جوتیار ئاسۆس
سلێمانی شارێکی دێرین نیە و یەکێکە لە گەنجترین شارەکانی خۆرهەڵاتی ناوڕاست. هەرچەندە سەر زەوی سلێمانی کە دەشتی زامواشی پێدەڵێن، یەکێکە لە دێرینترین ناوچەکانی جیهان کە دەیان هەزار ساڵە بەبۆنەی بەپیتی زەویەکەی و ئاووهەوایەکی لەبار ژیانی تێدابووە و لەو ڕووەوە ئەگەر لە مێژووی دەشتی هەولێر و نەینەوا و ئەوانی تر کۆنتر نەبێت ئەوا تازەتر نیە، بەڵگەی ئەوەش ئەشکەوتی هەزارمێردە لە دامێنی سلێمانی. زۆر شوێنەواری تری دێرین کە مەخابن بەزۆری کەوتوونەتە ژێر باڵەخانە و ڕێگەوبانەکان کە ئاستەمە چیدی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت وەک شوێنەوارناسی ئەڵمانی ( سیمۆنە مول) دەڵێت؛ “پێویستە هەرپاچێک لە زەوی سلێمانی دەدرێت بە ئاگاییەوە بێت، چونکە ئەو ناوچەیە یەکێکە لە کۆنترین ناوچەکانی سەرزەوی کە هەزاران ساڵە کۆماڵگای مرۆڤ تیایدا ژیاوە”.
بەر لە نزیکەی سێ سەدە بابانەکان لەبەرزۆر هۆکاری ستراتیژی بانە-دەشتی زاموایان هەڵبژارد بۆ بوونیادنانی پایتەختی ئیمارەتەکەیان کە دیارترینیان لەبەرهۆکاری پاراستن و سەربازیە. پێدەشتی سلێمانی درێژکراوەی دەشتی شارەزورە و لە ناوچەی سلێمانی بە چەند زنجیرە چیایەک دەورەدراوە و ئاستەمە بۆ هەر سوپایەک کە داگیری بکات. شارەکە لە ڕۆژهەڵات و باشورەوە بە دەشتی شارەزور گرێدراوە، لە خۆراوا بە دەربەندی بازیان و لە باکوری خۆراواوە بەچەند ڕێگایەکی چیایی بە دۆڵی جافایەتیەوە گرێدراوەتەوە و لەلای باکور و باکوری خۆراواشیەوە بە ناوچە شاخاویەکانی شارباژێڕەوە گرێدراوە. ئەمەش ڕەنگە گرنگترین هۆکاری ستراتیژی بوونیادنانی ئەو شارەبێت لەو جێیەدا کە ڕێڕەوی مێژووی تەواوی ناوچەکەی ڕادیکاڵانە گۆڕیوە و یەکێتیەکی کلتوری-هەرێمی بەرهەمهێناوە کە تا ئەمڕۆش هاوتای بەرفراوانبوونی شاری سلێمانی ئەو یەکێتیە کلتوریەش پەرە دەستێنێت و بەهێز دەبێت. تایبەتمەنی کلتوری سلێمانی ئەمڕۆش زادەی ئەو هەمەڕەنگیە مۆزائیکیەی تەواوی ناوچەکەیە و هەموویان پێکەوە کلتوری سلێمانی پێکدەهێنن.
دەتوانین بەکورتی بڵێین؛ کە بە بوونیادنانی شاری سلێمانی بابانیەکان توانیان تەواوی ناوچەکانی ژێر هەژموونی خۆیان بە یەکتریەوە گرێ بدەنەوە و بیکەن بە قەڵایەکی بەهێزی خۆبەڕێوبەر، کە هەم لەلایەک باڵانس و یەکێتیەکی هێزی هۆز و عەشرەتەکانی ناوچە جیاوازەکانی چواردەوری سلێمانی ڕابگرێت، هەم لەلاکەی تر بالانسێکی هاوسەنگی ئابوریشی لەنێوان ناوەندی شارەکە و ناوچەکانی چواردەوری خۆی بەرهەم هێناوە، کە هەردوولایان بە هەمیشەیی پێویستیان بەهێزی ئەوی تر هەبێت. ئەوەش گەواهیدەری ژیریەکەی لەڕادە بەدەری فەرمانڕەوایی بابانەکەن دەردەخات، کە بەو هاوسەنگیە بەهێزە توانیان هەم لەلایەک هەموو ئەو ناوچەیە بکەن بەیەک و بیکەن بە هێزیک بەرامبەر بە نەیارەکانیان، بەتایبەتی هەژموونی میرنشینی سۆران کە پشتیوانی زۆری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان هەبوو، هەم لەلاکەی تر هاوسەنگیەکی ئابوری – سیاسیشیان بەرامبەر بە هەردوو ئیمپراتۆریەتی زەبەلاحی فارسەکان و تورکە- عوسمانیەکان خوڵقاند و لەوڕێیەوە توانیان نیمچە سەربەخۆییەک لە بەڕێوبەریدا بۆ خۆیان فەراهام بکەن کە تا ئەمڕۆش کەمترین کاریگەری نەرێنی دابونەریتی نەتەوە سەردەستەکانی چواردەوری کوردستانی گەورەی پێوەدیارە.
شاری سلێمانی کە هەڵگری ناسنامەی هەموو ناوچە کوردیەکانی چواردەوری خۆیەتی، لەهەمان کات کاریگەریەکی لە ڕادەبەدەریشی لەسەر ناوچەکانی چواردەوری خۆی کردووە، بەجۆرێک مرۆڤ پێویستە لە لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی ناوچەکانی چواردەوری سلێمانی وەک؛ دەشتی شارەزور، بازیان، شارباژێڕ و هتد. لێکۆڵینەوەکەی لەڕووی مێژوویەوە بۆ بەرلە دروستکردنی شاری سلێمانی و لەدوای دروستکردنی لەیەکتری جیابکاتەوە. ئەمەش بێگومان ناتوانێت بۆ هەموولایەک تەنیا مایەی خۆشبەختی بێت، بێگومان زۆر ناوچە بە دروستکردنی ئەو شارە توشی زیانێکی گەورە بوون، لەوانە شاری هەڵەبجە و دەربەندیخان کە زۆر لە سلێمانی دێرینترن. دواتر بە تۆخبوونەوەی سنوری باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان (سنوری ناودەوڵەتی ئێران و ئێراق) و دابڕانێکی سیستماتیکی لە نیوسەدەی ڕابردوودا بۆنمونە شاری هەڵەبجە و ناوچەی خورماڵ ئیتر کەوتنە پەراوەێزەوە و شارۆچکە و گوندەکانی نزیک لە سلێمانیش لەبەرامبەردا ساڵ بە ساڵ گەورەتر و بەرفراوانتر دەبوون و دەبن.
ئەو هێز و توانا کلتوریەی شاری سلێمانی توانیوێتی جۆرێک لە ئارامی ببەخشێت بە دانیشتوانەکەی و ئەوەش تا ئەمڕۆ بووە بە جێی شانازی خەڵکەکەی. هەمووکەسێکی خەڵکی ئەو شارە بە ئەندازەیەکی باڵا خۆشەویستی خۆیان بۆ شارەکە بەیان دەکەن ، کە بۆ خەڵکی زۆر ناوچە و هەرێمی تری کوردستانی گەورە هەم بووە بە هۆکاری ئیرەیی و هەم قوتابخانە و چاوکانیەکی کلتوری کوردەواریش. بۆنمونە یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی شاری سلێمانی کە هەتا ئەمڕۆ لەناو بازاڕ و شوێنە بازرگانیەکان دەبینین، زۆر جار دوکاندارەکان ئێواران شمەکەکان هەمووی نابەنە ژور، یان دەمەو ئێوارە هەر لەبەردوکانەکاندا بەجێدێڵن و تەنیا پەردەیەکی پیادەدەن! یاخود کاتی نوێژی نیوەڕۆ لە هەینیدا مرۆڤ دەبینێت زۆرێک لە دوکانەکان بەکراوەیی بەجێهێڵراون و دارێک یان تەپڵەکیک خراوەتە ناودەرگاکە و ئەوەش واتای ئەوەیە کە خاوەنەکەی لەوێ نیە. بۆ کەسانێک کە لەو شارەدا مەزن نەبوون ئەوە دەبێتە جیێ سەرنج و سەرسوڕمان. بەڵام ئەوەی لەو دیاردەیەوە پێویستە مرۆڤ لێی تێبگات، لایەنی سایکۆلۆژی ئەو خەلکەیە کە سەرباری گەورەترین نائارامی و ڕەوشە راگوزەرەکانی جیهانیش، شاری سلێمانی توانیوێتی هەمیشە جۆرێک لە ئارامی بۆ دانیشتوانەکەی خۆی فەراهام بکات، بەوەی هەر لە سەرەتاوە بابانەکان سلێمانیان وەک موڵکێکی تایبەتی خۆیان تەماشا نەکرد و ژیرانەتر لەزۆر فەرمانڕەوای تری ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش خۆیان وەک تاکە بنەماڵەی بۆرژوای هەژموونگەرا و ئاغاودەرەبەگ بەسەر هەموواندا نەسەپاند، بەڵکو ئەوان هەرلەگەڵ بوونیادنانی بەردی بناغەی سلێمانی، توانیان جۆرێک لە وابەستەیی لەلای هەمووان بئافرێنن، کە لەگەڵ کۆچکردنیان بۆ شاری سلێمانی خۆیان بە خەڵکی ئەوێ بزانن و هەست بە بەرپرسیاری بکەن. ئیدی ڕەنگە ئەوەش بەهۆی پێویستی بابانەکانەوە بووبێت بۆ ئەوەی هەرکات پێویستیان بوو بتوانن لە عەشرەت و خەڵکانی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان سوپایەکی بەهێز بوونیاد بنێن کە بتوانێ بەرامبەر بە هەر مەترسیەک بوەستێت، یاخود بە تایبەتی ئەوان بیریان لەوە کردبێتەوە کە مۆدێلێکی هاوچەرخی کلتوری شارستانی ئەو سەردەمە بخوڵقێنن!؟ گرنگ ئەوەیە ئەو وابەستەییە بە شاری سلێمانیەوە و خۆشەویستی خەلکەکەی بۆ یەکتری یەکێکە لە خەسڵەتە هەرەبەهێزەکان، کە ئەگەر زیاتر لە چیاکان ناوچەکەی نەپاراستبێت ڕۆڵی لەوان کەمتر نیە.
شاری سلێمانی ئەمڕۆ دووچاری تاقیکردنەوەیەکی نوێ بووە و لەم سەردەمەدا و لە بن کاریگەری نیو-لیبرالیزم و بەتایبەتیکردنی موڵک و دامودەزگاکان و سکەخشێی سیستمی بازاڕی “بەناو” ئازاد و قۆرخکاری و کۆمپانیا هەژمونگەراکان و بگرە هەندێ کەسایەتی و خەڵکانی خاوەن هەژمونیش وا بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت کە بەشێک لە خەسڵەتەکانی ڕابردووی خۆی لەدەست بدات و چیدی هەمووان بە شاری خۆیانی نەزانن. بەڵام سروشت و پێکهاتەی ئەو شارە وایە کە ناتوانرێ ببێ بە موڵکی کەسێک یان چەند خانەوادە و کۆمپانیایەک، چونکە لەڕاستیدا هەبوونی شاری سلێمانی تەنیا پەیوەست نیە بەو ڕێژە دانیشتوانەی کە لەناو شارەکەدا دەژین، بەڵکو هەبوونی سلێمانی بەندە بە باڵانسێکی سروشتی ئەو شارە بەهەموو هەرێم و ناوچە جیاوازەکانی چواردەوری خۆی و هەرکات ئەوباڵانسە لەلایەکەوە فشاری بۆبێت، ئەوا لەلاکەی ترەوە پارسەنگی ئەو فشارە دەکاتەوە ی خۆی دەپارێزێت.
بۆنمونە لە ساڵانی ۱۹۸۰ تا ۱۹۹۱ ( دوای ڕاپەڕین) حیزبی بەعس کە بەهێزترین فەرمانڕەواکانی وڵاتی ئێراق بوون، نزیکەی تەواوی گوند و ناوچەکانی چواردەوری سلێمانیان وێرانکرد و بەناوی هەرێمی قەدەغەکراوی جەنگی (ناوچەی موحەرەمە) گوندەکانیان لەدانیشتوان خاڵیکردەوە. ئەودەم شاری سلێمانی وەک دایکێکی میهرەبان ئەو بارە گرانەی لەئەسۆی خۆی گرت و وەک لە کوردەواریدا دەڵێن، پارچەیەک نانی لەگەڵ بەشکردن. ئەم ڕەوشە لەدوای ڕاپەڕینیش ئاسایی نەبۆوە و حکومەت و ئیدارە یەکلەدوای یەکەکان سەرکەوتوو نەبوون لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو گوندە وێرانکراوانە. بەڵام ئەمڕۆ لەلایەنی ئابوریەوە سلێمانی گەلێ زیاتر لە توانا و ڕادەی بەرگەگرتنی خۆی فشاری لەسەرە و زۆرن ئەوانەی بیریان بۆ قۆرخکاری دەچێت و هەوڵدەدەن ببن بە خاوەنی زۆرترین سامان لەو شارە، هەربۆیە بەشێوازێکی سروشتی ئەو شارە باڵانس ڕادەگرێت و چەند هەنگاوێکی داینامیکی ئابوری ئەلتەرناتیڤ دەهاوێت. بۆنمونە ئێستا ئابوری پارێزگاکە ئەگەرچی بەهەنگاوی بچویش بێت، دیسا دەستبەوە دەکاتەوە کە بەسەر هەرێمەکەدا دابەش ببێتەوە و خۆشبەختانە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو پەرەی سەندووە. ئەوەش سەرباری فشاری هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران و هەندێ لە بەرپرسەکانی ناوخۆش، کە گوایە بەرهەمی خۆماڵی زەبر لە هاوردە بازرگانیەکانی ئەوان دەدات، بەڵام واپێناچێت ڕاگرتنی دیسانەوە بەکشتوکاڵیکردنی پارێزگای سلێمانی لەتوانای هیچ کەسێکدا بێت و بەوڕەنگە و بەو باڵانسە نوێیە ئابوریەش دەتوانرێت لەداهاتوو سنورێک بۆ ئەو بازرگانە چاوچنۆکانەش دابنرێت کە هەوڵی قۆرخکاری ئەو شارە دەدەن و ئیدی ناوچە جیاوازەکان لەچواردەورەوە چاکەی سەردەمی وێرانکردنی گوندەکانی کۆتایی سەدەی پێشوو بدەنەوە بە ناوەندی شاری سلێمانی.