چرۆ کەرکوکی
گەلی کورد ماوەی چەندین ساڵە، بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، لە چوار پارچەی کوردستان ڕووبەڕووی هێڕش و داگیرکاری دەبێتەوە. لە درێژەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، تەنها بەوە نەوەستاوە کەوا کوردان لەناوخۆی بکوژ و زیندانی بکات، بەڵکو پەلاماریان دەدات لە هەر شوێنێک دەستی پێبگات. وەک چۆن خۆیان دەڵێن، ئەگەر چادرێک لە ئەفریقیاش بەناوی کورد هەڵبدرێ ئەوا لە دژی دەوەستنەوەو لەناوی دەبن، بەهەمانشێوە لە کوێ چالاکوان و خەباتگێڕێکی کوردیش هەبێ ئەو دەکەونە پیلان بە مەبستی لەناوبردن و نەهەشتنی، چونکە دەڵێن باشترین کورد ئەوەیە کە مردووە.
بەدرێژای تەمەنی دەوڵەتی تورکیا، دەستی بەخوێنی کوردان سوورە. بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی شۆناس کەسایەتی و هەبوونی کوردانی داوە. بۆیە دەبینین دەزگای هەواڵگری تورکیا زۆر نابەرپرسانەو لەدەرەوەی هەموو پێوانە مرۆی و ئەخلاقیەکان، دەستی رەشی تیرۆری خۆی گەیاندە ناوەندی ئەوروپاش. لە کردەوەیەکی ترسنۆکانە سێ ژنی بێ چەک و چالاکوان و خەباتکاری کوردی کردە ئامانجی تیرۆرەکەی، ئەوانیش (ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز، فیدان دۆغان) ئەو سێ ژنە تێکۆشەرەی لە ٩-١-٢٠١٣، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، لەلایەن ئەندامێکی میتەوە بەناوی عومەر گونەی تیرۆرکران.
بێگومان ئەو تیرۆرە لەکاتێکدابوو کە دەوڵەتی تورکیا بەناوی پرۆسەی ئاشتی لەباکور دەستی بەقۆناغێک کردبوو، بەڵام ئەو قسەی سەلماند، کەی تورک باسی ئاشتی بکەن ئەوکات شەڕێکی گەورە بەڕێوەیە. ئەم کردەووە تیرۆرستییەیی کە تورکیا بەرانبەر ئەو سێ ژنە تێکۆشەرە کوردە ئەنجامیدا، کۆتا تاوانی نەبوو. بەڵکو لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ دووبارە لە شاری پاریس، لە ناوەندی فەرهەنگی ئەحمەد کایا، ژنێکی دیکەی تێکۆشەر بە ناوی ئامینە کارا، ناسراو بە ئەڤین گۆیی لەگەڵ هونەرمەندان میرپەروەر و عەبدولڕەحمان کزڵ کرانە ئامانج و تیرۆر کران.
بەئامانج گرتنی چالاکوان و سیاسەتمەدارانی کورد و تیرۆر کردنیان، هەڵبەت شتێکی نوێ نییە، چونکە لە کۆتای هەشتاکان ع.قاسملو لە ڤێنای نەمسا و تیرۆری ع.شەرفکەندی لە سەرەتای ساڵانی نۆوەت لە بەرلینی ئەڵمانیا لەلایەن رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە. ئەوەی کە جێگەی باسە ئەویش بۆچی ئەوروپا بۆ هەموو کەس شوێنێکی ئارام و پارێزراوە، بەڵام بۆ کوردان، نەک تەنها ناپارێزرێن، بەڵکو ژیانیشیان بەردەوام لە مەترسیدایە.
لە ئەوروپا کە خۆی بەپارێزوانی مافی ژنان دادەنێ، بەڵام لەماوەی ١٢ ساڵ ٤ ژنی کورد بەدەستی دەزگای هەواڵگری تورکیەوە تیرۆر دەکرێن، هیچ لێپرسینەوەیەک ناکا، بەڵکو ئەو کەسانەی دەسگیریشیان دەکات، یان بەناوی نەتەواوی وەک کەسێکی ئاسایی زیندنانی دەکات، یان بەناوی مردن کۆتایی بە دۆسیەکەیان دەهێنن، بۆیەش ئەورپا لەوبارەوە رووی راستەقینەی خۆی نیشانداوە، تەنها ئەوە نازانرێ ئایا میتی تورکیا بەهاوکاری دەزگا سیخوڕیەکانی ئەوان ئەو کردە تیرۆریانەی کردووە یان بە ڕێگەو شێوازی جیاواز هەواڵگری تورکی خۆی خزاندۆتە ناو دامودەزگاکانی فەڕەنسا.
ئەمڕۆ کە دوو ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر تیرۆری ئەمینە کارا و هەڤاڵانی، تائێستا پشت پەردەی ئەو تیرۆرە روون نەبۆتەوە لەلایەنی یاسایەوە کە فەڕەنسا دەڵێن ئێمە داهێنەری یاسایان. هەموو ئەو کردە تیرۆریستیانەی لە ئەوروپا ئەنجامدراون، لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە ئاشکران، بۆیە بەبێ دوو دڵی پەنجەی تاوانی بۆ تورکیا راکێشاوە، بێگوومان دەوڵەتی تورکیاش نکۆلی لەو تاوانانەیان نەکردووە. خاوەنداریەتی گەلی کورد لە ئەوروپا و لە کوردستان، نیشانیداوە کەوا ژنی کورد، لەگەڵ ئەوەی خوێنەکەی هەروا هەرزانییە، هەمانکات وەک پێشەنگ و سەرکردەی خۆی بینیوەو هێز و ئیرادەی لێ وەرگرتوون.