جۆتیار ئاسۆس
سەلوان مۆمیکا ساڵی ۱۹۸٦ لە شارۆچکەی حەمدانیە لە پارێزگای موسل لەدایک بووە. ساڵی ۲۰۱٦ ناوبراو گروپێکی چەکداریی بەناوی (هێزی هەڵۆکانی سریان)ی دامەزراند، گوای شەڕ لە دژی داعش دەکەن، بەڵام لەبری داعش پەلاماری ئەو گروپانەی تریان دەدا کە شەڕ لە دژی داعش دەکەن. دواتر سالی ۲۰۱۷ گۆڕا بۆ (پارتی سریانی دیموکراتی). ئەودەم ئەرکی پەروەردەی سەربازی و پڕچەککردنی گروپە چەکدارەکانی لەدەستی دەوڵەتی تورکیا بوو، بەڵام لەبەرئەوەی لەگەڵ هێزەکانی (کەتائیبی بابلیون) ی سەر بە ڕەیان کلدانی بوو بە شەڕیان و ناوبراو نەیتوانی درێژە بە کاری سیاسی و سەربازی بدات، پاش ماوەیەکی کورت لەڕێگەی تورکیاوە ولاتی ئێراقی بەجێهێشتو چوو بۆ وڵاتی سوید.
سەلوان مومیکا ٥ مانگ دوای سوتاندنی یەکەمین (قورئان) لە مانگی ۲ی ۲۰۲۳ لە وڵاتی سوید، هاوینی هەمان ساڵ لە ڕێگەی تورکیاوە گەڕایەوە، تا کوو بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا بە سەرکردایەتی سەدر بکات، کە لە تەموزی ۲۰۲۳ و بە فیتی تورکیا و هەولێرهەلگیرسا و هەوڵیاندا تەواوی دەزگاکانی دەوڵەتی ئێراقی بەتەواوی بڕوخێنن. چالاکوانانی سەدری و هێزە سەربازی و هەواڵگریەکانی سەرایا ئەلسەلامیش وادەرئەکەوێت کە هەر هەستیان بە هەبوونی ناوبراو نەکردبێت لەناویاندا. ئەوەی جێی سەرنجە ئەم کوڕە تەنیا لەبەر گەڕانەوەی بۆ وڵاتی ئێراق پێویست بوو کە مافی پەنابەرییەکەی لە وڵاتی سوید لەدەست بدات، هەروەها لە وڵاتی تورکیا و ئێراقیش داواکراوێکی ناسراوی دەزگا ئەمنیەکان بوو. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی خۆیشاندانەکان بە خاکی تورکیادا دیسا گەڕایەوە بۆ وڵاتی سوید و دوای ئەوەی گەیشتەوە جێی خۆی ئەوسا تورکیا بەفەرمی داوای دەسگیرکردنی ناوبراوی کرد، گوایە چونکە دڵی موسوڵمانانی جیهانی بریندار کردووە و کتێبی پیرۆزی سوتاندووە.
دواتر دەزگای هەواڵگری دەوڵەتی تورک کە هاتن و گەڕانەوەی سەلوان مۆمیکایان بەخاکی تورکیادا ئەرێکردبوو، هەر خۆیان کەیسی پەیوەندیە سەربازیەکانی وڵاتی سوید و تورکیایان ئاستەنگ کرد، بەوەی گوایە وڵاتی سوید کەسایەتیەکی دوژمنی موسولمانان و ئایینی ئیسلام دەپارێزێت بەناوی سەلوان مۆمیکا. بەتایبەتی دەوڵەتی تورک یەکێک لە تێبینیەکانی بەرامبەر بە قبوڵکردنی وڵاتی سوید لە هاوپەیمانی ئەتڵەسی ( ناتۆ)، جوڵاندنی کەیسی ناوبراو بوو.
سەلوان مۆمیکا کە چەندین جار هێرشی فیزیکی کراوەتە سەری و مەترسیدارترین گروپە توندڕەوە مەزهەبیەکانی جیهان هەڕەشەی لەناوبردنیان لێکردووە، لە وڵاتی سوید لە کەشێکی تەمومژاویدا بەبێدەنگی لەماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت. لەکاتێکدا تەواوی وڵاتی سوید بە کامێرای چاودێری تەنراوە و بەرزترین تەکنیکی چاودێری هەواڵگری لەو وڵاتەدا بوونی هەیە و ئەویش یەکێکە لە ستراتیژیترین ئامانجەکان، وەلێ دەوڵەتی سوید هیچ لێدوانێک سەبارەت بە کوشتنی ناوبراو نادات و وادەرئەکەوێت جارێ بڕیاریان نەدابێت کە کێ تاوانبار بکەن.
وڵاتی سوید خاوەنی یەکێکە لە مەترسیدارترین و تاوانبارترین دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەوروپا کە زۆر جار میتۆدەکانی دەزگای میتی تورکیا دووبارە دەکەنەوە، بەتایبەتی کە ساڵی ۱۹۸۹ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی خۆیان (ئۆلف پالمە)یان تیرۆرکرد، کە هەم لەبەر دیدگا سۆسیالیستیەکەی و پشتیوانیەکانی بۆ پارتی کرێکاران لەلایەن وڵاتانی ناتۆوە ، بەتایبەتی ئەمریکی و بەریتانیەکان تێبینیان لەسەری هەبوو، هەروەها دواتر ئەو تاوانەکەشیان نا بەسەر پارتی کرێکاراندا و بەو هۆیەوە خستیانە ناو لیستی قەدەغەی ئەوروپا. لەکاتێکدا ئۆلف پالمە تاکە سەرکردەی پشتیوانی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو لە ئەوروپا و بە تیرۆرکردنی ناوبراو، نەک بەتەنیا ئەو پەکەکە خرایە ناو لیستی قەدەغەی وڵاتانی ئەوروپی، بەڵکو دۆستێکی زۆر بەبەهای خۆی لە ناوەندی ئەوروپا لەدەستدا. لە ساڵی ۲۰۲۱ پاش زیاتر لە ۳۲ ساڵ دادگای باڵای سوید لەبەر نەبوونی بەڵگە، بە فەرمی تۆمەتەکەی لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان لابرد، بەڵام کەسێکی دەروننەخۆشیان تۆمەتبارکرد و ئەوەش هێندەی تر خەڵکی وڵاتی سویدی توڕەکرد و ئاماژەکان هەمووی بەو ئاڕاستەیەدا ڕۆشتن، کە دەزگای هەواڵگری وڵاتی سوید خۆی لە کەیسی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی ئەوسای سوید – ئۆلف پالمەوە گلابێت.
سەلوان مومیکاش فیگەرێکە کە وادیارە کە بۆ مەبەستێک دروستکرا و کاری خۆی پێکرا و بەبێدەنگی لەناوبرا، بۆیە هەموو ئاماژەکان بۆ کەوتنێکی تری کاری پێکەوەیی دەزگای هەواڵگری وڵاتی سوید و میتی تورکی ئەچن. بەتایبەتی کە هەردوو دەزگاکە بەناوبانگن بە بەکارهێنانی دڕندەترین و قێزەونترین میتۆدەکانی بێدەنگکردن و لەناوبردن.