ئازا پرێس
رێستورانتی ئەلند ستیک هاوس، چەند رۆژێک بوو نمایشی بۆ خواردنەکانی دەکرد، ئەویش گوایە گرنبەهاترین ژەمەخواردن لە جیهان، لەهەولێر و لە رێستورانتەکەی ئەوان پێشکەش بکرێت.
ناوی خواردنەکەی کردبوو بە خواردنی پیرۆزی کوردستان،
ژەمێکی بە ٨ دەفتەر دۆلار بووە، بە پارەی عێراقی ١٣٠ ملیۆن دینار بووە.
ئەلند ستیک هاوس بانگێشەی کردووە کە دەبێ سێ مانگ زووتر پێشینە بدەی تاکو ئامادەکاری خواردنەکە دەکرێ.
دیسان ئەوەشی گووتوە کە خواردنەکە بە قاپ و کەوچکی لە ئەڵماس و ئاڵتون دروستکراو پێشکەشی میوانەکانی دەکات.
بەگوێرەی زانیاریەکان لەکاتی ئاسایشدا هەر ژەمە خواردنێک لەم رێستورانتە بە ٦٠٠ دۆلار بووە.
رێستورانتی ئەلند ستیک هاوس کە دەکەوێتە سەر شەقامی ١٠٠ مەتری، ئەمڕۆ بەبڕیاری پارێزگاری هەولێر دەرگاکەی قوفڵدرا، ئەویش لەبەر گرانی خواردنەکە نەبوو، بەڵکو بڕیاری داخستنی لەبەر بەکارهێنانی ناوی کوردستان بووە.
دکتۆر حەمید کەخاوەنی رێستورانتەکەیە دەڵێت، ویستومە بەم خواردنە کوردستان ببمە ناو پەرتوکی گێنتس. لەبەردەوامی قسەکانیدا خاوەن رێستورانتی ئەلند بۆ راگەیاندنەکان دەڵێت، هەڕەشەی زۆرم لێ دەکرێ و پارێزگار ئومێد خۆشناویش وەڵامان ناداتەوە کا هۆکاری داخستنی رێستورانتەکەمان چییە.
د.حەمید کە زۆرناوی پێشمەرگەی بەکاردێنا لەکاتی قسەکردنی بۆ راگەیاندنەکان و دەڵێت دەموێ بەم خواردنە خزمەتی کوردستان بکەم.
چاودێرێک لەبەرە گرانی نرخی خواردن لەم رێستورانتە دەڵێت، دیارە هێشتا د.حەمید نازانێت لە هەرێمی کوردستان بەملیۆن مرۆڤ هەیە کە پێویستیان بە ژەمخواردنێکی گەرمە نەک ناویان بچێتە ناو پەرتوکێک.