جوتیار ئاسۆس
بە تیۆرەی( هێرتسبێرگ ۱۹٥۹)یش ناودەبرێت و تیۆرەیەکی بواری بەڕێوبەری (ئیدارە)یە کە تیایدا ئارەزووی کار و شایستەیی پاداشت، کە ئەنجامەکەی بە هۆکار (فاکتۆر)ەکانی تری وەک کاریگەری دەرەکی و ناوەکی ئەکتۆرەکان (کاربەڕێکەرەکان)ەوە گرێ دەدرێتەوە و هاوسەنگی لەنێوان هەر چوار دراوەکەدا ( ئارەزووی کار، پاداشت، فاکتۆری دەرەکی و فاکتۆری ناوەکی) ڕێکدەخات.
ئەو هاوسەنگیەش لە پرۆژەی مۆدێلی ئیخوانیزمی جیهادی تورکی بەتەواوی لەبەر یەک هەڵوەشاوە و لە سوریادا بە هەمان ڕەنگی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ۲۰۱۲ – ۲۰۱۷ بە ناهاوسەنگی و ناڕونی لە ئەجنداکانیدا لە بەرەوڕوو بوونەوەی جیهانی مرۆڤایەتی زۆرترین ترس و دڵەڕاوکێی دروست کردووە. بەڵام جیاوازیەکەی پرۆژەی سوریای ئیخوانی – جیهادی ئەم جارەیان لەگەڵ داعش ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورک و بە دیاریکراوی ئیدارەی ( ئاکەپە – مەهەپە) بە فەرمی خاوەنداری لەمیان کردووە و ناتوانێت لەبەرپرسیاری خۆی ڕزگار بکات. بۆیە پرۆژەی سوریای نوێ بە ماسکێکی ئیخوانی – سەلەفیەوە بەرەوڕووی جیهانی دەرەوەی خۆی ، ئەمجارە بەگوێرەی تیۆرەکەی (هێرتسبێرگ) کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ناوخۆی تورکیاش دەبێت.
کەم نین ئەو وتارە پڕ لەدڵەڕاوکێیانەی کە لە جیهانەوە ئاڕاستەی دەوڵەتی تورک دەکرێن و بە دیاریکراویش جیهانی خۆراوا لەسەر زمانی ئیسرائیلەوە نیگەرانیەکانیان بەیان دەکەن، کە لە باڵاترین ئاستی سیاسی ئەو وڵاتەش هێرشی میدیایی بە وتار دەکرێتە سەر دەوڵەتی تورک و بە دیاریکراوی ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە. لەناو جیهانی عەرەبیش سەرباری کاریگەری زمانی ناسیۆنالیزمی مەزهەبی عەرەبی کە ئێشتا دەستی لە دژایەتیکردنی گەلی کورد هەڵنەگرتووە و بەهۆکاری مەزهەبیبوونی – ئیسلامی سوننی ئەم هەڵمەتە تورکیە وەک پێویست نیە، بەڵام لەماوی ۲ هەفتەی ڕابردوو زمانی میدیای عەرەبیش ( جگە لە وڵاتی قەتەر) گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و زەنگی مەترسی دەربارەی هەژمونی تورکی – ئیخوانی ڕۆژ بەڕۆژ بڵندتر دەبێتەوە لە زمانی میدیاکانی دەوڵەتی میسڕیشدا ناڕەزایی گەیشتۆتە لوتکە.
مرۆڤ ئەگەر ئیرادەی تۆڵەسێنی هەردوو وڵاتی ڕوسیا و ئێرانیش بەرامبەر بەو خیانەتەی ئەردۆگان لە لوتکەی ئەستانەش لەبەرچاونەگرێت، ئەوا تەنیا دڵەڕاوکێی دەوڵەتانی هاوپەیمانە کلاسیکیەکانی تورکیا ( ئیسرائیل و وڵاتانی خۆراوایی) بەجۆرێک بڵند بووە، کە پەیماننامەی نوێ و دامەزراندنی چەپەرێکی ناودەوڵەتی دژی دەوڵەتی تورکی کردووە بە پێویستیەکی هەنوکەیی و بەرامبەر بە پرۆژە فراوانخوازیەی دەوڵەتی تورک کە بە پرۆژەی نیو-عوسمانیزم ناودەبرێت.
ئەو هەڵمەتە میدیاییە گەورەیەی لە ئێستادا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەتی لە تویتەر (ئێکس) لەلایەن چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی ئیسرائیلی و خۆراواییەوە بەرامبەر بە دەوڵەتی تورک بەڕێوە دەبرێت، ئاماژەیەکە بۆئەوەی کە ئیسرائیل جیاواز لە هەموو چاوەڕوانیەکان خۆی بە بەرلەشکری دژە بڵاوبوونەوەی (ئیخوانیزمی جیهادی – تورکی) دادەنێت. د. ئیتان کوهن، پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە هەردوو سەنتەری دایان لە زانکۆی تەلئەبیب و سەنتەری قودس بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە وتارێکدا بە ناویشانی ( محەمەد جولانی والی سوریا لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ) دا دەڵێت؛ ئیسرائیل ئامادەیە دەست لە پەیماننامە ستراتیژیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەڵبگرێ بۆ ئاستەنگکردنی هەژمونی ئیخوانیزمی جیهادی، چونکە بەوە هەم دەتوانێت نیازپاکی خۆی بۆ ئاشتیەکی دوورمەودا لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بسەلمێنێ و هەم بە لەناوبرند خۆی لە مەترسی ئیخوانیزمی جیهادی بپارێزێت کە پێیوایە هیچ دەوڵەت و هێزێک ناتوانێت کۆترۆڵی بکات لەوەی زەبر بە ئاسایشی نیشتمانی خودی ئیسرائیل نەگەیەنێت.