ئازا پرێس
هاوکاتی هێرشەکانی ئاکەپە و مەهەپە ، پارتی و بارزانیش بارەگای دەم-پارتی (هەدەپە)یان لە هەولێر داخست
دوای ئەوەی حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە سەرۆک-شارەوانیە هەڵبژێراوەکانی ٦ شاری باکوری کوردستانیان لەکارەکانیان دوورخستەوە و لەجێی ئەوان قەیومی زۆرەملێیان بەسەر گەلی کوردا سەپاند، لەیەکەمین کاردانەوەیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بن ئیدارەی ماوەبەسەرچووی مەسرور مەسعود بارزانی ، ئەمڕۆ نوێنەرایەتی دەم-پارتی ( هادەپە) یان لە شاری هەولێر داخست و ئەندامانی ئەو پارتەیان بە ۲ ئۆتۆمبێل ڕەوانەی شاری سلێمانی کرد.
حیکمەت هەتیب نوێنەری دەم پارتی لە باشوری کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پارکی ئازادی وتی؛ “لە کاتێکدا لە باکووری کوردستان درێژە بە سەپاندنی قەیوم دەدرێت، ئەمڕۆیش لە باشووری کوردستان لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە ئاگادار کراینەوە کە دەبێت دەستبەجێ نوێنەرایەتییەکەمان جێبهێڵن و بڕۆنە شاری سلێمانی.”
هەر لە قسەکانیدا هەتیب ئاماژەی پێدا کە بەشێوەیەکی زۆر نابەرپرسانە لە هەولێر دەرکراون و تەنانەت خێزانەکانیان جێهێشتوە و گوتی: “ئێمە وەک هەدەپە بەشێوەیەکی یاسایی خەریکی کار و خەباتی خۆمانین، وە تا ئێستا هیچ گرفتێکمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست نەکردووە، بۆیە ڕایدەگەیەنین لەگەڵ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکداین بەشێوەیەکی یاسایی. وە ئێمە نازانین لەبەر چ هۆکارێک ئەم بڕیارە نایاسایی و ڕێکارانەمان بەرامبەر دەکرێت و بەفەرمی هیچمان پێ ڕانەگەیەنراوە” .
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە جێی سەرنجە بۆ ئەوان کە داخستنی نوێنەرایەتیەکەیان لە شاری هەولێر هاوکاتی سەپاندنی قەیومە زۆرەملێکانی باکوری کوردستانە و ئەوەشی وەک پشتیوانیەکی ماڵی بارزانی بۆ ئاکەپە و مەهەپە لێکدایەوە.