ئەندازیار/جوتیار ڕەشید
بۆ تێگەیشتن لە ڕەوشی ئێستای ئەم ناوچەیە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دوو ڕووداوی گرنگ کە هۆکاری سەرەکی پشت ئەو کارەسات و پشێویانەن کە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتوەتەوە و لە سایەی ئەو دوو ڕوداوە لە نامە شاراوەکانی پشت ئەو گۆڕانکاری و پشێویانە بگەین کە لە ناوچەکە ڕویانداوە لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە و هەتا ئێستاش بەردەوامن.
ئەو دوو ڕوداوە دەکرێ وەک دوو زەمینلەرزە وێنا بکرێن و کۆی ڕوداوەکانی تری ئەو چارەگەسەدەیەش وەک پاش زەمینلەرزە،ئەو دوو ڕوداوەش هەر یەکە لە:-
یەکەم
١١ی سێپتێمبەری ساڵی ،٢٠٠١گروپێکی توندڕەوی سونە مەزهەب (القاعدە) بە چوار فڕۆکەی گواستنەوەی سیڤیل هێرشیان کردە سەر هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە ئەمریکا،ئەوەش گۆڕینی ئاراستەی توندڕەوی ئیسلامی بوو بەرەوە جیهانی.
دووەم
٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ گروپی حەماس کە گروپێکی سونە مەزهەبن لە هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی کتوپڕدا دیواری بەرگری ئیسرائیلیان بڕی و سەدان ئیسرائیلیان کوشت و سەدانیشیان بەدیلگرت،بەڵام دواتر ئەم شەڕە گۆڕا بۆشەڕی ئیسرائیل و بەرەی بەرەنگاری شیعی بەسەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەم دوو هێرشە تێکدانی بنەماکانی گەمە سیاسی و سەربازیە قبوڵکراوەکەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و هیزە مەزهەب گەراکان بوو،بە مانایەکی تر دەستبردن بوو بۆ بوون (وجود) ی ئەمریکا و ئیسرائیل،لە دۆخێکی ئاواشدا هەردوو زل هێزی ئەمریکی و ئیسرائیلی ناچارکران شەڕی سڕینەوەی ئەو گروپانە ڕابگەیەنن.
ئەمریکا لە ئەفغانستانەوە دەستی پێکرد بۆ عێراق و دواتر بەهاری عەرەبی کە لە تونسەوە دەستی پێکرد و لە سوریا گیری خوارد.
ئیسرائیلیش لە غەزەوە دەستی پێکرد بۆ لوبنان و لەسوریا چەقیوە لە ئێستادا،چاوەڕێ دەکرێ عێراق و یەمەن بگرێتەوە و سەربکێشی بۆ ئێرانیش.
بەدبەختی گەلانی ئەم ناوچەیە لەوەدایە کەلە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدا گیریان خواردوە نە خۆیان توانای بەرهەمهێنانی پڕۆژە چارەسەرێکیان هەیە بۆ ڕەمزە نهێنیەکانی ئەو هاکێشەیە نە ئەمریکی و ئیسرائیلیەکانیش ئەوەندە شارەزاییان لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مێژویی ئەم ناوچەیە هەیە چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکانیان دابڕێژن یان هەر لە بنەمادا نایانەوێ.
ئەمریکیەکان سەدەیەکە بەدوای وزەی ئەم ناوچەیەوەن،سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی ئامانج و ستراتیجی سەرەکیان بوە،لە بەرامبەریشدا ئیسرائیلیەکان تەکنۆلۆجیای سەربازی ئیسرائیل و بێ هێزی و پەرتەوازەیی گەلانی ئەم ناوچەیە ئامانجی سەرەکیان بوە.
هەردوو لا پێیان وابوە پەرتکە و زاڵ بە ئاسانترین ڕێگایە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان،بۆیە سەدساڵە دەسەڵاتادارانی ئەمناوچەیە هێلێ سەرەکی پەیوەندیان بوون بە ناوچەکەوە بەبێ گوێدانە خەون و خولیاکانی گەلانی ئەم ناوچەیە.
بۆ ئەوەش ناوە ناوە ناچاربوون فۆڕمی دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە بگۆڕن و لە خودی زهنیەتی خۆیاندا دژبەریان بۆ ئامادەبکەن،هەڵبەتە خودی زەمینەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیەش ئەو زەمینەیەی بۆ ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان ڕەخساندوە،هەر لەسەرەتای دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە و لەگەڵ چاندنی تۆوی هزری نەتەوەیی تۆوی مەزهەب گەرایی و توندڕەوی مەزهەبیشیان چاندوە و ئاوداوە.
ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین بەڕونی لەو هاوکێشە تێدەگەین،هەر یەکێک لەو دوو فۆڕمە دەسەڵاتدارە لەم ناوچەیە بنەما سەرەکیەکانی گەمەکەیان لە ناوچەکە تێکدابێ بەر غەزەبی زل هێزەکان کەوتون،هەر ئەوەش سیمای دیاری گۆڕانکاری لەم ناوچەیە کردوە بە کودەتای سەربازی یان (شۆڕشی چەکداری)،ئەم دوو فۆڕمەش هەمیشە لە قازانجی زل هێزەکان و بەزیانی گەلان شکاونەتەوە.
بڕیاری شەڕی وجودی لەگەڵ (القاعدە) لەم چوارچێوەدا بوو،ڕوخانی سەدام، بەهاری عەرەبی و ڕوخانی دەسەڵاتدارە قەومیەکانی هەریەک لە تونس،مصر،لیبیا و دوا جاریش ڕوخانی ئەسەد لە سوریا لەم چوارچێوەدا بوو.
ئەمریکیەکان سەد ساڵە لەم ناوچەیە لە نێوان قەومیەت و مەزهەب وازی خۆیان دەکەن،عێراقێک کە زۆرینە شیعەن دەسەڵاتیان ڕادەستی سونە کردبوو،لە سوریاش کە زۆرینە سونەن دەسەڵاتیان ڕادەستی شیعە کردبوو.
دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە لەسەر بنەمای مەزهەب هاوزمانەکانی خۆیان سەرکوت دەکەن جا چ جای پێکهاتە قەومی و ئاینە جیاوازەکان،هیچ کام لەم دوو فۆڕمەی دەسەڵات قەومی و مەزهەبی ناتوانن وەڵامدەرەوەی پێکهاتەی هاڕمۆنی گەلانی ئەم ناوچەیە بن.
وێنەکە ڕونە ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان بڕیاریانداوە لەسەر فۆڕمی مامەڵەی سەد ساڵی ڕابوردویان بەردەوام بن بۆ سەدساڵی داهاتوش بە هەندێ ڕوتوشی هەڵخەڵەتێنەر لە فۆڕمی دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە و هیچ پڕۆژە چارەسەرێکی ڕیشەییان بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە لە هەگبەدا نیە.
لەوەش ناهەموارتر ڤێرژنی جیاواز جیاوزی مەزهەبی و قەومی تاقیدەکەنەوە و وەک فریادڕەس و بەنجی کاتی ئازارشکێن گەلانی ئەم ناوچەیەی پێدەخەڵەتێنن.
لەسەر ئەو بنەمایە پێم وایە ئەوەی لەدوای ڕوخانی سەدام ڕویدا،وەرگرتنەوەی دەسەڵات بوو لە سوننە و ڕادەسکردنی بە شیعە،بە پێچەوانەشەوە لە سوریا،بۆیە ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕودەدات درێژکراوەی بیست ساڵ لەمەوبەری عێراقە نەک لە سوریا دەستی پێکردبێ و بەرەو عێراق بێ.
تاکە کێشەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای عێراق هەژمونی ٥٠بە ٥٠یانە لە گەڵ ئێران،لە ئێستادا پێیان وایە کاتی ڤێرژنێکی نوێی دەسەڵاتداری شیعی هاتوە لە عێراق کە ١٠٠٪ لە ژێر هەژموونی خۆیاندا بێ،ئەوەش پێویستی بە دوبارەکردنەوەی نمونەی سوریا نیە.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە ئەگەر کورد لە هەرێمی کوردستان خۆی ئامادە نەکا بۆ چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ڤێرژنی داهاتوی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق زۆرێک لەدەسکەوتەکانی لەدەستدەدات.