ئازا پرێس
ئەمڕۆ ٢٠-١١-٢٠٢٤ لە هەر ١٩ پارێزگا عێراق سەرژمێری هاوڵاتیان دەستی پێکرد. لە کاتژمێر ١٢ ی شەوەوە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی دوو رۆژ راگێنراوە، لە تەواوی شارەکان خەڵک پابەندی بڕیارەکانە.
ئەوەی نیگەرانی لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست کردبوو، ئەویش ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بوون کە لە دەستور بە ناوچە جێناکۆکەکان بەناوکراوە.
دوێنێ لە دوای نیوەڕۆ بەشی زۆری هاوڵاتیانی شارەکانی کەرکوک خانەقین، دووز، جەلەولا و …هتد بەرەو زێدی خۆیان گەڕانەوە، ئەمە تۆزێک نیگەرانیەکانی لای خەڵک رەواندۆتەوە.
دوێنێ شەو تورکمان و عەرەبەکانی کەرکوک هاواریان لێ هەستا و بە بەینامە دەرکردن داوایان کرد سەرژمێری بوەستێ، لەبەر ئەو لێشاوە گەورەیەی خەڵک و گەڕانەوەیان بۆ کەرکوک، هەروەها هەندێک فەرماندەی ئەمنی لە بازگەکانی چوونە ژوورەوە بۆ کەرکوک ویستیان کۆسپ بۆ هاوڵاتیان دروست بکەن، بەڵام بەهاتنە سەر هێڵی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک ئەو کۆسپانەش تێپەڕێنران.
ئەوەی جێگەی سەرنجە کارمەندانی سەرژمێری لە کەرکوک بەجلی کوردیەوە کارەکانیان جێبەجێ دەکەن.
ماوەی دوو رۆژ سەرژمێری بەردەوام دەبێ، هاوڵاتیان پێویستە لەماڵەوەبن تاکو کارمەندەکانی سەرژمێری بتوانن ئەرکەکانیان بەباشی راپەڕێنن. بەگوێرەی زانیاریەکان تائێستا هیچ گرفتێکی ئەوتۆ نەهاتۆتە بەردەم پرۆسەکە.
جێگەی ئاماژەیە هەر خێزانێک ٧٠ پرسیاری لێ دەکرێت، چەندەی بەڕاستی وەڵامبداتەوە ئەوەندە باشتر پرۆسەکە بەرەوپێشەوە دەچێ.
سەرژمێریەکان لە رێگای ئایپادێکەوە زانیاریەکان دەنوسرێن و راستەوخۆ پەیوەستە بەناوەند لە بەغدا، ئەم سەرژمێریە جیاواز لە هەموو سەرژمێریەکانی تری عێراق بە شێوەی ئەلکترۆنی زانیاریەکان تۆمار دەکرێن.
بەگوێرەی زانیاریەکان وەزارەتی پلاندانانی هەرێم بڕیاریداوە کارئاسانی بکات بۆ ئەو هاوڵاتیانەی ئەمڕۆش دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان.