جوتیار ئاسۆس
بەرلە ۳٤ ساڵ پاش وەستانی جەنگی کوێت سوپای ئێراقی سەردەمی بەعس هێرشی سەربازی کردە سەرباشوور و باکووری ئێراق (هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ) کە ڕاپەڕینیان ئەنجامدابوو. لە باشووری ئێراق ڕژێمی بەعس بە سەرکردایەتی حسێن کامیلی زاوای سەدام حوسەین کۆمەڵکوژیی وەحشییانەی ئەنجامدا و بە چەشنی کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکانیی ئەمڕۆی جولانی و هەتەشە لە کەناراوەکانی سوریا، سوپای بەعسیش ئەودەم بەبەرچاوی جیهانەوە شیعەکانی کۆمەڵکوژ و بێکەسکوژ دەکرد. بەڵام لە باکووری ئێراق ( هەرێمی کوردستان) جیاوازبوو.
لەبەر ئەوەی باشووری کوردستان لە دەیەی پێشووتر ئەزمونی تاڵ و بەتایبەتیش جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجەی لە بیرەوەری خۆیدا هەڵگرتبوو، لەودەمەدا کە قیادەی قوتڕی شیمال بە سەرپەرشتی عیزەت دوری و فیرقەکانی گاردی کۆماری بەدرێژایی سنوری باشووری کوردستان هێرشی داگیرکردنەوەیان دەسپێکرد، گەلی کورد بە یەک جار لەماڵ دەرچوون و دایانە شاخەکان و ئیدی کە سوپای ئێراقی کە گەییشتنە ناوەندی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان. هەمووی چۆڵەوانییەکی خامۆش و خاڵی بوون لە مرۆڤ.
دەرئەنجامی ئەو کۆڕەوە مەزنەش بۆ ڕژێم و سوپای ئێراقی گەلێ لە دەسکەوتی سەربازی و گرتنەوەی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان قورستر بوو، تەنانەت زۆری نەما کە سەدام حوسەین ئەودەم دان بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانیشدا بنێ و ئەگەرئەو دەم فەرمانداری بەرەی کوردستانی و بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی دەستیان لە شاری کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی ئەمڕۆی ماددەی ۱٤۰ی دەستوری ئێراقی هەڵبگرتایە ، شایەد لە ترسی فشاری ناودەوڵەتی ئەودەم دەوڵەتی ئێراقی نیمچە سەربەخۆییشی بدایە بەو بەشەی کوردستان کە ۸ مانگ دوای کۆڕەوەکە دیسان ڕزگار کرایەوە و بەگوێرەی بڕیاری ٦۸۸ی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان ،ئەو خۆبەڕێوبەریە نوێیە بوو بە بەردی بناغەی هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ.
کۆڕەوی ساڵی ۱۹۹۱ بوو بە هۆی بریاری٦۸۸ی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بۆ دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری ئێراق و بەبیانووی هاوردەکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ باشووری کوردستان بڕیاری لێدرا و ئەوەی ئەمڕۆش پێی دەڵێن “فەرمییەتی ناودەوڵەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان” هەر زادەی هەمان بریار و کۆڕەوە گەورەکەی گەلی کوردە لە باشووری کوردستان.
بەڵام پارتە باڵادەستەکانی باشوور هەرزوو دەستیان بەسەر پشکی شێری هاوکارییە ناودەوڵەتییەکان و یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گرت و کەرەستەکانی لۆجستی و بیناسازیشیان لە لای خۆیان ئەمبارکرد بۆ ئامادەکاری سەربازی دواهەمین و خوێناویترین گەڕی نوێی شەڕی ناوخۆ کە بوو بەهۆی کوژران و بێ سەروشوێنبووونی دەیان هەزار کەس کە تا ساڵی ۲۰۰۰ درێژەیان کێشا. ئەوە جگە لەوەی ئێران و بەتایبەتیش تورکیا زۆر چاوەڕێیان نەکرد لە بەکارهێنانی ڕاپەڕین و کۆڕەو و دەسکەوتەکان و پارتە باڵادەستەکان بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەلایەک بکەن بە چەکێکی کوشندە لە دژی خەباتی ڕزگاریخوازی پارچەکانی تری کوردستان و لەوەش مەترسیدارتر خودی قەوارەکەیان کردووە بە دەزگایەکی سەرکوتکار و تۆلەسێن لە دژی زۆرینەی ڕەهای گەلی کورد لە باشووری کوردستان و چەوساندنەوەیان لەپێناوی بەرژەوەندی کەمینەیەکی باڵادەست کە لە دە لە سەدی گەلی کورد لەو پارچەیە تێپەڕ ناکەن.