ئازا پرێس
💢نامەی خاتوون پیرداودە بۆ رای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر گرتنو بێسەروشوێن کردنی هاوسەرەکەی بۆ ماوەی ٢٩ ساڵ.
💢پارتی و راگەیاندنەکەی دوو هەفتەیە باسی دڕندایەتی زیندانی سیدنایای رژێمی رووخاوی ئەسەد دەکەن، بەڵام کەس لەزیندانی ئەسەد نەدۆزرایەوە کە ٢٩ ساڵ زیندانیبێ، بەڵام لەزیندانەکانی پارتی تەحسین عومەر عەبدوڵا نمونەیەکی زیندوە،
⛔️ئەو نامەیی خوارەوە بخوێنەوە، ئەوکات زوڵمی پارتیت باشتر بۆ دەردەکەوێ؛
بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
💢من (خاتون پیرداود) خێزانی زیندانی سیاسی (تحسین عمر عبداللە) ئەم نامە و پەیامە بۆ ڕای گشتی هەموو جیهان بڵاودەکەمەوە بەهەموو ئازادیخوازانی دنیا ڕادەگەیەنم کەماوەی ٢٩ ساڵە لەدوری هاوسەرەکەم ئازاردەچێژم ، منداڵەکانم بەبێ باوک گەورە کرد بەئەوپەڕی ناخۆشی تەمەنی گەنجی و جوانیم بەچاوەڕوانی هاوسەرەکەم بەڕێکرد .
💢هاوسەرەکەم لەمانگی ١٢/١٩٩٥ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەستگیرکرا ئەوکات شەڕی پارتی و یەکێتی بوو گوایە یەکێتی یە و کاری بۆ دەزگای زانیاری یەکێتی کردووە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا.
💢بەڵام جگە لەوەی پارتی گەورەترین زوڵمی لێ کردوین، یەکێتیش هیچ کارێکی بۆ ئازادبوونی هاوسەرەکەم نەکرد وەک چۆن پشتی کردۆتە چەندین کادری خۆی لەناو زیندانەکانی پارتیدا لەهەولێر.
💢هەرچەندە ماوەی ٢٠ ساڵە ئەو کەسانەی ئازادکراون کەلەگەڵ هاوسەرەکەی مندا دەستگیرکرابوون بە لێبوردنی تایبەت ئازادکران تەنها هاوسەرەکەی من مایەوە لەزیندانەکانی پارتی لە هەولێر، کەهەتا ئێستاش لە زیندانە.
💢هەرچەند ماوەی چەند مانگێک لەمەوبەر بەڕێز سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی هاوسەرمی کردبوو لەهەولێر لەنزیکەوە حاڵی بینیبوو بۆی دەرکەوتبوو کەنەخۆشە و تەمەن تێپەڕیووە و ئەختیاربووە هەربۆیە لەڕوانگەی مرۆڤ دۆستانەی خۆیەوە بەکتابی ڕەسمی داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ( کاک نێچیرڤان بارزانی ) کردبوو کە هاوسەرەکەشم وەک نەخۆشێک و بەساڵاچووی بە لێبوردنی تایبەت ئازادبکات بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا جوابی نەداوەتەوە .
💢بۆیە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەم هاوسەرەکەم ئازادبکات خۆی لەو بەرپرسیارییە ڕزگار بکات.
💢خۆ هاوسەرەکەم ئەنفالچی و جاش و بەعس و كورد کوژ نەبووە ، چۆن ئەوانتان عەفووکردوو و کوردستانتان دایەوە دەستان ئاواش هاوسەرە بێ تاوانەکەی من کە ماوەی ٢٩ ساڵە پارتی زیندان کردووە ئازادی بکەن
💢خۆ ئەمە فەرهەنگ نییە بەس جاش و خائین گەورەکان عەفو بکەی .
💢ئەی دنیای مافی مرۆڤ ، ئەی ئازادیخوازان ئاگاداربن .
💢پارتی و دەزگا ئەمنییەکەی خۆم کوڕەکانمی ڕاونا لەترسی کێشەکانی ئەوە کوردستانی ئازیزمان بەجێ هێشت و هەڵهاتین بۆ ئەوروپا .
💢ئێستا لەوڵاتی پیرۆزی بەریتانیا دەژین .
💢بۆیە وەک هاوڵاتیەکی وڵاتی بەریتانیای ئازیز داوا لەسەفیری بەڕێزی وڵاتی بەریتانیای پایەدار دەکەم لە عێراق لەسەر ئەم هەقەی من بێتە دەنگ و بەرپرسانی عێراق ـ هەرێمی کوردستان ئاگاداربکەن هاوسەرەکەم ئازادبکەن .
💢ئەی هاوار ئیتر بەسە دەست لە زوڵم و ستەم هەڵبگرن و دەرس لەماڵی ( صدام حسين )ی گۆڕبەگۆڕ وەربگرن ، چونکە هاوشێوەی ئەوانەکاردەکەن.
💢ئەی ئازادیخوازانی دونیا ، ئەی گەلی کوردستانی ئازیز ، ئەی مافی مرۆڤ ، ئەی ڕەوەندی کوردی ئازیز داوا و تکا لەهەمووتان دەکەم هاوکاریم بکەن و دەنگی من بگەیەنن بە هەموو دونیا کەپارتی ماڵی وێران کردووم و تەمەنی گەنجی خۆم و هاوسەرەکەمی بەفیڕۆداین ، منداڵەکانم بەهەتیوی گەورە کرد ، تکا لەهەموو ویژدانە زیندووەکان دەکەم هاوکاریم بکەن و هاوسەرەکەم ئازادبکەن چونکە ئێستا لەزیندان نەخۆشە و باری تەندروستی زۆر خراپە و ئەختیار بووە .
⛔️ئەو ژیانەی کەماومانە با لەئامێزی خێزانەکەمان بیبەینەسەر .
٢٥/١١/٢٠٢٤
داواکار /خاتوون پیرداود