ئازا پرێس
لەکاتێکدا لە ٨ی تەمووزی ٢٠٢١ لەئەنجامی ناکۆکی لەنێوان هەردوو ئامۆزای هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی و بافڵ جەلال، لە بنەماڵەی تاڵەبان، ناکۆکیەکان تەنها بەدەرکردنی لاهور شێخ جەنگی لە سەرۆکایەتی یەکێتی کۆتای نەهات، بەڵکو هەندێک کەسیش کەلایەنگریان بۆ لاهور شێخ جەنگی هەبوو بوونە قوربانی.
عەمید موراد عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا ناسراو بە موراد کانی کوردەیی، فەرماندەی سەربازی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاساییی پۆلیسی ڕاپەڕین بوو. لە کاتی دەسبەسەرکردنی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لەگەڵ دوو پاسەوانی بەناوەکانی «خۆشناو وەیسی، هاوکار نازم و سەرکار فاخیر» لە ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١کوژرا. هەر لەم شەڕەدا شامل زرار ئیسماعیل لە هێرش بەرەکان کوژراوە.
بەگوێرەی زانیاریەکان لە گەواهیدەرە نزیکەکان، لە کاتێکدا ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی دەیانویست موراد کانی کوردەیی دەستگیری بکەن، لەگەڵ سێ لە پاسەوانەکانی لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆ کوژرا.
بنەماڵەی کانی کوردەیی لە راگەێنراوێکدا گوتویانە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری پزیشکی، دەرکەوتووە کە عەمید موراد فیشەک بەر قاچی کەوتووە و نەمردووە، بەڵکو دوای قۆڵبەستکردنی بە برینداری بردویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر گیانی لەدەستداوە.
ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان «پارتی» بەنوسرواێکی ژمارە ١٥٣٤ لە ١٠-١٠-٢٠٢٢ واتا ساڵێک دوای رووداوەکە، داواکاری بۆ لێکۆڵینەوەی رانیە ناردووە و ئەو ناوانەی وەک تۆمەتباری رووداوی کوشتنەکە ئاماژە پێداوە « بافڵ جەلال حیسامەدین، قوباد جەلال حیسامەدین، سەلمان ئەمین (ئەژی ئەمین)، وەهاب مەجید (وەهاب هەڵەبجەیی)، شێخ ئەحمەد نۆکان، هاوڕێ دارۆ نوری».
دوای سێ ساڵ لە کوژرانی عەمید موراد کانی کوردەیی، تائێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و بڕیاری دادگا و بەسزا گەیاندنی تاوانباران دیارنییە!! خانەوادەکەی دەڵێن، داواکراوە بە سوڵحی عەشایری دوور لە دادگا مەسەلەکە چارەسەر بکەین، بەڵام ئێمە رازی نەبووینە.
جێگەی ئاماژەیە ئەوکات ئەژی ئەمین بەرپرسیاری دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی بوو، دەگوترێ کە ئەو فەرمانی پەلاماردانی موراد کانی کوردی داوە، دوای ئەم رووداوەش بەماوەیەکی کەم لەگەڵ هەموو مەلەف و بەڵگەکانی دەزگای زانیاری بردو رایکردە هەولێر، دادگای هەولێر گوایە وەک تۆمەتبار ناوی هێناوە، بەڵام تائێستا لەهەولێر بەسەربەستی دەسوڕێتەوە.
هەرچەندە دوای سێ ساڵ لەناکۆکیەکان، نێوان ئامۆزاکان بەرەو ئەهوەنی چوو، لاهور شێخ جەنگی حیزبێکی تری دامەزراند و دیسان بووەوە بەسەرۆک و بەشداری هەڵبژاردن بوو، بە دوو کورسی توانی بێتەوە ناو کایەی سیاسی، بەڵام هیچ گۆڕانکاریەک لە سزادانی تاوانبارانی کوشتنی موراد کانی کوردەیی دیار نییە!!!
موراد عەبدولرحمان عەبدوڵا، ناسراو بە موراد کانی کوردەیی
لەدایکبووی ٣١-٧-١٩٧٢ گوندی کانی کوردەی قەزای کۆیە.
مردن ٢٥-١١-٢٠٢١ کوشتن لە نزیک باغی گشت رانیە، رووداوی تەقە کردن.
هێشتا تۆمەتباری سەرەکی دیارنییە و هیچ کەس لە سەر رووداوەکە دەسگیرنەکراوە.
م.کانی کوردەیی خاوەن دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاسا و پۆلیس، هەروەها خوێندکاری ماستەر لەیاسای گشتی بوو.
خانەوادەی کانی کوردەی لەناو ریزەکانی یەکێتی خاوەن سێ شەهیدن.
دەگوترێ موراد کانی کوردەیی، پێنج جار ھاوسەرگیری کردووە و باوکی ٣١ منداڵە کە ٢٧ کوڕ و ٤ کچن.