خەبات کوردە
کاتێ کە ئیسڕائیل و ئەمەریکا ( قازوخ ) ەکیان لە ئەردۆگان بڕی و بێدەنگیان کرد لە سەر لایەنگری بۆ حەماس و هەموو پلانەکانیان پوچەڵ کردەوە بەوەی کە یارمەتی بدەن فەڵەستینیە غەزاویەکان بگەیەننە عەفرین و ئەو ناوچانەی کە لە ( ڕۆژئاوای کوردوستان ) تورکیا داگیری کردون ، لیرەی تورکی هاڕەی کرد و ئەمەریکاش هێندەی دی قەدەغەی فرۆشتنی فڕۆکە و چەک و تەقەمەنی خستە سەر .!
دوای ئەوە بە پلانێکی تۆکمە و لە ڕێی ( فوئاد حسێن ) وەزیری دەرەوەی عێڕاق و مەسعود بارزانی بەغدایان فریوودا ، ئەردۆگان گەیشتە بەغدا پڕۆتۆکۆڵێکیان بە سودانی سەرۆک وەزیری عێڕاق ئیمزا کرد ، زۆری نەبرد هەزاران جەندرمەی تورکی بە تانک و تۆپەوە هاتنە ناو خاکی هەرێم و بە قوڵایی ٣٥ بۆ٤٠ کم و بە درێژایی پتر لە ٢٥٠ کم کەوتنە کاولکردن و لە سەدا ١٠ ی هەرێمی داگیر کرد و بە پاڵپشتی و چاوساغی بارزانی نەیان توانی شکست بە گەریلا بهێنن و زەرەرێکی مادی و مرۆیی بەر سوپا بەزیوەکەی ئەردۆگان کەوت و سەر لە نوێ هێندەی دی لیرەی تورکی هاڕەی کرد .!
ئینجا باخچەلی و ئەردۆگان کەوتنە جێبەجێ کردنی پلانێکی گڵاو تر ، بەوەی ( ئۆج ئالان ) بە کەلەپچە کراوی بهێننە هۆڵی پەرلەمان و ( دەم پارتی ) و ( قەندیل ) ڕازی بکات کە گەریلا چەک دابنێت و کورد و تورک ببنە برا ، بەبێ ئەوەی هیچ مافێکیش بە کورد ڕەوا ببین .!
دوای ئەوەی ئەو پلانەشیان فەشەلی هێنا و نە سەرانی دەم پارتی و نە قەندیل ڕازی نەبوون بەو شەرمەزاریە هەستان بە لادانی سەرۆک شارەوانیەکانی دەم پارتی لە شارە کوردیەکان و ( قەیوم ) ی تورکی ڕەگەزپەرستیان لە جێگاکانیان دانا .!
لە هەمووی سەیر و سەمەرە تر و ناخ هەژێن تر گرتن و ئاودیو کردنی ئەندامانی بارەگای دەم پارتی بوو لە هەولێر و ئاودیوی زۆنی سەوزیان کردون و پێیان ڕاگەیاندون کە جارێکی کە نەگەڕێنەوە هەولێر . ئەو شەرمەزاریەش بە ئەمری ڕاستەوخۆی ئەردۆگان سەرانی بنەماڵەی بارزانی جێبەجێیان کرد .!
ئێستا چەند ڕۆژێکە لە زۆربەی شارە کوردیەکانی باکور ڕاپەڕینێکی جەماوەری گەورە سەریهەڵداوە و ئەردۆگان و باخچەلی دەیانەوێ لە ڕێی ئەندامانی هودا پاری چەکدار ( جاش ئەردۆ ) و لایەنگرانی بارزانی قەتل و عامێک و کورد بە کورد بە کوشت بدەن .!
ئەردۆگان و باخچەلی و جاشەکانی بەو کردەیان دەیانەوێ تەڵەیەک بۆ ئەندامانی دەم پارتی و لایەنگرە دڵسۆزەکانیان دابنێنەوە و زیاتر لە کونجی زیندانیان خەن و بە گەلی تورکیا و جیهانیش بڵێن ئەوانە تیرۆریستن و خەریکە شارە ئارامەکان دەکەنە یەک پارچە ئاگر و دەیسوتێنن ، سبەینێش لە ڕێی دادگا شومەکەیان هەوڵی داخستنی بارەگاکانی دەم پارتیش دەکەنە واقیع و ناهێڵن کورد لە ناو پەڕلەمانەکەیان خاوەن کورسی و پێگەی خۆیان بن و بەرگری لە مافە ڕەوایەکانی خۆیان بکەن .!!
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی