ئازا پرێس
هەشت ساڵ بەر لە ئەمڕۆ واتا لە ١-١٢-٢٠١٦ ڕۆژنامەنووس شوکری زەینەدین لە گوندێکی پشت چیای کوڕە ژارۆ بەکوژراوی دۆزرایەوە، لەبەر ئەوەی جەستەی شوێنرابوو، بۆیە ئاسایش لە راپۆرتەکەیدا گوتی بەراز لێیداوە. هەرچەندە گەوهیدەرەکان سەرەتا گوتیان شوێنەواری فیشەک بەسەر جەستەیەوە هەیە، بەڵام دواتر پۆلیس و ئاسایش گوتەکانیان گۆڕین.
خانەوادەی شوکری زەینەدین و رۆژنامەنووس و چالاکوانان ئەو لێدوان و راپۆرتانەی ئاسایشیان باوەڕ نەکرد، بۆیەش وەک رۆژنامەنووسێکی تیرۆر کراو بەناو دەکرێ.
بەگوێرەی زانیاریەکان شووکری کاتێک لەماڵەوە دەرکەوتوە لە٢٩-١١-٢٠١٦ باسی چوونە راو یان دوورکەوتنەوەی لە شار باس نەکردووە، چونکە دەڵێن شوکری بۆ هەر شوێنێک چووە بەبێی پرسی ماڵەوە نەچووە، بۆیە کاتێک تەرمەکەی دوای دوو رۆژ، بەدووری زیاتر لە چوار کاتژمێر رێگە لە ماڵەکەی دۆزرایەوە، خانەوادە و چالاکوانن تووشی شۆک بوون.
شوکری زەینەدین کە دانیشتووی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە شارەدێی شێلادزێی نزیک شارۆچکەى ئامیدیە و لە عەشیرەتی رێکانییە، ژیانی هاوسەری پێکهێناوەو خاوەن منداڵە. شوکری چەندین ساڵبوو لە دەزگای راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کاری رۆژنامەوانی دەکرد. بەڵام لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان چووە دەسەڵاتەوە، بۆیەش سازشی لەسەر خوێنی شوکری کرد و بێ دەنگی هەڵبژارد.
قارەمانی کوڕی بە راگەیاندنەکانی گوتوە، باوکم دوو جاریتر لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستگیرکراوەو بەر لە تیرۆرکردنیشی هەڕەشەی لێکراوە.
تا ئێستاش بکوژانى ئەو ڕۆژنامەنووسە نەدۆزراونەتەوە و دەستگیرنەکراون، چونکە ئاسایشی پارتی دۆسییەکەى لە دادگا داخستووە.
کوڕی شوکری زەینەدین، قارەمان شوکری، لەشوێنه باوکی دەستی بە کاری رۆژنامەوانی کرد و هەواڵ و زانیاریەکانی بە لێهاتووی دەگواستەوە، بەڵام قارەمانیش رووبەڕووی گیران و ئەشکەنجە و زیندانی کردن بوویەوە.
قارەمانی تەمەن ٢٤ ساڵ لەئەنجامی هەڵوێستەکانی دژی داگیرکەری تورکیا و گەندەڵی و بەکرێگیراویەتی پارتی لە هەرێمەکەیان، بۆیە دەسگیرکراو بە حەوت ساڵ زیندانی حکومدرا. دوای هەوڵ و پێداگیریەکی زۆر لەلایەن چالاکوانان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، سەرۆکی هەرێم حوکمەکەی سووک کرد و لە تەممووزی ئەمساڵ ئازاد کرا.
دوای تیرۆری ویدات حسێن لە دهۆک، شوکری دووەمین رۆژنامەنووسە لە پارێزگای دهۆک لەماوەی کەمتر لەساڵێک تیرۆر دەکرێ و دۆسیەکەشیان دادەخرێ.