جوتیار ئاسۆس
مانگی ڕابردوو هاکان فیدان لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند کە لە داهاتوو کۆبونەوەیەک لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵات (تورکیا، سوریا، ئەردەن و ئێراق) ئەنجامدەدەن، گوایە کۆبوونەوەکەش بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی شەڕە لە دژی بەناو”تیرۆر”، هەتا دۆسییەی شەڕکردنی داعش لەدەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە دەربهێنن، هەروەها وەک خەڕەک دووبارەی کردەوە؛”کە هێزەکانی داعش و .. یەپەگە و پەیەدە و پەکەکە ئەبێ لەناوچەکە نەمێنن و ئەوانە..”.
بەرلەوە هاکان فیدان وەزیرانی دەرەوەی ڕوسیا و سوریای بانگێشتکردبوو بۆ ئەنکەرە، دوای ئەوەی لاڤرۆف ڕەتیکردەوە لەگەڵ شەیبانی-وەزیری کاتی سوریا دانیشێت، هەروەها سەکۆی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنکەرەشی بەکارهێنا بۆ بچوککردنەوە و لێدانی خودی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و ئیداری پێشووی ئەمریکا، هەروەها لەسەر بەڕەکەی هاکان بانگەوازییەکی ناڕاستەوخۆی کرد بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا کە ڕوسیا ئامادەیە هەماهەنگییەن لەگەلدا بکات. لەوڕێیەوە لاڤرۆف هاکانی کرد بە پوشکە و ڕێسەکەی بۆ کردەوە بە خوری، هاکان هەرزوو بانگەشەی بۆ ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی ئەردەن کرد کە بە حسابی خۆی ئەردەن و ئێراق هێزە سەربازی و ئاسمانییەکانی خۆیان دەخەنە خزمەتی ئەبو محەمەد جولانی و ئەردۆگان بۆ هێرشکردنە سەر ئیدارەی خۆسەری و لێدان لە خودی ئیسرائیل و ئەمریکاش. بەڵام لەو نێوانەدا هێندە گۆڕانکاری گەورە ڕوویاندا کە ئەو پیلانگێرییەی سفرکردۆتەوە. لەوانەش بانگەوازی ئاشتی بەڕێز ئۆجالان لەزیندانەوە گەورەترین گۆرانکارییە کە لایەنی شەڕخوازی تورکیای لە هەمووان زیاتر پەشۆکاندووە، بەڵام لەهەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە چەکدارانی هەتەشە و ئێس-ئێم-ئۆ ی سەر بەتورکیا خۆیان ئاڵای داعشییان لەسەر سنگیان داوە و حاڵی حازر کەوتوونەتە کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان لە شار و کەنارەکانی سوریا و بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییەکان زیاتر لە هەزارکەسی سیڤیلییان تا ئێستا کۆمەڵکوژکردووە. بۆیە ئێستا شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا بخوازێت یان نەخوازێت بۆخۆی نوێنەرایەتی خودی داعش-ڤێرژنی ۲ دەکات.
بە هەموو عورفێکی دیپلۆماسی ناودەوڵەتی دەبوو ئەو کۆبوونەوەیە هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە وڵاتی ئەردەن لەڕێگای کۆشکی پادشاییەوە پێش دوو ڕۆژ ئاگاداری توندی بە ئیدارەی نوێی سوریاداوە کە دەست لە کردەوەکانی ئەلقاعیدە و داعش هەڵبگرن، وڵاتی سێهەمیش ئێراقە، کە سەرباری ئەوەی وەزیری دەرەوەی کوردێکی سەر بە بنەماڵەی بارزانی و گوێلە مستی تورکیایە، بەڵام دواجار نوێنەرایەتی وڵاتێکی زۆرینە شیعی دەکات کە گەنجەکانی خۆیان ئامادەکردووە بچن بۆ بەرگریکردن لە عەلەویەکانی سوریا لەدژی بەناو حکومەتی نوێی سوریا.
بەڵام هاکان فیدان لەبەر ئەوەی وەک بەچکە پشیلەیەک وایە کە لە ئاوێنەدا خۆی دەبینێت و وادەزانێ کە گەورەبوو دەبێت بە پلنگ، بەهەڵەداوان خۆی گەیاندۆتە وڵاتی ئەردەن و لە ڕاستیدا چون ناوبراو تەنیا داهۆڵێکە و فڕی بەسەر عورفی دپلۆماسی و کاروباری وەزارەتی دەرەوە نیە، تەنیا وەک زمانحاڵی ئەجندای دەزگای شەڕی دەوڵەتی تورکیا بۆ جەنگی پاکتاوکاری لە دژی گەلی کورد بەرخورد دەکات و تەواوی کارە ناودەوڵەتییەکانی ناوبراو لەو چوارچێوەیەدا کورتبوونەتەوە. هاکان هەروەک ئەفسەرێکی هەواڵگری جاران فەرمانەکان جێبەجێدەکات و جەختی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە کردۆتەوە کە جگە لە بەفیڕۆدانی کات و کاغەز بۆ نوسینەوەی پرۆتۆکۆڵ هیچی تری لێ سەوز نابێت و لە زمانی دپلۆماسیشدا بەوە دەوترێت “هەژاری ڕەها”.