شیکار ئازا پرێس
💢دوێنێ شەو گرتە ڤیدیۆیەک هەموو میدیای دژیتاڵی تەنی، کاتێک دوو گەنجی کورد بەهێلکە هێرشیان کردە سەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.
💢ئەوانەی هێرشیان کرد خۆیان نەشاردەوەو پێش هێرش کردنەکەش لە پەیج و واڵەکانی خۆیان هەڕەشی راستەوخۆیان کردووە.
💢هەردوو گەنجەکە بەناوی شڤان ئازاد و ئیسماعیل سیانن و خەڵکی هەولێرن و دانیشتووی لەندەنی بەریتانیان.
💢بەر لە هێرش بۆ سەر شاسوار، بیرمانە بەر لە دووساڵ، ژنە چالاکوان بێریتان رانیەیی دیسان لە بەریتانیا بە هێلکە هێرشی کردە سەر مەسرور بارزانی و چەند هێلکەیەکی نیشانی پێکا. هەر ئەو ژنە چالاکوانە، ئەوکات پێلاوێکی مەکاپی بەڕووی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز کردەوە، ئەو پێڵاوە مەکاپە کە بە پێڵاوی گەریلا دەناسرێ، لە تەواوی ئەوروپا بووە رەمزی چالاکیە جەماوەریە ناڕەزایەکان.
💢دیسان ماوەی دوو ساڵە رێکخراوێک لە بەریتانیا دامەزراوە بەناوی کۆک، ئەویش زیاتر بۆتە شوێنی کۆبوونەوەی گەنجانی ئاوارەی باشووری کوردستان،
💢رێکخراوی کۆک لە لێدوانێکیان بۆ وەبیرهێنانەوەی یادی ٨ساڵەی مامۆستای قوربانی هێرش عەبدولرحمان، ناوی ئاسایش و چەکدارانی یەکێتیان بە چەتەکانی یەکێتی هێناوە.
💢ئەو ئامار و بەڵگانە پێمان دەڵێن، لە بەریتانیا و لە ئاوارەیی و لە وڵاتی خەڵکی، نەوەیەکی توڕە و یاخی سەریهەڵداوەو کۆبۆتەوە، هیچ ناعەدالەتی و زوڵمێک پەسند ناکات.
💢تائێستا گەنجە هێرش بەرەکان لە دەرەوەی پەیامی نەتەوەیی و داخ لەدڵ لەبەرانبەر دەسەڵاتی گەندەڵ و ئۆپۆزسیۆنی ساختە هیچ نزیک بوونێکی هەڵەیان نەکردووە.
💢لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەو گەنجە یاخیانە بە گێرەشێوێن، لەلایەن ئۆپۆزسیۆنیشەوە بە پیاوی پاراستن و دەسەڵات بەناو دەکرێن.
💢سەرکوت کردنی کۆمەڵگە لەناوخۆ، دەرفەتی سەرهەڵدانی لەدەرەوە دەست دەکەوێ، ئەمەش پەیامێکە دەبێ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن باشی لێ تێبگەن….