قارەمان مەحمەد حەسەن
لەبەرئەوەی سەرچاوەی زانیارییەکانی زۆرێک لە میدیاکان و شڕۆڤەکارەکانی ئێمە لە سەرچاوە عەرەبییەکانن (وەک جەزیرە)، کوردییەکانن وەک (ڕووداو) یان یان میدیا سێبەرەکانی دیکە یان لە ڕێگەوە هەواڵەکانەوە شرۆڤەی دۆخەکە دەکەن، ڕۆڵێکی زۆر گەورەتریان بەبەر تورکیا کردووە و شەڕێکی میدیایی زۆر خراپ دژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی و ڕۆژاڤا بەڕیوەدەبەن. بەڵێ تورکیا ڕۆڵی هەیە و ئەندامی ناتۆیە، بەڵام ئەم هەموو ڕیکلامە بۆ داگیرکاریی لە پای چی؟
“ئاسانترین ڕێگا بۆئەوەی دوژمنەکانت بەسەرتدا زاڵبن ئەوەیە، کە قەناعەتت پێبکەن کە شەڕ نەکەی”، ئەم قسەی ڕۆبێرت گرینە لە یەکێک لە کتێبەکانیدا باسی دەکات. ئەم شەڕە دەکرێت شەڕی مەیدانی یان شەڕی کلتوری یان میدیایی بێت، بەڵام ئاسانترین ڕیباز بۆ ئەم سەرکەوتنە شەڕی میدیاییە کە بەداخەوە زۆرێک لە میدیاکانی ئێـمە زۆر بە هەرزانی بۆ دەوڵەتی تورکی دەکەن. ئامەدەن چەندین هەواڵ دابڕێژن و چەندین شیکاری بکەن لەسەر ئەکاونتێکی فەیک بەناوی ئەحمەد ئەلشەرع گوایە داوای چەکدانانی هەسەدەی کردووە!
تورکیا لە سەرەتای دروستبوونەیەوە ڕۆڵی مەقاشی پێدراوە و وەک پاسەوانی دەرگای ئەوروپا سەیردەکرێت و لە هەندێک شوێندا ڕوڵی پێدەدرێت و لە هەندێک شوێندا بێدەنگ دەکرێت. لەماوەی سەد ساڵی دروستبوونیەوە تورکیا چەند جارێک خاکی وڵاتانی دیکەی داگیر کردووە ئەویش بە دوو مەرج. یەکەمیان ڕێپێدانی هێزە باڵا دەستەکانی ئەو سەردەمە، دووەم بوونی هێزێک لەناوخۆی ناوچە داگیرکراوەکە کە ڕەوایی بدات بەو داگیرکارییە. ئەگەر پارتی دیموکرات نەبێت، کێ دەتوانتێت ئەم ڕەوایەتییە بدات بە تورکیا ئەم هەموو بنکەیە سەربازییە لە هەرێمی کوردستان دروست بکات و کوردستان داگیر بکات؟
داگیرکردنی ئەسکەندەرونە و کردنی بە بەشێک لە تورکیا کاتێک ڕویدا دوای ئەوەی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٣٨ ئەم پارێزگایەی لە سوریا دابڕی و کۆماری هاتای دروستکرد و دواتر لە ساڵی ١٩٣٩ تورکیا بە فەرمی داگیریکرد. لە داگیرکردنی باکوری قوبرس لە ساڵی ١٩٧٤ تاکو ئەمریکا و ناتۆ و ئەوروپا ناڕەزاییان دەرنەبڕی دژی کودەتای یۆنانیەکانی قوبڕوس، پشتیوانییەکانی تورکەکانی دورگەکە، تورکیا نەیتوانی هەنگاو بنێت بۆ داگیرکردنی قوبڕوس بنێت.
تورکیا ئەگەر لە توانایدا بوایە هاوکێشەکانی ناو سوریا یەکلایی بکاتەوە، دەمێک بوو هێزەکانی دژ بە بەشار ئەسەدی ڕێکخستبوو، هەر وەک مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کتێبەکەیدا باس دەکات پێش یارمەتیدان و پشتگیری هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەرنامەمان هەبوو پشت بەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانە ببەستین کە سەر بە تورکیا بوون، بەڵام لاوازی بێبەرنامەیی و تاڵانی لەناو ئەو هێزانە وادەکات کە ئەمریکا پشت بە هەسەدە ببەستێت و سەرەڕای ناڕەزایی تورکیا، ڕاهێنانیان پێ بکات و پڕ چەکیان بکات و داعش تێک بشکێنن. هێزەکانی بەناو سوپای نیشتمانی سەر بە تورکیا لەسەر چەند دەبە زەیتونێک و چەند دۆنمێک زەوی و تاڵانی کوردانی عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری تا ئێستا بەپێی سەرچاوەکان چەند سەد کەسێکیان لەیەکتر کوشتووە.
ئێستاش ستراتێژی ئەم دەوڵەتە جگە لە کوردکوژی دژە مرۆڤیی و خەیاڵی دەستبەسەداگرتنی ڕۆژاڤا شتێکی دی تێدا جێکەوت نابێ. هەر لەبەر ئەم ئامانجە چەند ڕۆژ لەمەبەری هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، دیسانەوە زۆرێک میدیای کوردیی بەبێ لێکۆڵینەوە تەقینەوەکانیان خستە ئەستۆی ئیسرائیل. دیارە تورکیا چاوەڕێیە ڕێگەی پێبدرێت خاکی زیاتر داگیر بکات، بەڵام نابێت ئێمە تەسلیمی ئەم پڕوپاگەندانە بین و دەبێت پشتگییری ئەم ساتاتۆیە بکەین. ئەوانەی پێشتر داعشیان تێکشکاند و بەرخودانی کۆبانێ یان بە دنیا ناساند، کە هەر تورکیا پشگیری دەکردن، ئێستا لە توانایاندایە ئەم چەتە و بەکرێگیراوانە تێکبشکێنن کە تورکیایان لە پشتە.