قارەمان مەحمەد حەسەن
ساڵی ١٩٩٥ بینیامین ناتەنیاهۆ کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناوی (بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر: چۆن دیموکراسیەکان دەتوانن تیرۆریستانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێکبشکێنن) لە کتێبەکەیدا پێشنیاری گۆڕانی ستراتیژی دەکات لە سیاسەتی دەرەوەی ئیسڕائیل دەکات و باس لەوە دەکات کە پێویست ناکات ئیسڕائیل ڕاستەوخۆ شەڕی دوژمەنەکانی وەک حەماس و حیزبەڵڵا بکات، لەبری ئەوەی پێویستە ئەو ڕژێم و دەوڵەتانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕدرێن کە پشتگیری ئەو گروپانە دەکەن و بە ڕوونی باسی گۆڕینی ڕژێمەکانی عێراق، سوریا، لیبیا، لوبنان، سۆدان، سۆماڵ و ئێران دەکات.
دوای کەمتر لە ساڵێك و لە ساڵێ ١٩٩٦ ناتەنیاهۆ بۆ یەکەم جار بوو بە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل و لە شیمۆن پێرێزی ڕکابەری بردەوە. دوای هاتنەسەرکاری ناتەنیاهۆ گۆڕانێکی ڕوون لە سیاسەتی دەرەوەی ئیسڕائیل ڕوودەدات لەم بارەیەوە. چونکە لەدوای درستبوونی ئیسڕائیلەوە لە ساڵی ١٩٤٨ سیاسەتی ئیسڕائیل کارکردن بوو لەسەر دروستکردنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ ئەو وڵاتانە و ئەکتەرانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە عەرەبی نین، بەڵام لە ڕووی جوگرافییەوە زۆر دوور نین. لەبەرئەوە کارکرا بۆ دروستکرنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی وەکو تورکیا و ئێران و ئەسوپیا. ئەمە بە ڕێبازی پەراوێز ناسراوە لە سیاسەتی دەرەوە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا جوڵانەوەی چەکداری کورد لە ئەیلولی ١٩٦١ پشتگیری لێکرا. بەڵام ئەم ڕێبازە لە ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵێ ڕابردوو گۆڕانی بەسەرداهاتووە و کارکراوە بۆ گۆڕینی ئەو ڕژێمانەی کە پشتگیری ڕێکخراوەکانی دژ بە ئیسڕائیل دەکەن. ئێستا لە ناو ئەو ٧ وڵاتەدا تەنیا ئێران و سوریا ڕژێمەکانیان نەگۆڕاوە.
ئەم پێشهاتەنەی سوریا لە کاتێکدایە کە سێ پشتوانە سەرەکییەکەی ڕێژێمی ئەسەد لە دۆخێکی زۆر لاوازدان. ڕوسیا بەشێکی زۆری سەربازەکانی لە سوریا کشانۆتەوە لەدوای جەنگی ئۆکرانیا و لە ئێستادا سەرقاڵی گرتنەوەی ئەو ناوچانەیە کە هێزەکانی ئۆکرانیا گرتوویانن. ڕوسیا دەیەوێت پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپ پێشڕەوی بکات بۆئەوەی بەهێزەوە بچێتە دانوستان. بۆیە لەنێوان شەڕی ئۆکڕانیا وسوریا، ئۆکرانیا هەڵدەبژێردرێت. حیزبوڵا دوای کوژرانی سەکردەکانی و ڕێککەوتنی ئەم دوایەی لەگەڵ ئیسڕائیل ناچار کراوە ٣٠-٤٠ کیلۆمەتر لە باشوری لوبنان بکشێتەوە. ئێران زیاتر بە بە هۆی چەکدارانی حیزبوڵاوە دەیتوانی یارمەتی ئەسەد بدات. ئەم سێ هێزە سەرەکییە بوون لە دوای ٢٠١٥ یارمەتی بەشار ئەسەدیان دەدا، وادیارە هیچ کام لەم هێزانە ناتوانن وەکو ٢٠١٥ یارمەتی ئەسەد بدەن.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدا مەترسیدارن بۆ کورد و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، بەڵام دەکرێت دەرفەتیش بن. لەم چەند ساڵیەی دواییدا چەند جارێک ئەمریکییەکان دوایان لە هەسەدە کردووە کە سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنتڕۆڵ بکەن تا سنوری ئەردەن و ئەوەی پێیدەگوترێت هیلالی شیعی بیپچڕینن و ڕێگەنەدەن ئێرانییەکان لە سنوری عێراقەوە بێنە سوریا، بەڵام پێشتر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەبەرئەوەی ڕوسیا و ئێرانیش لە تەل ڕەفعەت و شەبها هەبوون و گرەنتی بوون بۆ پاراستنی ئەم ناوچانە لەدەست گروپەکانی سەربە تورکیا، نەیاندەتوانی ئەم هەنگاوە بنێنن. لە ئێستادا ناوچەکانی تەل ڕەفعەت و شەبها کەوتونەتە دەست هێزەکانی سەر بە تورکیا، هەسەدە دەتوانێت بەرەو سنوری ئەردەن بڕوات و ئەم هەنگاوە بنێت کە ناکۆک نییە لەگەڵ ستراتیژی هاوپەیمان و ئەمریکا و ئیسڕائیلیش. ئەگەر ئێران و ڕوسیاش هەڕەشە بکەن، هەسەدە دەتوانێت پاساوی هەبوونی داعش لەو ناوچانە بەکاربهێنێت. هەسەدە بەم هەنگاوەی کێڵگە غازییەکانیش کۆنتڕۆڵ دەکات و دەستی دەگات بە ئوردن و ناچار نابێت بە تەنیا چاوی لە دەروازەی سیمێلکا بێت کە دەکرێت پارتی وەکو ساڵانی پێشوو هەر کاتێک بیەوێت دایبخات.
لە نێوان ئەم دوو گروپەی لە کە کۆنترۆڵی باکوری ڕۆژئاوای سوریایان کردووە، تەنیا هێزی بەناوی سوپای نیشتمانی لەژێر فەرمانی تورکیادایە، بەڵام هەیئە تحریر شام (هەتەشە)ی ئێستا و جەبهەی نوسڕەی پێشووتر لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت بەریتانیا ڕاهێنانیان پێکراوە و تا ئێستاش هەسەدە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵیان هەیە (ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئەم هێزە دۆستن بەڵام لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادا نین). لەوانەیە تورکیا بەناوی سوپای نیشتمانی زیاتر هانبدات بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژاڤا بە تایبەت لە مەنبج، بەڵام ئەگەر ئیدارەی خۆسەری ئەم هەنگاویش نەنێت بۆ گەیشتنە بە سنوری ئوردن، نییەتی تورکیا ئاشکرایە و شەڕکرن لەگەڵ چەتەکانی تورکیا واتای شەڕکردن نییە لەگەڵ هەتەشە.