عەبدوڵا مەلانوری
داود بنگۆریون دەڵێ: چەند رۆژێک پێش راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، هەندێکی لە سیاسییە جووەکان دەیانویست، لە ناو ئیسرائیلدا هێزێکی سەربازی دیکە بۆ خۆیان دروست بکەن، لە پاڵ ئەو هێزەدا کە بۆ ئیسرائیلمان دروست دەکرد.
ئەڵێ: ئەوانە، رۆژێک پڕی باخیرەیەک چەکیان بەرەو ئیسرائیل هێنا، منیش بیرم کردەوە چۆن هەڵسوکەوت بکەم.
ئەڵێ: سەرئەنجام بڕیارم دا پێش ئەوەی لە کەنارەوەکانەوە چەکەکان داخلی ئیسرائیل بکرێ، فەرمانم کرد باخێرەکە تۆبباران بکرێ و لە ناو ببرێت.
بنگورێۆن بەو بڕیارەی رەگی دوو هێزی و تەفرەقەی لە ناوخۆیاندا بڕی.
پرۆفیسور عەلی سەعید مەحفوز دەڵێ: ئەتاتورک شوێنپێی عوسمانییەکانی هەڵگرت، بۆ براودان بە خێڵگەرایی و مەزهەبگەرایی لە ناو کورددا، چونکە بەمە دەتوانرا کورد تێک بشکێنرێ.
ئێمەش دەڵێین: ئەردۆگان شوێنپێی ئەتاتورکی هەڵگرت و وا ئەنجامەکەی هەم لە باشور و هەم لە رۆژائاواش دەبینین.
ئەها دەسەڵاتدارە خێڵەکیەکەی باشور، دە ساڵە، بە پێدانی پارەو چەک، کار لە سەر ئەوە دەکەن، هەمان دەردەکانی خۆیان بگوازنەوە بۆ رۆژئاواش.
هەر لە سەرەتاوە ئەم برادەرانەی ئەنەکەسە، لە ژێر فەرمانی بە تایبەت تورک-پارتی ئامادەکران بۆ ئەوەی دەردو دوو ئیدارەیی هەرێم بگوازرێتەوە بۆ رۆژئاڤا…
میس بێڵ، لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٢١، دەڵێ: هەرگیز دوو کورد لە سەر شتێک رێک نەدەکەوتن!!!
لە راستیدا کورد یەکە، سەرەکانی پارچە پارچەن!
ئەوانەی ئێمە، بە پێچەوانەی بنگۆریۆنەوە: تۆپی دوژمن روو دەکەنە ماڵ و یەکبونی کورد!
دەپرسم: تاکەی دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو؟ تاکەی چوونە ناو ئەجێندای دوژمنان؟ تاکەی ناپاکی؟
بۆ نابێ (سەرۆکی) کورد بیر لەوە بکەنەوە وەک: بسمارک بن…هتد.
ئەو رق و کینەو بوغزە چییە وا دەکات، تورکیا بە دۆست بزانی، ئەما کوردی هاوخوێنت بە دوژمن و نەیار بزانی؟!!
نازانم چی بڵێم؟!!!