جوتیار ئاسۆس
لە جاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقی عەرەبی هاکان فیدان لە وەڵامی پرسیارێکی بێژەری کەناڵەکە، کە ئاخۆ تورکیا چۆن توانی ڕوسیا قاییل بکات کە لە سووریا بکشێنەوە و هاوکاری ئەسەد نەکەن!؟ هاکان بە زەردەخەنەیەکەوە تەمەشای دەکات و بێدەنگ دەبێت، بەواتای ئەوەی نایەوێ لێدوان لەو بارەیەوە بدات. ئەم وتارەی خوارەوە وەڵامە شاراوەکەی ناوبراوە.
لەپاش ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لوتی لە بەردەی ئەلحەد کەوت و لەماوەی ۲٤ کاتژمێر کوردوتەنی؛ لە قەڵان و لە کۆترانیش بوون، بە واتایەکی تر لەپای هاوکاری هەتەشە و جولانی بەیەکجار هەم لە پیلانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دوورکەوتنەوە، هەم لە ئەوروپیەکان و تەنانەت لە ئیرادەی وڵاتە عەرەبیەکان ( بێ لە قەتەر) و لەهەمووی گرنگتر خودی خۆیان ڕێکەوتنی ئەستانەیان هەڵوەشاندەوە کە هەر خۆیان لەسەرەتادا لەگەڵ ئێرانی و ڕوسەکاندا دەستیان تێکەڵکرد بەمەبەستی لێدانی ئیرادەی گەلی کورد لە سوریا.
بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورکیا کردی پاراستنی هەژمونی ڕوسیایە لە سووریا و گرەنتیکردنی مانەوەی هەردوو بنکەی ئاسمانی حمێمیم و تەرتوسە لە ساحیلی سووری کە نزیکەی تەواوی دانیشتوانەکەی عەلەوین. بێدەنگیەکەی ناوبراو بریتیبوو لەوەی کە بەڕاستی ئەوان ڕوسیایان لە سووریا وەدەرنەناوە و چاوەڕێی هێوربوونەوەی هەتەشە و خەڵکی سوریا دەکەن کە لەگەڵ کات تاوانەکانی هێزی ئاسمانی ڕوسیایان لەبیربچێتەوە. وا ئێستا هاکان فیدان دیسا دەرفەتێکی تری بچووکی دۆزیوەتەوە و بەرامبەر بە هەژمونی ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی سووریا ( شەیبانی) و وەزیری دەرەوەی ڕوسیا (لاڤرۆڤ) بانگێشتی ئەنکەرە دەکا، گوایە دەیانەوێت پشتیوانی لە حکومەتی دیمەشق بکەن لەدژی هەیمەنەی ئیسرائیلی لە سووریا کە ڕۆژانە هەڵدەکشێت.
هەرچەندە بۆ ڕوسەکان ئەو کۆبوونەوەیە هەر بەقەد بەڕولەیەکی ناو چاڵێک لە قەدپاڵی گردێک جێگای هیوایە کەببێ بە داربەڕوو و بۆخۆیان پێگەی ناودەوڵەتی ئەم حکومەت و دەستەیەی دەوڵەتی تورکیان باش هەڵسەنگاندووە و ڕوسەکان بە سەبرو بەرگری لەڕادەبەدەری پلانەکانیان بەناوبانگن، ئەوە خودی خۆیانن کە لە ساڵی ۲۰۱٥ و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی ڕوسی لەسەر ئاسمانی تورکیا ، پیلان دادەڕێژن بۆ لاتەریککردنی تورکیا لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
ئەوان زۆر بەباشی لەوە ئاگادارن کە موخاتیبی ئەوان لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست ئیسرائیل و ئەمرییەکانن. بەڵام هاکان فیدان کە بەڕاستی وردە وردە هەرزەیی و کاڵفامی خۆی بۆ جیهان دەسەلمێنێت، لانیکەم وەک بەرزترین ئاستی دپلۆماسی تورکیا و وەزیری دەرەوە، وەک هەمیشە دەیەوێت هەمووان لەخشتەبەرێت، یان ڕاستتر بڵێین ” وەکوو کەو سەریان بەناو بەفرا کردووە و خۆیان وادەزانن کە فێلبازن و دەتوانن هەموان لەخشتەببەن” بە ڕوسەکان دەڵێت کە ئەوان ئێشتا براگەورەی هەتەشە و حکومەتەکەی جولانین. لەکاتێکدا (شەیبانی) کە تا بەر لە چەند مانگێک تەنیا کۆنە جیهادیەکی داعشی و ئەلقاعیدەی بێئەزموونی سیاسی و دپلۆماسی بووە، تەنانەت ئەویش لەوە حاڵیبووە کە تورکیا بە زمانێکی زبر لە سووریا ئاوتکراوە و بەشداریکردنی ناوبراویش لە کۆبوونەوەی پاریس چەمۆڵەیەک بوو لە هاکان فیدان و خودی ئەردۆگانیش. بێدەنگیەکەی هاکانیش لەو چاوپێکەوتنە تەنیا دەلالەت لە هەڕەشەیەکی خەستی ڕوسەکان دەکات و تورکیا وەک کەروێشکێکی ترساو وێنادەکات کە خۆی لەترسی چەقەڵێک متکردووە. ماوەتەوە بڵێین ؛ دواهەمین هەنگاوی پەشۆکاوی دیپلۆماسی هاکان فیدان جگە لە نوێژە بەبارانێ هیچ گرەنتیەکی تر نادات بۆ هاتنی پەڵەهەورێکی شێدار و بارانبارین.