هیوا ئازاد.
لە لایەکەوە هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی گەل لە هەموو ئەو ناوچانەی کە کوردی لێیە، لە لایەکی دیکەوەش دەیانەوێت هەموو کەس باوەڕ بە یارییەکانیان بکات و، ڕۆڵی خۆی تێدا ببینێت و، تەنانەت گوتاری لەسەر دروست بکات.
“ئەو رۆژووگرتنە چییە و ئەم تورشی کەلەرمە چییە؟”( ئەمە ئیدیۆمەکی تورکییە، کاتێ قسە شتێکە و کردار شتێکە- وەرگێڕ)
ئەم دەستەواژەیە کە بۆ دۆخێک بەکار دێت کە گوتار و کردەوە ناتەبان، ڕێک دەربڕی ناتەباییەکانی گوتاری “برایەتی”ی ڕژێمی ئاکپارتی-مەهەپەیە لەم ڕۆژانەدا. لە لایەکەوە دەڵێن “برا کوردەکانمان” و لە لایەکی ترەوە هێرش دەکەنە سەر هەڵبژاردنی سیاسی و ئیرادەی کورد و، بێڕێزییان بەرامبەر دەکەن. کاتێک باسی دیموکراسی و ئازادی دەکەن، تەحەمولی خۆبەڕێوەبردنی گەلی کورد ناکەن تەنانەت لە ئاستی شارەوانیشدا. وەک گایەک کە پارچە سووری بینیبێت، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر ئیرادەی سیاسی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد.
لە لایەکەوە هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی گەل لە هەموو ئەو شوێنانەی کوردی لێیە، لە لایەکی ترەوە دەیانەوێت هەموو کەس باوەڕ بە یارییە دەستکردەکانیان بکات و، ڕۆڵی خۆی تێیدا ببینێت و، تەنانەت گوتاریشی لەسەر دروست بکات. بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن بە گوتاری ساختە و کردەوەی فاشیستی سەرەتا گەلی کورد و پاشان هەموو ئۆپۆزیسیۆن بێدەنگ بکەن.
لە دە ساڵی ڕابردوودا لە شەڕی جینۆسایدیان کە بە ناوی “کۆتایی بە خەباتی ئازادی کورد دەهێنین” و پلانی “تێکشکاندن” بەڕێوەبرد، نەگەیشتنە ئامانجەکانیان. هەرچەند گوتیان “تێکی دەشکێنین” خۆیان هەڵوەشانەوە. ئاستی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی هەموو ڕۆژێک بە کوشتنی ژنان و منداڵان، دزی، تاڵان و سیاسەتی درۆ گەیشتووەتە لووتکە. لە ناوخۆ و دەرەوەدا دۆخێکی جددی هەیە لە هەڵوەشاندنەوە، گیرۆدەیی و ناتەبایی. کاتێک ڕژێمەکەیان، کە لەسەر بناغەی درۆ دروستکردووە، ڕووبەڕووی ڕاستییەکان دەبێتەوە، تووشی قەیران و کێشەی قووڵ دەبن.
دەکرێت بە درۆش بژیت، بەڵام چۆن؟ بە گوتنی “کورد لەناو دەبەم” ناچار دەبن هەموو ڕۆژێک درۆ بکەن و ناڕەوشتی بەرهەم بهێنن. بوونەتە ڕژێمێکی “چەپەڵ و تاوانبار”. سیاسەتێک بەڕێوە دەبەن کە پشت بە درۆ، تاڵان و کوشتار دەبەستێت. ئایا ئەم زهنیەتە ڕەگەزپەرستە، تورکپەرستە و خۆسەپێنە تاکە بەهایەکی بۆ بەرژەوەندی مرۆڤایەتی دروست کردووە؟
ڕژێمە فاشیستەکان کۆمەڵگایەکی مێگەلیان دەوێت. کۆمەڵگای مێگەل هیچ قسەیەکی نییە بۆ گوتن. تەنها قسەیەک کە دەتوانن بیکەن، دووبارەکردنەوەی ئەو بەڵگانەیە کە سیاسەتی فاشیستی بەرهەمی هێناوە، وەک تووتی. لە زمانی تورکیدا دەستەواژەیەک هەیە دەڵێت “ئەسپ بەپێی خاوەنەکەی دەحیلێنێت”. ئەم تێگەیشتنە کە دەوڵەت وەک “باوک” دەبینێت، هەرچی دەوڵەت دەیڵێت جێبەجێی دەکەن. بەم پێیە، سیاسەتی تورکیا بە دامودەزگای دادوەری و کارگێڕییەوە لە هەڵوەشاندنەوەی تەواودایە. بە زەوتکردنی ئیرادەی گەل، دزی و تاڵانیان کردووەتە “سیاسەت”.
وەستان دژی ئەم هێرشە ناشیرینانەی سەر ئیرادەی سیاسی گەلی کورد، ئەرکی هەموو کەسێکە کە خوازیاری یەکسانی و ئازادییە. دانانی قەیوم داگیرکارییە لە ناو داگیرکاریدا. خاڵی هەرە نزمی بێشەرمییە. پاشایەتی حەرامزادەکان و چل دزەکانە. بۆیە پێویستە هەموو کەسێک کە لایەنگری دیموکراسییە، پشتگیری لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد بکات و خەبات بەرز بکاتەوە.
ئەوانەی کە لەسەر بنەمای برایەتی لەگەڵ کورد خوازیاری “چارەسەری سیاسی”ن، ئەگەر لە قسەکانیاندا دڵسۆزن، دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەم جۆرە پراکتیزەکردنانە بهێنن. بە پێچەوانەوە، گومانی ئەوە دروست دەبێت کە هەموو ئەم گوتارانە تاکتیکێکن و بۆ خەڵەتاندنی کوردن.
ئەگەر خەڵەتاندنێک هەیە، بەم تاکتیکی خەڵەتاندنە دەیانەوێت پێش بە چ پێشهاتێک بگرن.
ئایا بە وانیشاندان کە گوایە پرۆسەی چارەسەری هەیە، دەیانەوێت کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکان دژی ئەو هێرشانەی کە دەکرێن کز بکەن؟
ئایا سیاسەتی رارایکردنی گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵگا، سیاسەتی بەجێهێشتنی لە دوودڵیدا جێبەجێ دەکرێت؟
گۆشەگیریی توندکراو لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە. هێرشەکانی لەناوبردن دژی بزووتنەوەی ئازادی بە هەموو چڕییەوە بەردەوامە. هێرشەکانی داگیرکاری و لەناوبردن دژی ڕۆژئاڤا بەردەوامن. لە باکووری کوردستان هەر ڕۆژە قەیوم بۆ شارێک دادەنرێت. لە کاتێکدا هەموو ئەم هێرشانە بەردەوامن، بە بڵاوکردنەوەی نیگەرانی “ئای پرۆسەی چارەسەری هەیە، با شتێکی هەڵە نەڵێین، با زیان بە پرۆسەیەک نەگەیەنین کە لەوانەیە گەشە بکات” “سەبەتەی هێلکە” دەخەنە سەر پشتی کورد و دیموکراتەکان.
باشە بۆچی هەستیاری پرۆسەیەک کە نییە، بەڵام ئەگەری گەشەکردنی هەیە، تەنها وەک “سەبەتەی هێلکە” لەسەر پشتی کورد دەمێنێتەوە؟
ئایا هەستیاربوون لە زمان و کردەوە لە پرۆسەی “چارەسەری”یەکدا کە دەکرێ گەشە بکات تەنها بۆ کورد کاری پێ دەکرێت؟
بۆچی سیاسەتمەدارە لووتبەرزەکانی دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی تورکیا زمان و کردەوەی باڵادەستیان وازلێ ناهێنن؟
ئایا ئەوەی کە دەبێتە هۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەر ئەم زمان و کردەوە باڵادەستانە و هەژمونگەرایە نییە؟
گوتنی “با ئێمە هەرچۆن بمانەوێت کورد سووک بکەین، هێرش بکەینە سەر بەهاکانیان، با کورد دەنگی دەرنەیەت، قبووڵی بکات” داسەپاندنی بێ شەرەفییە. ئەمە قبووڵ ناکرێت.
ڕژێمی فاشیستی تورکیا دەیەوێت سەرەتا کورد و بیروڕای گشتی دیموکراتی بێکاریگەر و بێ کاردانەوە بکات بەوەی کە وا نیشان دەدات گوایە “کێشەی کورد چارەسەر دەکات”. لە ڕێگەی خستنە حاڵەتی چاوەڕوانی گەلانەوە، ئەجێندای خۆیان پراکتیزە دەکەن.
دەبێت دوا هێرشی حەلەب کە دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ چەتەکانی هەیئەتی تەحریری شام پەرەی پێدا لەم چوارچێوەیەدا بخوێنینەوە.
ئایا لە پرۆسەی نوێی گەشەسەندوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا “سیاسەتێکی پێشگرتن” بە ئاگاییەوە جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی کورد بێبەش بن لە ستاتۆ؟
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە گۆڕانکاری! شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستی پێکرد، دواتر ڕاکێشانی حیزبوڵڵا و ئێران بۆ ناو شەڕەکە، ئەگەری “گۆڕینی نەخشەکان” و جووڵاندنی بەردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست کردووە. لەدایکبوونی نوێ ڕوو دەدات. وەک هەموو لەدایکبوونێک، لەدایکبوونەکانی ئەم سەردەمەش پڕ ئازار و ژان دەبن. هەلی نوێ بۆ کورد دروست دەبێت.
جوگرافیای کوردستان و میزۆپۆتامیا کە خانەی بنەڕەتییە و بەشداری ئەرێنی لە گەشەسەندنی مێژوویی مرۆڤایەتیدا کردووە، دەتوانێت جارێکی دیکە ببێتە پێگەی ڕزگاری مرۆڤایەتی.
وەرگێڕانی: نیاز حامید برایم
ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی کوردستان