شیکاری ئازا پرێس
رووداوەکانی دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، زۆر بەپەلە کاریگەریان لەسەر تەواوی کوردان کرد. هەموو کەسێکیش داوای یەکریزی و یەکێتی گەلی کوردیان دەکرد، لە رۆژئاوا. خەڵکی باشوور وەک پیشەی بەردەوامیان هاوهەڵوێستی و پشتیوانی خۆیان نیشاندا و داوایان کرد دەروازەی سێماڵکا بکرێتەوە، تاکو هاوکاریەکانیان بگەێنە کۆچبەرەکانی شەهبا و عەفرین.
هەموو هێزە نێودەوڵەتیەکان ، هەڵوێستی ئەرێنیان لە بەرانبەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و کوردانی رۆژئاوا هەیە، هەتا داوا دەکەن و دەڵێن، ناکرێ سوریای نوێ بەبێ کوردانی رۆژئاواو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی ئاوا بکرێتەوە. ئەوەی وەک دوژمن و ناحەز لە رۆژئاوا نزیک دەبێتەوە تەنها تورکیا و پارتین.
تورکیا سەرجەم ئۆڕگانەکانی خستۆتە کار بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڕووخێنێ، سەرەتا بەناوی گەڕاندنەوە لە رۆژئاوای فورات، ئێستاش بەناوی پەکەکە و مەترسی لە سەر تورکیا کە هەموومان دەزانین درۆی شاخدارن. لەلایەکیتر تورکیا دەیەوێ دەسەڵاتی نوێی شام بەگژ رۆژئاواوە بنێت و نەهێڵت کورد لە سوریای نوێ خاوەن پێگەبێ. بۆ ئەمە تورکیا کاری سەرەکی خۆی کردۆتە دوژمنایەتی کردنی کوردانی رۆژئاوا، ئەو هەڵوێستانەی لە دروستکردنی هێزە بەکرێگیراوەکانی بەناوی سوپای میللی سوریا و پاشان داگیرکردنی مەنبج و ئێستاش پەلاماردانی بەنداوی تشرین و کۆبانێ و عەین عیسا و هەرێمەکانیتری خۆسەری.
شانبەشانی تورکیا پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆتە خاوەن هەمان هەڵوێست و بەهەمان رێچکەی تورکیا و بەهەماهەنگی پێکەوە دژایەتی رۆژئاوا دەکەن.
هەموو کۆمەڵگەی کوردی داوا دەکەن کە کورد پێکەوە بچن بۆ دیمەشق بۆ دانوسان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ، بەڵام پارتی بەرپرسانی ئەنەکەسەی لەگەڵ میت نارد، نەک لەگەڵ رۆژئاوا. راگەیاندنەکانی پارتیش لەجیاتی ئەوەی بڵێن با تورکیا دەسبەرداری دوژمنایەتی رۆژئاوابێ و وازبێنن ئێمە لەگەڵ سوریا کێشەکانمان چارەسەر بکەین، بەردەوام دژایەتی لایەنەکانیتری کوردستانی دەکەن و ئەوان وەک رێگر دەبینن لەبەردەم پرۆسەی سیاسی رۆژئاوا – دیمەشق.
لەپێشهاتێکی نوێتریش راگەیاندنەکانی پارتی و قەتەر و تورکیا پێکەوە لەپێناو رەشکردنی یەکێتی و پەکەکە کەوتنە جوڵە، ئەویش لەژێر ناوی ئەوەی ماهیری برای بەشار ئەسەد هەتبێتە سلێمانی، یان قەندیل!!
بێگومان رێکخەری ئەو درۆ شاخدارە میت و پاراستن سەرچاوەکەیانن، دەیانەوێ کۆمەڵگەی کوردستان ئاگای لە دۆخی رۆژئاوا بەتایبەتی هەوڵیان بۆ داگیرکردنی کۆبانێ نەمێنێ. لەلایەکیتریش تورکیا – پارتی گوایە دەیانەوێ هێزەکانی بەرەی مەقاوەمەی لایەنگری ئێران لاواز بکەن و مەسەلەی کورد لە سوریا و عێراق لە دەست خۆیاندابێ و پەکەکە و یەکێتی بخەنە دۆخی خۆپاراستن و پاڕانەوەو خەریکی ئەوەبن ئایا ماهیر ئەسەد هاتووە بۆ سڵیمانی یان بۆ قەندیل!!
لەلایەکیتر مەسعود بارزانی دەیەوێ ئەو پشتگیریانەی ئیسرائیلیش بۆ رۆژئاوا نەمێنێ بۆیە نامەی بۆ ناردوون و ئاگاداری کردوونەتەوە کە چیتر پشتیوانی راگەیاندنی لە رۆژئاوا نەکەن. ئەمەشی بۆ ئەوەیە تاکو دەستی تورکیا لە سوریا بەهێزتربێ، لەلایەکیتریش پشتگیری هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بۆ رۆژئاوا لاوازبن.
مەسعود بارزانی لەبابەتی بەفیڕۆدانی دەرفەت لەدەستی کورد خاوەن ئەزموونە، وەک لەبەڵگەکانی مێژووی نوێی کوردستان دەبینین لە سەردەمی قیادە موەقەتە دوای رووخانی شا لە ساڵی ١٩٧٩، دەرفەت بۆ کوردانی رۆژهەڵات هاتە ئاراوە، تاکو مەسەلەی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چارسەر بکەن، بەڵام بەپیلانگێڕیەک بەناوی دەرهێنانی تەرمی مستەفا بارزانی، مەسعود کوردانی رۆژهەڵاتی لە شنۆوە تاکو پاوە خستە ناو شەڕ و ئاڵۆزی و لەگەڵ بەکوشتدانی هەزاران کوردی بێتاوان، هەمانکات ئەو دەرفەتەشی لەدەستدان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران.
ئێستا مەسعود بارزانی بەڕێگەی میت – ئەنەکەسە خەریکی هەمان سیناریۆیە، تاکو دەرفەت لەدەست رۆژئاوای کوردستان دەرخات و لەکۆتایدا لەسوریا بێ ئەنجام دەرکەون. بۆیە پێویستە گەلی کورد و ئازادیخوازان لەگەڵ تورکیا پێویستە کەمپین لەدژی پارتی و مەسعود بارزانیش بکرێن و پێیان بگوترێ واز لە رۆژئاوابێنن، ئەنەکەسە یاریەکی بچوکی دەستی میتە، قسەدە و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی نوێنەری ئیرادەی سەرجەم کوردانی رۆژئاواو پێکهاتە جیاوازەکانیەتی و دەتوانن مافەکانی گەلی کورد و گەلانی سوریاش لە سوریای نوێ زامن بکەن.