عەبدوڵا مەلا نوری
دوای ئەوەی ماوەیەک پێش ئێستا، هەندێک حیمایەی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە پشکی پارتی، بێڕێزیان بەرامبەر بە فراکسیۆنە پەرلەمانیەکەی محەمەد حەلبوسی کرد.
دوێنێ وەفدێکی پارتی بە فەرمی رۆشتوون داوای لێبوردنیان لە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی حەلبوسی کردووە!
من داوای لێبوردنی (راستەقینە) بە بچوکی و ترسنۆکی نازانم، بەڵکو ئازایەتیە، بە تایبەت لە کاتی هەڵەکردندا.
وەلێ دەبێ تیشک بخەینە سەر دیوێکی تری ئەم بابەتە.
من دڵنیام، ئەو هەنگاوەی پارتی راستەوخۆ بە فەرمانی کاک مەسعود بەرزانی بووە.
وە داوای لێبوردنکردنەکە، دور و نزیک پەیوەندی بە مرۆیی بوون و گیانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەوە نەبووە.
بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە، محمەد حەلبوسی حیزب و فراکسیۆنێکی گەورەی هەیە و سونەیە و سەربەگۆبەنیشە، هەروەک پشتیوانی وڵاتانی ئیقلیمی هەیە.
واتە بارزانی لە ژێر گوشاری (بەهێزیی حەلبوسی) دا ناچار بووە، کەسانێک بنێرێ بۆ داوای لێبوردن!
وەکی تر مەعقولە بارزانی و حیزبەکەی هەرچی تاوانە بەرامبەر بە گەلی خۆیان دەیکەن، کەچی نەک ئامادە نین داوای لێبوردن بکەن، بەڵکو بەو پەڕی ئیستیهزائەوە بە خەڵک دەڵێت: بۆ خۆتان هەڵپەڕن؟!
بە ساڵ دەرگای پەرلەمانی کوردستان دادەخەن و باکیان پێی نییە و داوای لێبوردن لە کەس ناکەن!
بیرتانە لە شاروشارۆچەکانی ئەم سنورە خۆپیشاندان بوو، چەندین گەنج شەهید و بریندار کرابوون، لە هەمان کاتدا کادرێکی ئاسایی پارتی هەندێک ئازار درا بوو، کەچی بارزانی لە سەری رەش پێشوازی لە کادرەکەی خۆیان کرد و هیچ باکی بەو خەڵکەش نەبوو، کە بۆ نان و کەرامەت خۆپیشاندانیان دەکرد!
لە راستیدا بێ باکی لە ئاستی گەلی لاواز و رەنجەڕۆی خۆتدا و چەمینەوە لە ئاستی ئەوی تری بەهێزدا، یەکێکە لە خەسڵەتە رەسەنە هەرە خراپەکانی کەسانی خێڵەکی، کە سەدان ساڵە گەلەکەمان باجەکەی دەدات!