هەر چوار بەڕێوەبەری نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر و داخستنی نوێنەرایەتیەکە لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە، دەرکەوت پارتی پلانی تری بەدەستەوەیە و فەرمانیتری پێکراوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئازا پرێسی راگەیاند داخۆ بۆچی لەم کاتەدا پارتی نوێنەرایەتی هەدەپەی لەهەولێر داخستوە؟
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند،
لەدواین چوونی نێچیروان بارزانی ١٦-١٠-٢٠٢٤ بۆ لای ئەردۆغان و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی میت، فەرمانیان پێکردووە کە پێویستە نوێنەرایەتی هەدەپە دابخەن، لەشوێنی هەدەپە پێویستە نوێنەرایەتی هوداپار «حیزبی کۆنتڕا» بکەنەوە. ئەوەش روونبۆتەوە، ئەو سەردانەی زەکریا یازجی ئۆغلو بۆ لای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە مانگی رابردوو، بۆ هەمان مەبەست بووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی گووت، بارزانی و ئەردۆغان پلانی نوێیان ئەوەیە کە بەڕێگەی قەیوم و داخستنی نوێنەرایەتی هەدەپە بتوانن لەژێر ناوی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری، باڵی سیاسی کورد لە باکور و تورکیا لاوازبێ، هەمانکات هوداپار وەک بەشێکیتر لە نوێنەری کورد دیاری بکەن، تاکو ئەو یەک گوتاریەیی کورد لە باکور پارچە بکەن.
جێگەی ئاماژەیە کاتێک رێکەوتنی نێوان ئەکەپە و مەهەپە و هوداپار پێکهات، تورکە رەگەزپەرستەکان رەخنەی توندیان کرد، بەڵام هەر ئەوکات وەزیری ناوخۆی تورکیا سلێمان سۆیلو گوتی ئێوە بەرهەمی ئەم رێککەوتنە لەگەڵ هوداپار لەداهاتوودا دەبینن.
لە دواین دیداری مێری دا کاتێک پرسیار لە نێچیروان بارزانی کرا سەبارەت بە رۆڵیان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئەگەر دەستپێبکاتەوە، نێچیروان بارزانی وەڵامەکەی تەنها هێرشی کردە سەر پەکە.کە و هیچ خۆشحاڵیەکی دەرنەبڕی و ئامادەکاری خۆشی بۆ وەها کارێک نیشاننەدا.