ئازا پرێس
٢٠-٢١ ی ١١ی٢٠٢٤لە مێژووی عێراق و هەرێم گەورەترین پرۆسەى سەرژمێریی ئەنجامدەدرێت. سەرژمێریەکە هەر ١٩ پارێزگاکەی گرتۆتەوە.
ماوەیەکە ئامادەکارییەکانى سەرژمێریی عێراق دەستیانپێکردووە، بریارە لە کاتژمێر ١٢ـى ئەمشەوەوە قەدەغەى هاتوچۆ رابگەیەنرێت، تا پرۆسەکە بە باشتر بەڕێوە بچێت.
پرۆسەکە لەلایەن دەستەیەکەوە بەڕێوە دەچێ، دکتۆر مەهدی عەلاق سەرپەرشتیاری گشتى پرۆژەی سەرژمێری دەکات، لە لێدوانێکدا رایدەگەێنێت؛
لە پرۆسەکەدا هیچ شتێک نەماوەتەوە تەنها داخڵکردنى زانیارییەکان و ناردنیان نەبێت بەشێوەی ئەلیکترۆنی کە چاوەڕێدەکرێت لەو دوو رۆژەدا بەسەرکەوتوویی پرۆسەکە کۆتایی پێبێت.
لەبەشێکیتری لێدوانەکەیدا، بەسەرکەوتنى پرۆسەکە عێراق دەچێتە ریزبەندى ئەو وڵاتانەى کە سەرژمێرییان لە شێوەیى ئەلیکترۆنی ئەنجامداوە و ئەوەش هەنگاوێکى دیکە دەبێت بۆ ئەلیکترۆنیکردنى کاروبارەکانى دیکەى حکومەت.
لەماوەی ١٠٣ ساڵی رابردوو چەندین سەرژمێری لە عێراق ئەنجامدراون، دیارترینیان سەرژمێری ١٩٥٧ بووکە تائێستاش پشتی پێ دەبەسترێ، هەروەها سەرژمێریی ساڵی ١٩٨٧ سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە ئەنجامەکانى سێ ساڵ دواتر راگەیەندرا، لەبەر ئەوەى پرۆسەکە ئەلیکترۆنی نەبوو، بەڵام وا چاوەڕێدەکرێت ئەنجامەکانى ئەم سەرژمێرییە لەماوەیەکى زۆر کەمدا بگاتەوە دەستى لایەنى پەیوەندیدارەکان
پارێزگای کەرکووک بە بڕیارێک لەلایەن رێبوار تەهاوە ئەمڕۆ سێشەممەی لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکەدا کردە پشوو؛ داوا لە هاونیشتمانییان دەکات هاوکاریی بژمێرەکانی سەرژمێری بکەن. هەروەها رێبوار تەها داوا دەکات هەموو کوردەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی خەڵکی کەرکوک بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، تاکو رێژەی کورد لەم ناوچانە لەکەمی نەدات.
هەرچەندە هێشتا بەتەواوی گومانی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان لە مەبەستی بەسیاسی کردنی سەرژمێریەکە نەڕوینەتەوە، بەتایبەت بۆ ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لە شەنگالەوە تا مەندەلی. بەڵام بۆ گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانەیە و پاش ماوەیەکی زۆر کۆمەڵگەی عێراق وردەکاریەکانی خۆی بە ئامار و بەڵگەو دۆکمێنت دەزانێت.