جوتیار ئاسۆس
لە ڕۆژی ۱ی نیسانی ۲۰۲٥ و هاوکاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی ئەکیتۆی کریستیانەکان لە پارێزگای دهۆک، کەسێکی هەڵگری بیروباوەڕی مەزهەبی ئیسلامی-توندڕەو کە گوایە سەر بە داعشە، بە چەقۆ هێرشی کردە سەر هاووڵاتییان و دوو کەسی بریندار کرد. گوایە هێزەکانی ئاسایشی دهۆک هێرشبەریان دەسبەجێ دەستگیر کردووە و وتراوە کە تاوانبار خەڵکی سوریایە.
یەکەم پرسیار کە بە مێشکی مرۆڤدا دێت چەکی دەستی ئەو تیرۆرستەیە! لەکاتێکدا لە بازاڕی ڕەشی خۆرهەڵاتی ناوڕاست و ئێراق بەتایبەتی، نزیکەی هەموو جۆرە چەکێکی سوک و مامناوەندیش بەردەست دەکەون، ئاخۆ ئەو هێرشبەرە بۆ تەنیا بە “چەقۆ” کەوتۆتە سەر شەقام؟! مرۆڤ لە خوێندنەوەی ئەو هەواڵە وادەزانێت ئەو هێرشە لە وڵاتانی وەک ئیسرائیل و ئەڵمانیا و سویسرا ئەنجامدراوە کە دەسخستنی چەک یەکجار زەحمەتە، بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی دەزگای ئاساییشی هەرێم دەسبەجێ هێرشبەرەکە لەدوای بریندارکردنی دووەم قوربانی دەسگیرکراوە، وەک ئەوەی ئاساییش تەنیا چەند هەنگاوێک لەجێی ڕوداوەکەوە دووربووبێت! کەوابوو بۆ ئەو هێرشبەرە کەمێ دوورتر نەکەوتۆتەوە بۆ هەڵبژاردنی گونجاوترین شوێن و دوور لە هێزە ئەمنییەکان؟
بە ئامانجگرتنی کریستیانەکان و لەهەمان کات پاراستنیان بۆ بازاڕیکردن و ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتانی خاوەن هەژمون لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست و هاوپەیمانی ناودەوڵەتی دژی داعش نەریتێکی سواو و دووبارەیە. بەتایبەتیش ئەگەر لەلایەن زۆنی دەسەڵاتی پارتی بێت، ئەوە مرۆڤ ساڵی ۲۰۱۷ی بەبیردێتەوە، وەک چۆن دوای ئەوەی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە ئەودەم خەڵاتێکی سادەی پێشکەش بە بریت ماکگۆرگ، نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست کرد، ڕاستەوخۆ هەفتەیەک دواتر بنەماڵەی بارزانیش وێنەیەکی زێرەڤانییان پێشکەش بە ناوبراو کرد کە چۆن ئاڵای داعش دادەگرێت.
پەستی و قەڵسبوونی دەسەڵاتی پارتی بەرامبەر بە هەماهەنگی هێزی هاوپەیمانان و هەسەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نوێ نیە و سەرەتای هەڵهاتنی ئەسەد و سەپاندنی “جولانی” وەک سەرۆکی کاتی سوریا ئەوان دووەم ڕۆژ باڵاترین شاندیان ناردە لای ناوبراو و هەتا دواچرکەش هاوکاری چەتەکانی سەربە تورکیا(SMO)یان کرد لە داگیرکردنی ناوەندی شاری منبەج و هێرشەکانیان بۆ سەر پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین. ئەوە جگە لەوەی هەولێر و ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان کرد بە ناوەندی کۆبوونەوەی چەتەکانی سەر بە تورکیا و پیلانگێڕی لە دژی شەڕڤانان و هیچ دەرفەتێکیان بەهەدەر نەدەدا کە لە کۆبوونەوەکاندا هەسەدە و پەیەدە و پەکەکە بخەنە یەک ڕستە و ئەو وتارەی ئەردۆگان و هاکان فیدان وەک پەپەگا دووبارەیان دەکردەوە، ئەمانیش دەیانوتەوە و تەنانەت لە کەناڵی خاوەنپێگەی میدیاییش وتیان کە گوایە هەسەدە و فەرماندارییەکەی نوێنەرایەتی هەموو گەلی کورد ناکات!
لەکاتێکدا پیلانگێڕیەکانی تورکیا بەرامبەر بە خۆسەری و شەڕڤانان نزیکی لەبارچوونی ڕەها بووەتەوە و ئەوانەی پارتی بە دۆست و هاوپەیمانیان دادەنان دەستیان بەخوێنی عەلەوی و کورد و کریستیانەکانی سوریا سووربووە، هەماهەنگی دەزگای دژەتیرۆری شەڕڤانان و هێزەکانی هاوپەیمانان و تەنانەت دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانیش گەیشتۆتە بەرزترین ئاست، بۆیە ئەمانیش بەهەڵەداوان ئاماژەیەکیان دایەوە بە هێزەکانی هاوپەیمانان و بیریان خستنەوە کە ئایین و ئاینزای کریستیانی لە ناوچەکانی بن دەسەڵاتی پارتی دەژین. سەرباری ئەوەی لە ڕابردوو پارتی نوێنەرایەتی کریستیانەکانی لە پەرلەمان و حکومەتدا بەناوی کۆتاوە و وەک کارتێکی بەهێز بەکارهێناوە بۆ باڵادەستی خۆی لە حکومەت، بەڵام ئەم کردەیە ئاماژەیەکە کە ئەگەر پێویست بکات کریستیانەکان دەخەنەوە بن ڕەحمەتی چەقۆی داعش بۆئەوەی خۆیان لە پەراوێزخستن دەرباز بکەن.